سەرەکی » هەواڵ » باڵیۆزی ئـەمریکا لە وتاری ماڵئاواییدا: عیراق پێویستی بەوەیە سەدان هاوڕێی هەبێت

باڵیۆزی ئـەمریکا لە وتاری ماڵئاواییدا: عیراق پێویستی بەوەیە سەدان هاوڕێی هەبێت

دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق، لەوتاری ماڵئاواییدا تەئكیددەكاتەوە كە عیراق پشتیوانیی ئەمریكاو چەندان وڵاتی دیكەی هەیە. هەروەك كۆمەڵێك تێبینی‌و سەرنجی خۆی لەسەر بارودۆخی عیراق خستۆتەڕوو. ئەمە دەقی وتاری ماڵئاواییەكەیەتی:
خزمەتکردنم وەک باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق لە ماوەی دووساڵ و نیوی ڕابردوودا لە پێناو بەھێزکردنی پەیوەندیە ئابوری و ئاسایشی و فەرھەنگیەکانی نێوان ھەردوو گەل جێگەی شانازیم بووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێگە دیپلۆماسیەکانمان لە ھەریەک لە بەغداد و ھەولێر بە توندی پشتیوانی یەکگرتوویی و سەروەری و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی عیراق و ھەروەھا ھەرێمێکی کوردستانی سەقامگیرو سەرکەوتو وەک بەشێک لە دەوڵەتی عیراق دەکەن. لەکاتێکدا من عیراق جێدەھێڵم، بیرەوەری خۆش لە زۆربەی ئەو بەشانەی عیراقەوە لەگەڵ خۆمد ا دەبەم کە سەردانم کردوون.
ھەموو شوێنێک کە خۆم و ھاوسەرەکەم کاسرین سەردانمان کردبێت، سەرم سوڕماوە بە ھەچەشنەیی وڵاتەکە و گەرموگوڕیی و سەخاوەتی خەڵکەکەی. پیاسەمان بەناو باخە خورماکانی بەسرەدا کرد و بە جێپێیەکانی ئیبراھیم دا ھەنگاومان ھەڵگرت لە ناو جێماوەکانی ئور لە ناسریە. ژیانەوەی زۆنگاوە جوانەکانی باشوری عیراقمان بینی لە شیابیش و لەسەر پێی شێرەکەی بابیلۆن وەستاین. سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری فەلوجەم کرد، کە بە کۆمەکی ئەمریکا نۆژەنکراوەتەوە، ھەروەھا قسەم لەگەڵ پاڵەوانانی ئازای دژە تیرۆر کرد لەسەنتەری چارەسەری پاڵەوانانی بریندار لە بەغداد. تامی کەبابم کرد لە ناو بازاڕی ھەولێر و وتارم لە زانکۆی ئەمەریکی لە عیراق-سلێمانی پێشکەش کردو سەردانی مەزاری پەیامبەر ناحومم کرد لە ئەلقۆش. شانازی بەو ئەزموون و ھاوڕێیەتیەوە دەکەم کە بەرھەمی ناسینی ئەو وڵاتە گەورەو قەشەنگەیە.
لە ماوەی دووساڵ و نیوی ڕابردوودا، عیراق بەرەوپێشچونی بەخۆیەوە بینیوە، ھەرچەندە ھەندێک جار زەحمەتە ئەو بەرەو پێشچونە لە چاوی سیاسەتەوە ببینیت.
کاتێک وەک باڵێۆز لە عیراق دەستبەکار بووم لە کۆتایی ھاوینی 2016، داعش ھەڕەشەیەکی بەرجەستەکراو بوو بۆ عیراق و ناوچەکە و ھەروەھا ھێزە ئەمنیەکانی عیراق نزیک بوون لەدەستپێکردنی ھەوڵە پاڵەوانیەکانیان بۆ ئازادکردنی موسڵ. دوای چەندین شەڕی قورس و لەدەستدانی چەندین عیراقی ئازا، ھێزە عیراقیەکان بە ھاوشانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڕابەرایەتی ئەمریکا موسڵیان ئازادکردو داعشیان وەدەرنا. بەڵام شەڕەکە کۆتایی نەھاتووە.
لەسەر داوای حکومەتی عیراقی و بە ھەماھەنگی تەواو لەگەڵ بەغداد، زیاتر لە پێنچ ھەزار کەس لەھێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن لە ھاوشانیکردن لەگەڵ ھێزە ئەمنیەکانی عیراقدا و لە بنکەکانیاندا بۆ ڕاوێژ و ڕاھێنان و دابینکردنی پێویستی بۆیان بۆ دڵنیابوون لە تێکشکانی دوایی داعش و بۆ پاراستنی سنورەکانی عیراق. ھاوپەیمانان کە نوێنەرایەتی 74 ووڵات و پێنج ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکەن ڕاھێنانیان بە زیاتر لە 190.000 پۆلیس و سەربازی عیراقی کردووە.
لە کاتێکدا داعش پاشەکشەی پێکرا، ئاسایشی بەغداد و ناوچەکانی تری عیراق بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی. لەڕێگەی ھەوڵەکانی حکومەتی عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ھاوشانە نێودەوڵەتیەکانی ترەوە زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارەی عیراقی گەڕاونەتەوە سەرماڵەکانیان بە سەلامەتی و شکۆوە. ئەو کەمینە نەژادی و ئاینیانەی کە داعش بە جینۆسایدکردن پەلاماری دان، دەستیان بە ھەڵسانەوە کردووە.
پەیوەندیە ئابوریەکانمان گەشە دەکەن و ئێمە لێبڕاوانە کاردەکەین بۆ ھاندانی بازرگانی و وەبەرھێنان لە نێوان عیراق و ئەمریکا. مانگی ڕابردوو باڵیۆزخانە ھاوکاری لەگەڵ حکومەتی عیراق و ژووری بازرگانی ئەمەریکیدا کرد بۆ ھێنانی پەنجا کۆمپانیای ئەمەریکی بۆ عیراق بۆ دەرگاکردنەوە بۆ کاری ھاوبەشی بازرگانی و وەبەرھێنان.
لە ھەموو ئەو پێشکەوتنانەدا، دەرفەتی بێسنور لەبەردەم ھەنگاونانی عیراقدا دەبینم. عیراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەسەرچاوەی نەوت و گاز و ئاو و زەوی کشتوکاڵی. عیراق خاوەنی دانیشتوانێکی زیرەک و خوێندەوار و کارکەری ماندوونەناسە. عیراق پشتیوانی ئەمریکا و چەندان وڵاتی تری ھەیە کە دەیانەوێ عیراق ببینن گەشە بکات بەرەو وڵاتێکی سەرەوەرو سەربەخۆو دیموکراسی و پێشکەوتووی ڕاستەقینە.
بەڵام عیراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە. لە ساڵی 2025 ەوە ساڵانە یەک ملیۆن گەنجی عیراقی دێنە ناو بازاڕی کارەوە بەڵام حکومەت چیتر لەتوانایدا نابێت ھەلی کار دابین بکات بۆ ئەوانەی پێویستیان بەکارە. باڵە سەربازیەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت چەندین ناوچەی وڵاتیان لەژێر دەستدایە کە بووەتە ھۆی ترس و ساردکردنەوەی زۆرێک لەئاوارەکان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. داعش ئێستاش بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی ترس لەناو عیراقیەکان لە ڕێی پەلاماری تیرۆرستیەوە. بیرۆکراسی ماندوکەرو گەندەڵی و نادڵنیایی بازرگانان و خاوەنکارانی عیراق خاو دەکاتەوە وڕێگرە لەبەردەمیان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و دروستکردنی ھەلی کاری تازە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و من خۆشم ھیوای سەرکەوتن بۆ عیراق دەخوازین و بە تەوازوعەوە بۆچونی خۆم دەخەمە ڕوو کە چۆن عیراق دەتوانێت بە باشترین شێوە سەرکەوتو دەبێت.
یەکەم: عیراق پێویستە سەروەری خۆی بپارێزێت لە ڕێی دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی و بنیاتنانی ئەو ھێزە ئەمنیەی کە تەنھا وەڵامدەرەوەی حکومەت دەبێت.
دووەم: عیراق پێویستە ئابووریەکەی لە گەندەڵی و بەربەستە بیرۆکراسیەکان ڕزگاربکات کە ڕێ لە خەڵکی بازرگان و خاوەنکاری عیراق دەگرن لە پەرەپێدانی کارەکانیان و دروستکردنی کاری تازە.
سێیەم: عیراق پێویستە کراوە بمێنێتەوە بەڕووی جیھانداو و کاریگەری خۆی لەسەرانسەری جیهاندا فراوانتر بکات.
ھەندێک دەیانەوێت عیراق تەنها یەک ھاوڕێی ھەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت عیراق سەدان ھاوڕێی ھەبێت و ئەو بۆچوون و نمونانە لەھەریەکێکیان وەربگرێت کە زۆرترین سودی بۆ ئاسایش و کۆمەڵگاو ئابوری عیراق ھەیە.
لەماوەی داھاتوو، عیراقیەکان ھەڵبژاردەی گەورەیان لە بەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی ھەڵیبژێرن. ھیوادارم ھەموو جارێک بڕیاری ئەوە بددەن کە عیراق ھەڵبژێرن.

دۆگلاس سیلیمان

print

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*