سەرەکی » ئابووری » كێشەی بودجەی هەرێم چارەسەر دەكرێت

كێشەی بودجەی هەرێم چارەسەر دەكرێت

لەكۆبوونەوە هاوبەشەكەی نێوان هەردوو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی عیراق لەسەر بودجەی 2019، بڕیاردرا سەرلەنوێ پڕۆژەیاسای بودجە دابڕێژرێتەوەو داخوازییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا رەچاو بكرێت، وەزیری دارایی عیراقیش رایدەگەیەنێت: لەگەڵ هەرێم دەگەنە چارەسەر.
لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەگەڵ وەفدێكی حكومەت كە پێكهاتبوون لە (د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی و بریكارەكانی هەریەك لە وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان و تەندروستی و ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرانی گشتی) كۆبونەوە، بۆ تاوتوێكردنی دەستكاریكردنی بودجەی 2019ی عیراق.
شیروان میرزا قادر، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاندوە: لەكۆبوونەوەكەدا هەموو ئەو تێبینییانەی پەرلەمانتاران و نوێنەرانی كورد لەسەر بودجە هەیانبووە، پێشكەشی لیژنە حكومییەكە كراو داواشكرا بودجەكە بگوڕدرێت.
وتیشی: «وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەكرد كە لەگەڵ هەرێم لەگفتوگۆدان بۆئەوەی بگەنە چارەسەر».
راشیگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەموو تێبینییەكان بەهەند وەربگیرێن و بەشی زۆریان لەبودجەدا جێگەی بكرێتەوە، لیژنە حكومییەكەش لەلایەن خۆیانەوە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیان زیادكردووە، كە پشكی ئەو زیادكردنە بەر هەرێمی كوردستانیش دەكەوێت.
هەروەها بڕیاری ئەوەش درا كە ئەو تێبینیانە ببرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بۆئەوەی بودجەكە بە داڕشتنەوەیەكی نوێ دابڕێژرێتەوەو پاشان رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی راگەیاند: بڕیاردرا رۆژی دووشەممەی داهاتوو، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنە حكومییەكە كۆبوونەوەیەكی دیكە بكەن.

print

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*