سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » بە چاوەکانی خۆم سەرسامم!!پەڕە 2

بە چاوەکانی خۆم سەرسامم!!

کاتی خۆی ڕاگەیاندنی بەعس بە درۆ و چەواشەکردن دەسەڵاتیان ڕاگرتبوو. زۆربەمان کابرای علوجمان لەبیرە تا دوا ساتی کەوتنی بەغداش هەر خەریکی بەنجکردنی جەماوەرەکەیان بوو.
لە شەڕی عێراق – ئێران هەر کاتێک عێراق لە شکست بوایە ئێمە بە سروودە حەماسیەکان ئەمانزانی.
ئاخر ئەوەیە سیاسەت و نەهجی ئیشکردنی هەموو دەسەڵاتێکی فاشی و دکتاتۆر, سەرقاڵکردن و سڕکردنی میللەت بە مەسەلە لاوەکیەکان.
لە کوردستانی خۆشمان, ئەیانەوێ قەیرانی ئارامیی و ئاو و کارەبا و مووچەش بە کۆمەڵێک کەناڵی کرچ و کاڵ لەبیر خەڵک ببەنەوە.
بەلاڕێدابردنی توێژی خوێندكار و گەنجی خوێنگەرم کە هەمیشە مەترسی هەڵسانەوە و راپەڕینیان لێ ئەکرێ, لە رێگای چەند بەرنامەیەکی بەناو (تەرفیهی جرت و چەقەنەی بێ هیچ بنەمایەکی ڕۆشنبیری) بۆتە ئامانجی هەندێک کەناڵ.
لە چەند رۆژی ڕابردوو پۆستێکم لەژێر ناوی
(حەزم لە پیاوی تورکە) بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەندێک کچی زانکۆ, لە ڕاپرسیەک زۆربەیان حەزیان بۆ پیاوی تورک دەرئەبڕن.
دوای ئەو بەرنامەیە, ڤیدیۆیەکی تری زۆر ئاستنزمتر کەوتە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان, هەمان پێشکەشکار, ئەوجارە لە کچان و کوڕان ئەپرسێ:
حەزت لە چ بەشێکی جەستەی خۆتە؟
ئەوەی ئەڵێ چاو, باڵا, قژ, ئەبرۆ….هتد.
خۆ من باش ئەزانم و قەناعەتیشم وایە هەرکەسێک خۆی خۆشنەوێ با چاوەڕێش نەبێ کەسێکی تر ئەوی خۆشبوێ, بەڵام با خۆشەویستی خود نەبێتە خودپەرستی و عاشقبوون بە خۆی و بەرەو نەرجسیەتی ببا, بەڕاددەیەک مرۆڤ ئاگای لەهیچی خۆی نەمێنێ جگە لە خۆڕازاندنەوە و خۆخستنەبەرچاو. بەداخەوە خەریکە بایەخی نەوەی ئێستا بەتایبەتی کچ بەخۆیان و رازاندنەوەی خۆیان وە بەتایبەتیش لە ناوەندەکانی خوێندن کار لە بایەخدان بە خوێندن و خوێندنەوە و خۆتێگەیاندن ئەکا, بەشێوەیەکی گشتی باس ئەکەم, ئەگینا کەم کەمەش هەیە هەوڵی خۆپێگەیاندنی هەر هەیە لە هەموو ڕووێکەوە..
لەو رۆژانە لەگەڵ مامۆستایەکی بەڕێزی زانکۆیەک گفتوگۆمان ئەکرد, گوتی:
لەو ناوەندەی ئێمە, مامۆستای ژنمان لەگەڵە لە زانکۆ باس و خواسی سەرەکیان هەر جل و بەرگ و مۆدێلاتە.
تێبینی کراوە کە بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ناوەندە باڵاکانی خوێندن یا شوێنی دەسەڵات و بڕیاریشن نەگەیشتوونەتە ئاستێکی رۆشنبیری وا بەرز بتوانن لە ئاست ئەو پۆست و پلە و پایەیەبن تا بتوانن لە هەست و ئازار و ئاستەنگی جەماوەر تێبگەن و بە دەنگیانەوە بێن.
نەوەیەک وا ڕابێ هەموو بایەخی بە روخسارێکی بەرچاو یا دەرخستنی توانای ماددی بێ لەبەردەم هاوڕێ و هاوپۆلەکانی دەبێ چاوەڕوانی چی لێبکرێ؟!!!
خوێندکار رۆژانە چاوەڕێبێ تا کابرای پێشکەشکار بە کەشکۆڵێ پرسیاری تازەوە بچێتەوە ناو زانکۆ و بپرسێ:
(حەزت لەکوێی جەستەی خۆتە) چۆن ئاگای لە مامۆستا و تاقیکردنەوە و چوونە کتێبخانە ئەبێ؟!!!

 395 جار بینراوە