علوج!

ئەو زاراوەیە سەرەتا لە دەمی محەمەد سەعید سەحافی وەزیری ڕاگەیاندنی رژیمی سەدام و لەکاتی هێرشی هاوپەیمانان ساڵی 2003 لای کورد ناسرا.
دواتریش کورد لە زۆر کات و بۆ شتی تر بەکاری هێناوە; لێرە( بەریتانیا) کورد بۆ ڕۆمانی و بولغاری و چیک و هەنگاری بەکاری دێنن، گوایا خۆمان بەلاوە ئەوروپی ترە و ئەوانیش علوج!
لە کوردستانیش، بە سیمکارتی بێ دایک و باوک ئەڵێن:
سیمکارتی علوج!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش، بۆ ئەو پەیج و ئەکاونتانە بەکاردێ کە بە ناو و وێنەی خوازراو ڕۆژانە خەریکی جنێوبەخشینەوەن و گاز لە پێڵاوی خەڵک ئەگرن.
تێبینیم کردووە، 95% ی ئەوانەی جنێوئەدەن لەو علوجانەن، کە ئەچینە ناو پرۆفایلەکانیشیان وێنەی سەرکردەی حزب یا بزووتنەوەکەی داناوە یا ئەوەندەی وێنە و هۆنراوە و وتەیی ناسک و ڕۆمانسی داناوە ئەڵێی ئەوە هەر دەبێ گوڵ لەدەمی ببارێ!
خۆم جارجارە کە قافی کۆمێنتێک دێ، لەژێر پەیجەکان ئەنووسم، ئنجا لەوێ ماهیەتی ئەو خەڵکە بازاڕیە کاڵفامەم بۆ دەرئەکەوێ، ئەزانم لەلایەن حزب یا بزووتنەوەکەی و ماڵەوەشی چەند جڵەوی جنێوبەخشینەوەی بۆ شلکراوە و چەند هەژارە لە ئەتەکێتی گفتوگۆ و دواندن.
ئەوکاتە ئەزانم کە بۆ ئەوانە زۆر زووبوو بە جیهانی تەکنەلۆجیا ئاشنابن و بەئاسانی بتوانن بچنە ناو جیهانێکی وا فراوان کە سنووری بێڕێزیکردنی بۆ نیە!
ئەوکاتە درک بەوە ئەکەم کە; مرۆڤ بە پەروەردە جوانەکەی ماڵەوە و ڕەوشتی جوانی خۆیەوە بەرێ ئەچێ و ڕێزی خۆی و بەرانبەری ئەگرێ، نە تەکنەلۆجیا و نە خوێندن و نە پارە و سەرمایە و بڕوانامە بەرەو باشی نایگۆڕن، ئەگەر خۆی بنەمایەکی مەعریفی و ئەخلاقی پتەوی نەبێ!
ئەزانم ئەو کەسە چەندە پێویستی بە پەروەردە و پێگەیاندنە چونکە لە ماڵەوە هەر بە شەق و جنێو گەورەکراوە!
ئنجا من چی لەو هەموو خەڵکە بازاڕیە بکەم کە رۆژانە هەر خەریکی جنێودانن، هەرچەندە باشتریش خۆیان ئەناسێنن و راستی خۆیان و حزب یا بزووتنەوەکەشیان دەرئەخەن و تا ڕاددەیەکی زۆریش ئەبنە هۆی تەکاندنەوەی خەڵک لە حزب و بزووتنەوەکانیان!
دەی پیرۆزیان بێ ئەو زمانە زبرە و ڕەوشتە بێزراوەیان، تا وا بمێنن وەک مار و پەیژە هەر سەربەرەخوار شۆڕئەبنەوە!

 287 جار بینراوە