گابرێلای مەزن!

ساڵی 2002 دوو کۆرسی زمانی سویدیم تەواوکرد و ویستم زیاتر بخوێنم، سۆشیالەکەم گوتی:
بۆت نیە زیاتر بەخۆڕایی بخوێنی چونکە مافی پەنابەریت پێ نەدراوە هێشتا، ئەوە لەجیاتی ئەوەی هان و یارمەتی خەڵک بدەن ئەو زمانە سەیر و لنگاوقووچەی خۆیان فێری خەڵک بکەن و پارەشی لەسەربدەن وەک لە بەریتانیا هەیە، ئەبوا پارەش بدەین تا سویدی فێربین، بۆیە بەناچاری چوومە قوتابخانەیەکی تری تایبەت و پارەشم ئەدا تا فێری زمان ببم.
ژنێکی بولغاری تەمەن 89 ساڵی دەرسی پێ ئەگوتینەوە، سەرەتا کە بینیم ڕۆژێک بەتەواوی لە تەمەن و جوڵە و هێز و خواستی ئەو ژنە لە وانەوتنەوەی وردبوومەوە:
چی ناچاری کردووە هاتووە وانە بڵێتەوە، خۆ ئەوە بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بێ، 24 ساڵە خانەنشین کراوە، ئەگەر مەسەلە توانا و لێهاتوویش بێ، خۆ ئێمە خوێندکاری زانکۆنین، تازە لێرە هێی و های و هێیدۆ فێرئەبین، مامۆستای تریش ئەتوانێ فێرمان بکا؟!
لە دڵم بووە گرێ، تا ڕۆژێک لە ژووری نانخواردن بووین و هاتە بەرانبەرمان، جانتایەکی بچووکی دەرهێنا، سێوێک و مۆزێک و پارچەیەک بسکیت و شەربەتیش، ئەوە نانی نیوەڕۆی بوو، تەماشای خۆم و لەیلای برادەرممکرد، یەکە و قاپێ برنج و قورمەسەبزی ئەو ریستورانتە بچکۆڵەیەی قوتابخانەکەمان لەپێش بوو، چێشتلێنەر فارس بوون.
هەر تەماشای مامۆستام کرد، نانی خوارد و هاتە تەنیشتم، ویستی دەرگای قسە بکاتەوە، گوتی:
ئەوە چی ئەخۆی؟
ئنجا وەرە (قورمەسەبزی) بۆ تەرجەمەی سویدی بکە!!!
دوایی گوتی:
هەرچەندە تا ئێستاش ناوی تۆم بۆ لەبەرنەکراوە بەڵام هەستەکەم پرسیارێکت هەیە، بپرسە و ئاساییە، دوودڵ بووم، بپرسم لەوانەیە هەستی برینداربێ، نەپرسم ڕۆژانە ئەوەم دێتەوە بیر، دووبارەی کردەوە: (بپرسە و ئاساییە)، منیش بەو شڕە سویدیەی لە کۆرسەکانی تر فێربووبووم پرسیم:
وانەگوتنەوەت پێخۆشترە لە دانیشتنی ماڵ؟!
گوتی:
(پرسیارەکەت زۆر عاقڵانەکرد، مەبەستت ئەوەیە من بەو تەمەنەوە و دوای خانەنشینیم بۆ هەر وانە ئەڵێمەوە، بەڵام نەتویست وابڵێی)؟!
هەر بەڕاستیش ویستم لە شێوازی پرسیارەکە وریابم و برینداری نەکەم، وەڵامی ئەویش:
(ئەزانی چی، خەڵکی لەمن زیرەکتر و بەتواناتریش هەن بەڵام ئەو توانا و ئەزموونەی منیش بۆ لە چوارچێوەی دیواری ماڵ بخنکێ)؟!!!
ئەوە بیرکردنەوی گابرێلای مەزن بوو، ئێمەش کە دێینە هەندەران تا بکرێ خۆمان گەورە ئەنووسین بۆ ئەوەی زوو خانەنشین بکرێین و لە تەمبەڵی کاوێژبکەین و بخەوین!
لە کوردستانیش واستە ئەکەین زوو خانەنشین بکرێین و بێ ئیش دانیشین، نە خۆمان و نە کەسیش سوود لە ئەزموون و بڕوانامە و زانستمان ببینێ.

print

 31 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*