سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ده‌ بنه‌مای نووسین له‌ لایه‌ن ئیتگار كیریته‌وه‌پەڕە 3

ده‌ بنه‌مای نووسین له‌ لایه‌ن ئیتگار كیریته‌وه‌

ئیتگار كیریت نووسه‌ری ئیسرائیلی، كورته‌چیرۆكی وا ده‌نووسێت كه‌ هیچ شتێكمان فێرناكات جگه‌له‌وه‌ی پێمان ده‌ڵێت مرۆڤه‌كان ده‌توانن تا چ راده‌یه‌ك ئاڵۆزبن. ئیتگار كیریت ده‌ بنه‌مای هه‌یه‌ بۆ نووسین كه‌ هێنده‌ ئاسایی نین. ئه‌و بنه‌مایانه‌ش ئه‌مانه‌ن:

-1چێژ له‌ نووسین وه‌ربگره‌:
نووسه‌ران هه‌میشه‌ سكاڵا له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌وتی نووسین چه‌نده‌ قورس و ئازاربه‌خشه‌. راستت ده‌وێ ئه‌وان درۆ ده‌كه‌ن. به‌ تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ نووسه‌رێكی پڕۆفیشناڵ ببیستی كه‌ نانی له‌سه‌ر نووسینه‌ و له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌ی ده‌ژی. زۆربه‌ی نووسه‌ران حه‌زده‌كه‌ن دان به‌وه‌دابنێن له‌ رێگایه‌كه‌وه‌ پاره‌یان ده‌ستده‌كه‌وێ كه‌ به‌ڕاستی چێژی لێده‌بینن. نووسین وه‌كو ژیان وایه‌ له‌ دنیایه‌كی دیكه‌دا. دنیای ئه‌و مرۆڤه‌ بێشومارانه‌ی كه‌ تۆ نین، به‌ڵام رێك (خۆتن). هه‌ر كاتێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی له‌به‌رده‌متا داده‌نێی بۆ ئه‌وه‌ی بنووسیت (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووش نه‌بیت) ده‌بێ سوپاسگوزار بیت كه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ فه‌زای ژیانت فراوان بكه‌ی. نووسین كاتی خۆش به‌سه‌ربردنه‌، هه‌ژێنه‌ره‌، ئازادییه‌ له‌ هه‌موو كۆت و به‌ندێك. مه‌یه‌ڵه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ نووسینت بۆ پێناسه‌ بكه‌ن.
-2 كاره‌كته‌ره‌كانتت خۆش بوێت:
بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌رێك جێگای باوه‌ڕپێكردن بێت و واقیعی بێت، ده‌بێ به‌لای كه‌مه‌وه‌ یه‌ك كه‌س له‌ دنیادا هه‌بێت خۆشی بوێت و هه‌ستی پێبكات، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌و ئیشه‌ی له‌ چیرۆكه‌كه‌دا له‌ كاره‌كته‌ره‌كه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌ یان ئه‌و رووداوه‌ی به‌سه‌ری دێت، كه‌سانێك پێیان خۆشبێ یان نا. تۆ دایك و باوكی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی كه‌ ده‌یخوڵقێنی. ئه‌گه‌ر خۆت خۆشت نه‌وێت، دڵنیابه‌ كه‌س خۆشیناوێت.
-3 كاتێ ده‌نووسیت قه‌رزاری كه‌س نیت:
نووسین وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ په‌نجه‌ بكه‌ی به‌ لووتتا. كاتێ خه‌ڵكت له‌ ده‌وره‌ ئه‌وه‌ ره‌فتارێكی زۆر ئاسایی نایه‌ته‌ به‌رچاو. له‌ ژیانی واقیعیدا ئه‌گه‌ر ئاگات له‌ ره‌فتارت نه‌بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بكه‌ویته‌ به‌ندیخانه‌وه‌ یان له‌ نه‌خۆشخانه‌ خۆت ببینیته‌وه‌. به‌ڵام له‌ نووسیندا هه‌موو ره‌فتارێك ئاساییه‌. ئه‌گه‌ر له‌ چیرۆكه‌كه‌تدا كاره‌كته‌رێكت خۆش ده‌وێت، ده‌توانی ماچی بكه‌یت. ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌یه‌ك له‌ چیرۆكه‌كه‌تدا هه‌یه‌ و جوان نییه‌ و رقت لێیه‌تی، چه‌رخێك هه‌ڵگره‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی ژووری دانیشتنه‌كه‌دا ئاگری تێبه‌رده‌. ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌سه‌ر چیرۆك بێت، ده‌توانی به‌ ده‌ستنان به‌ كیبۆردی كۆمپیوته‌ره‌كه‌تدا هه‌ساره‌ی زه‌وی له‌ناوبه‌ریت و شارستانییه‌ته‌كان له‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكێشیت، دڵنیابه‌ رۆژی دوای ئه‌وه‌ پیره‌ژنه‌كه‌ی دراوسێتان به‌ ساغ و سه‌لامه‌تی ده‌تبینێت و چاك و چۆنیت له‌گه‌ڵ ده‌كات.
-4 هه‌میشه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی چیرۆكه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌:
ده‌ستپێك یان سه‌ره‌تای چیرۆك وه‌كو قه‌راغی ره‌ق و سووتاوی كێك وایه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ وێوه‌ ده‌ست به‌ خواردنی ده‌كه‌ی به‌ڵام راستت ده‌وێت تامی خودی كێكه‌كه‌ نادات.
5-هه‌وڵ بده‌ خۆشت كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ نه‌زانی:
ئاره‌زووی زانینی رازێك زۆر به‌قوه‌ته‌، به‌ڵام با جڵه‌وه‌كه‌یت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت. كاتێ چیرۆك ده‌نووسیت، با كۆنترۆڵی فه‌زا و كاره‌كته‌ره‌كانت به‌ده‌سته‌وه‌ بێت به‌ڵام رێگه‌ بده‌ رووداو و گرێكانی چیرۆكه‌كه‌ خۆشت غافڵگیر بكه‌ن.
-6 له‌ نووسیندا تازه‌گه‌ریی له‌ بیرمه‌كه‌:
رسته‌به‌ندی و نیشانه‌كانی خاڵبه‌ندیی و په‌ره‌گرافه‌كان هه‌موویان له‌ خزمه‌تی نووسینه‌كه‌ی تۆدان. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رسته‌یه‌ك هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی نووسراوه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ پیرۆزه‌ و ناتوانی به‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز بینووسیت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌دا كه‌ خوێندووتنه‌وه‌ رێسایه‌كی تایبه‌تی ره‌چاو كراوه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ تۆش ناچاریت له‌ چیرۆكه‌كه‌تدا ئه‌و رێسایه‌ ره‌چاو بكه‌یت.
-7 شێوازی نووسینی خۆتت هه‌بێت:
ئه‌گه‌ر هه‌وڵبده‌ی بۆ نموونه‌ وه‌كو نابۆكۆڤ بنووسیت، دڵنیابه‌ هیچ نه‌بێ كه‌سێك هه‌یه‌ كه‌ ناوی نابۆكۆڤه‌ و له‌ تۆ باشتر ده‌نووسێت. به‌ڵام كاتێ به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌نووسیت كه‌ شێوازی نووسینی خۆته‌، ئه‌وسا هیچ كه‌سێ ناتوانی وه‌كو تۆ بنووسێت.
-8 كاتێ ده‌نووسیت، هه‌وڵبده‌ به‌ ته‌نیا بیت:
هه‌رچه‌نده‌ نووسین له‌ كافیتریایه‌كدا رۆمانسی دێته‌ به‌رچاو، به‌ڵام كاتێ له‌ جێگایه‌كدا ده‌نووسیت كه‌ خه‌ڵكی لێیه‌، بته‌وێ یان نا، ناچاری حسابیان بۆ بكه‌یت. كاتێ به‌ ته‌نیایت ده‌توانیت له‌به‌رخۆته‌وه‌ قسه‌ بكه‌یت یان په‌نجه‌ بكه‌یت به‌لووتتا و گوێشی نه‌ده‌یتێ، نووسین وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ په‌نجه‌ بكه‌ی به‌ لووتتا كاتێ خه‌ڵكت له‌ ده‌وره‌، ئه‌و ره‌فتاره‌ ئاسایی نایه‌ته‌ به‌رچاو.
-9 لێگه‌ڕێ ئه‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان له‌ چیرۆكه‌كانته‌، هانت بده‌ن و:
گوێ به‌ كه‌سانی تر مه‌ده‌ با بۆ خۆیان بڵێن. ئه‌گه‌ر كه‌سێك حه‌زی له‌ چیرۆكه‌كه‌ت نه‌بوو، گوێی مه‌ده‌رێ، كێشه‌ نییه‌، ده‌توانێ بچێت چیرۆكی نووسه‌رێكی دیكه‌ بخوێنێته‌وه‌. دنیا پڕه‌ له‌ نووسه‌ر ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بگه‌ڕێت، بێگومان نووسه‌رێك ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێ بۆی بهێنێته‌دی.
-10 گوێ له‌ راوبۆچوونی كه‌سانی تر بگره‌، به‌ڵام مه‌جبور نیت گوێ له‌ كه‌سانی تر بگریت (جگه‌له‌ من، یانی خۆت)!:
نووسین تایبه‌تیترین قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ له‌ جیهاندا. هه‌ر وه‌كو چۆن كه‌س ناتوانێ ئه‌وه‌ت فێر بكات چۆن حه‌زت له‌ (چا)كه‌ت بێت، هیچ كه‌سێ ناتوانێ فێری ئه‌وه‌ت بكات چۆن بنووسیت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك رێنماییه‌كت ده‌كات لۆجیكی دێته‌ گوێت و به‌ هه‌ست ده‌زانی راسته‌، به‌ قسه‌ی بكه‌ و سوودی لێ وه‌ربگره‌. ئه‌گه‌ر كه‌سێك رێنماییه‌كی هه‌یه‌ لۆجیكی دێته‌ گوێت و هه‌ست ناكه‌ی راسته‌، یه‌ك چركه‌ش له‌ كاتی خۆتی پێوه‌ به‌فیڕۆ مه‌ده‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و رێنماییه‌ به‌ كه‌ڵكی كه‌سێكی دیكه‌ بێت. به‌ڵام به‌كه‌ڵكی تۆ نایه‌ت!

سه‌رچاوه‌: nebesht.com
له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*