سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ئاتیلا دواهه‌مین عاشق، داستانی عه‌شق و شۆڕشپەڕە 2

ئاتیلا دواهه‌مین عاشق، داستانی عه‌شق و شۆڕش

محه‌مه‌د كه‌ریم
1-2

ئاتیلا دواهه‌مین عاشق، یه‌كه‌م رۆمانی نووسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی دێرێن سه‌ردار عه‌بدوڵڵایه‌، له‌ دووتوێی (486) لاپه‌ڕه‌ی (24X14.5)دا له‌ ده‌زگای بڵاوكه‌ره‌وه‌ی (نوفل) ئه‌مساڵ (2019) به‌ زمانی عه‌ره‌بی چاپكراوه‌. دوای خوێندنه‌وه‌ی حه‌زم كرد له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌ بكه‌م، كه‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی بڵاوكراوه‌ی نووسه‌ره‌ وه‌كو رۆمان.

*بۆچی به‌ زمانی عه‌ره‌بی؟
ده‌شێ كه‌سانێك هه‌بن به‌ر له‌ هه‌موو شتێك بپرسن بۆچی سه‌ردار عه‌بدوڵڵا یه‌كه‌م رۆمانی خۆی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه‌؟ بێگومان نووسه‌ر هۆكاری خۆی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆچی رۆمانه‌كه‌ی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه‌، به‌ڵام به‌نده‌ له‌ روانگه‌ی خۆمه‌وه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌سه‌ند ده‌كه‌م و قسه‌شی له‌سه‌ر ده‌كه‌م. پێش هه‌موو شتێك ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م كه‌ داستانی عه‌شق و شۆڕشی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه‌، دیاره‌ كتێبخانه‌ی عه‌ره‌بی له‌ بواری ئه‌ده‌بدا به‌گشتیی و له‌ بواری رۆماندا به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌نده‌ ده‌وڵه‌ند و فراوانه‌، پێویستی به‌ نووسه‌ری كورد نییه‌ رۆمانی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بۆ بنووسێت، به‌ڵام كورد پێویستی به‌ زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داستانی خه‌بات و قاره‌مانێتی خۆی و كێشه‌ی ره‌وای نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌ عه‌ره‌ب بگه‌یه‌نێت، چونكه‌ هه‌تا ئێستاش جگه‌له‌ نوخبه‌یه‌كی عه‌ره‌ب كه‌ ره‌نگه‌ ژماره‌شیان زۆر نه‌بێت، جه‌ماوه‌ری عه‌ره‌ب یان خه‌ڵكی عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌لانه‌ ئاگایان له‌ هیچ نییه‌ و ته‌قه‌ی سه‌ریان دێت. بێگومان یه‌كێك له‌ رێگا كاریگه‌ره‌كانی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌لانی دراوسێی و گه‌لانی دنیا رێگای په‌یوه‌ندی كه‌لتوورییه‌ و له‌ناو بواری كه‌لتووریشدا ئه‌ده‌ب به‌گشتی و رۆمان به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌موویان كاریگه‌رترن، چونكه‌ رۆمان له‌ دنیادا له‌ هه‌موو كتێبه‌كانی دیكه‌ خوێنه‌ری زیاتره‌ و جۆره‌ سیحرێكی كێشكردنی تێدایه‌ كه‌ خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا راده‌كێشێت، رۆماننووسانیش ئه‌مڕۆ جۆره‌ها شێوازی هونه‌ری به‌كارده‌هێنن بۆ راكێشانی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شه‌وق و زه‌وقه‌وه‌ رۆمانه‌كه‌یان بخوێنێته‌وه‌.
دیاره‌ كورد له‌و شێوازانه‌دا كه‌ پێشان بەکاری هێناون بۆ ناساندنی داستانی قاره‌مانێتی خۆی و گه‌یاندنی په‌یامی ره‌وایه‌تی مه‌سه‌له‌كه‌ی به‌ گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و دنیا شكستی هێناوه‌ و هه‌وڵه‌كانی كه‌ له‌ رێگه‌ی سیاسییه‌كان و حزبه‌ سیاسییه‌كان و دیپلۆماسییه‌تی حزبییه‌وه‌ بوون شتێكی ئه‌وتۆیان لێ شین نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی پاره‌ به‌ هه‌ده‌ردان بوون نیو ئه‌وه‌نده‌ بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ نه‌بوون‌، ره‌نگه‌ ئه‌نفال باشترین نموونه‌ بێت كه‌ له‌ چاو ده‌نگدانه‌وه‌ی هۆڵۆكۆستدا لای گه‌لانی دنیا ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ نووزه‌یه‌ك زیاتر نییه‌. ئه‌وه‌ی سه‌رنجیش ده‌درێت كه‌متر رێگای كه‌لتووریی و ئه‌ده‌بی تاقیكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌نگاوێكی زۆر پیرۆزه‌ كه‌ ئیتر رێگای كه‌لتووریی بكرێت به‌ شێوازی سه‌ره‌كی و كورد له‌ رێگه‌ی ئه‌ده‌ب و سینه‌ماوه‌ په‌یامی خۆی به‌و گه‌لانه‌ی له‌گه‌ڵیان ده‌ژی و گه‌لانی دنیاش بگه‌یه‌نێت.
كه‌واته‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ هه‌م كارێكی پیرۆزه‌ و هه‌م رێگایه‌كی كاریگه‌ریشه‌ ئه‌گه‌ر نووسه‌رانی كورد به‌و زمانه‌ی به‌باشی ده‌یزانن بتوانن رۆمان بنووسن و داستانی قارەمانێتی و رەوایی مەسەلەی كوردیان پێبگه‌یه‌نن وه‌كو سه‌ردار عه‌بدوڵڵا كردوێتی. دیاره‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌وه‌ كاریگه‌رتره‌ كه‌ رۆمانه‌كه‌ به‌ كوردی بنووسرێت و دوایی ته‌رجه‌مه‌ بكرێت، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ بواری وه‌ڕگێراندا له‌ سه‌ره‌تاداین، حاڵی وه‌رگێڕانیشمان باش نییه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رۆمانێك به‌ كوردی بنووسرێت و دوایی ته‌رجه‌مه‌ بكرێت بۆ عه‌ره‌بی یان فارسی یان توركی هیچ ئه‌و تام و بۆیه‌ی نابێت كه‌ راسته‌وخۆ به‌و زمانانه‌ بنووسرێت.

*سه‌ردار عه‌بدوڵڵا رۆمانی نووسیوه‌؟
كاتێ هه‌ندێك له‌ هاوڕێكانم كه‌ پێش به‌نده‌ ئاگایان له‌ هه‌واڵی چاپكردنی ئه‌م رۆمانه‌ بوو، باسی ئه‌وه‌یان كرد، سه‌ردار عه‌بدوڵڵا رۆمانی نووسیوه‌، خۆم یه‌كه‌م كه‌س بووم كه‌ سه‌رسام بووم به‌و بابه‌ته‌ و ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌م كرد، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ر خۆم وه‌ڵامی خۆمم دایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند باشی كردووه‌ و رۆمانی نووسیوه‌ و هیچ نه‌بێت وه‌كو هه‌ندێ له‌ به‌رپرس و پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی تر نه‌كه‌وتۆته‌ نووسیوه‌نه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی و كۆمیدیای خۆ به‌ پاڵه‌وانكردن و خۆ هه‌ڵكێشان كه‌ زۆریان كۆمیدیایه‌كیان نووسیوه‌ مایه‌ی به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌یه‌ نه‌ك پێكه‌نین. دیاره‌ كاتێ تێكۆشه‌رێكی دێرینی وه‌كو سه‌ردار عه‌بدوڵڵا له‌ جیاتی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی رۆمان ده‌نووسێت، پێش هه‌موو شتێك (مه‌یلی خۆ به‌ پاڵه‌وانكردن) له‌ خۆیدا ده‌كوژێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رۆمانه‌كه‌یدا خۆشی بكات به‌ رۆسته‌می زاڵ، له‌ لای خوێنه‌رانی زیره‌ك و شاره‌زایانی بواری ئه‌ده‌ب هه‌ر حسابی كاره‌كته‌رێكی ناو رۆمانه‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. له‌وه‌ش جوانتر كاتێ ده‌یه‌وێت داستانی عه‌شقی شه‌هیدان ئاتیلا و فاتمه‌ یان فاتیلا بنووسێته‌وه‌ و له‌سه‌ر كاغه‌ز زیندوویان بكاته‌وه‌ و بۆ هه‌میشه‌ میدالی نه‌مرییان بكاته‌ مل، ئیتر مرۆڤ ناتوانێ ستایشی هه‌ڵویسته‌كه‌ی و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی نه‌كات. ده‌شێ كه‌سانی تریش هه‌بن و هه‌مان پرسیاری به‌نده‌ بكه‌ن، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌بوو سه‌ردار عه‌بدوڵڵا رۆمان بنووسێت؟
پاش خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی ئاتیلا دواهه‌مین عاشق به‌ دڵنیاییه‌كی زیاتره‌وه‌ به‌ پۆزه‌تیڤ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم سه‌ردار عه‌بدوڵڵا باشترین كاری كردووه‌ كه‌ رۆمانی نووسیوه‌ و له‌وه‌ش باشتر ئه‌م رۆمانه‌ نایابه‌ی نووسیوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ ویژدانه‌وه‌ و دوور له‌ سۆزی هاوڕێیه‌تی قسه‌ بكه‌م، ده‌ڵێم سه‌ردار عه‌بدوڵڵا هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدایه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ رۆماننووسێكدا هه‌بێت. یه‌كه‌م: پیاوێكی خوێنده‌واره‌ و به‌نده‌ له‌ ساڵی (1988)ه‌وه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ ده‌یناسم، هه‌میشه‌ كتێبی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ و سۆراخی كتێبی نوێی كردووه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی لێك نزیك ببینه‌وه‌ و ببینه‌ هاوڕێ. بێگومان مه‌رجی یه‌كه‌می رۆماننووس رۆشنبیرییه‌، ئه‌گه‌ر رۆماننووس رۆشنبیر نه‌بێت مه‌حاڵه‌ بتوانێت رۆمانێكی سه‌ركه‌توو بنووسێت. دووه‌م: ئه‌زموونێكی زۆریی هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و رێكخستن و كاری په‌رله‌مانیی و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و بینه‌ری زۆربه‌ی رووداو و كاره‌ساته‌كان بووه‌ و ته‌مه‌نیشی بۆ رۆماننووسین گونجاوه‌، هه‌ندێ له‌ رۆماننووسان رایان وایه‌ مرۆڤ كاتێ ده‌ست به‌نووسینی رۆمان ده‌كات ده‌بێت ته‌مه‌نی له‌ چل ساڵ كه‌متر نه‌بێت، دیاره‌ مه‌به‌ست له‌م مه‌رجه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆماننووس ده‌بێت ئه‌زموونێكی باشی هه‌بێت یان وه‌كو كورده‌واریی ده‌ڵێت: ده‌بێت دنیا دیده‌ بێت، سه‌ردار عه‌بدوڵڵاش ته‌مه‌نی له‌ چل ساڵیش زیاتره‌ نه‌ك كه‌متر. سێیه‌م: رۆماننووس ده‌بێت زمانزانێكی باش بێت، ئه‌گه‌ر رۆماننووس زمانی كۆڵه‌وار بێت بێگومان رۆمانێكی كۆڵه‌وار ده‌نووسێت و ده‌قه‌كه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی نوكته‌ و پێكه‌نین، چونكه‌ رسته‌ و ده‌سته‌واژه‌ی وا ده‌نووسێت كه‌ له‌ قوتووی هیچ عه‌تارێكدا نییه‌. سه‌ردار عه‌بدوڵڵا جگه‌له‌وه‌ی عه‌ره‌بییه‌كی باش ده‌زانێت كوردییه‌كی باشیش ده‌زانێت و فارسیش ده‌زانێت. چواره‌م: رۆماننووس ده‌بێت شاره‌زای ته‌كنیكی رۆماننووسین بێت، چونكه‌ له‌ رۆماندا چۆنێتی نووسین گرنگه‌ نه‌ك چییه‌تی و چه‌ندێتی نووسین. سه‌ردار عه‌بدوڵڵاش به‌و پێیه‌ی زمانی عه‌ره‌بی و فارسی ده‌زانێت، جگه‌له‌ خوێندنه‌وه‌ی رۆمان به‌و دوو زمانه‌ كه‌ یه‌كه‌م رێگایه‌ بۆ فێربوونی ته‌كنیكی رۆماننووسین، زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێت له‌ رێی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی هونه‌ری رۆماننووسینه‌وه‌ كه‌ له‌ كتێبخانه‌ی ئه‌و دوو زمانه‌دا زۆر و زه‌وه‌ندن، فێری ته‌كنیكی رۆماننووسین بێت وه‌كو فێریش بووه‌ و رۆمانی ئاتیلا دواهه‌مین عاشق له‌ رووی ته‌كنیكی رۆماننووسینه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و شاره‌زایانه‌ نووسراوه‌. ده‌شێ مه‌رجی تریش هه‌بن بۆ رۆماننووس وه‌كو توانای ئارامگرتن و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر نووسین و دیقه‌تدان و یاده‌وه‌ریی به‌هێز و بیرتیژیی و هتد. به‌ڵام به‌ڕای به‌نده‌ ئه‌و چوار خاڵه‌ سه‌ره‌كین بۆ رۆماننووس و سه‌ردار عه‌بدوڵڵاش ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدایه‌، كه‌واته‌ پێی ده‌ڵێم به‌خێربێی بۆ ناو دنیای رۆماننووسین.

ئاتیلا دواهه‌مین عاشق بۆچی؟
دوای شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو خاڵه‌ ئێستا دێمه‌ سه‌ر رۆمانه‌كه‌ و له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م:

*بابه‌تی رۆمانه‌كه‌:
ده‌توانین بابه‌تی رۆمانه‌كه‌ له‌یه‌ك رسته‌دا كورت بكه‌ینه‌وه‌ و بڵێین: رۆمانی عه‌شق و شۆڕش و په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه‌یه‌.

*چیرۆكی رۆمانه‌كه‌:
ئه‌م رۆمانه‌ دوو چیرۆك له‌ خۆده‌گرێت كه‌ شان به‌شانی یه‌كتری گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چن. یه‌كه‌میان چیرۆكی عه‌شقی بێگه‌ردی نێوان ئاتیلا و فاتمه‌یه‌ كه‌ جگه‌له‌ ئازار و مه‌رگ هیچ شتێكیان پێشكه‌ش ناكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چیرۆكی په‌یمان و وه‌فای هه‌تاسه‌ره‌. دووه‌میشیان چیرۆكی شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كانی نزیكه‌ی بیست ساڵی شۆڕشی كورده‌ له‌ باشووری كوردستان، به‌ڵام ئه‌م دوو چیرۆكه‌ وه‌ها په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ناتوانی له‌ یه‌كیان جیابكه‌یته‌وه‌ و ده‌بێ پێكه‌وه‌ بیانخوێنیته‌وه‌ و به‌شه‌وقه‌وه‌ چاوه‌ڕیی ئه‌نجامه‌كانیان بكه‌یت.

گێڕانه‌وه‌ له‌ رۆمانی ئاتیلا دواهه‌مین عاشق-دا:
«دیاریكردنی گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ سه‌ره‌تاییترین به‌ڵام گرنگترین بنه‌مای چیرۆكنووسین یان رۆماننووسینه‌. جیاوازیی نییه‌ پلۆتی كورته‌چیرۆك یان رۆمانه‌كه‌ت چه‌نده‌ ئاڵۆزه‌ و نووسینه‌كه‌ی تا چ راده‌یه‌ك داهێنه‌رانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بایه‌خی ته‌واو به‌ گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌كه‌ی نه‌درابێت، بڵاوكه‌ره‌وه‌یه‌ك یان ئه‌یتۆرێكی كۆمپانیاكانی بڵاكردنه‌وه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ته‌نیا یه‌ك دوو لاپه‌ڕه‌ له‌ رۆمانه‌ (500) لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌ت ده‌یخاته‌ لاوه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ختت هه‌بێت نامه‌یه‌كت بۆ ده‌نووسێت و به‌بێ باسكردنی هۆكاره‌كه‌ی داوای لێبووردنت لێده‌كات كه‌ ناتوانێت رۆمانه‌كه‌ت چاپ بكات. ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ ژماره‌ (1074 -31-1-2019)»
ئێستا بابزانین گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ لای نووسه‌ر تا چه‌ند بایه‌خی پێدراوه‌ و چ جۆره‌ گۆشه‌نیگایه‌كی گێڕانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌؟ ئایا ئه‌و گۆشه‌نیگایه‌ی هه‌ڵیبژاردووه‌ بۆ رۆمانه‌كه‌ی گونجاوه‌ و توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌كاریبهێنێت؟ دیاره‌ نووسه‌ر به‌رله‌وه‌ی ده‌ستبكات به‌ نووسینی رۆمانه‌كه‌ی، گرنگی هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌ ده‌زانێت، بۆیه‌ گۆشه‌نیگایه‌كی گێڕانه‌وه‌ی گونجاوی بۆ هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ ئه‌ویش گۆشه‌نیكای گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه‌ واته‌ (من). ئه‌م كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌ش دوو جۆره‌: یه‌كه‌م كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ یان پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌، دووه‌م كاره‌كته‌ری لاوه‌كی رۆمانه‌كه‌. (من)ی یه‌كه‌م دكتۆر ئاتیلایه‌، واته‌ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ كه‌ به‌شی یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات و به‌شه‌ تاكه‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. (من)ی دووه‌م شاسواره‌، واته‌ كاره‌كته‌ری لاوه‌كی رۆمانه‌كه‌ كه‌ به‌شه‌ جووته‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.
ئێستا با وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ بۆچی هه‌ڵبژاردنی گۆشه‌نیگای كه‌سی یه‌كه‌می تاك بۆ ئه‌م رۆمانه‌ گونجاوه‌؟ پێش هه‌موو شتێك ئه‌م گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌یه‌ ئاسانه‌ و نه‌ رۆماننووس و نه‌ خوێنه‌ر سه‌ریان لێتێك ناچێت، بۆ نووسه‌ریش كه‌ یه‌كه‌م رۆمانی خۆی ده‌نووسێت هه‌نگاوێكی زیره‌كانه‌یه‌. دواتر له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ لێوان لێوه‌ له‌ رووداوی تراجیدی و ناخ هه‌ژێن و ئاوێنه‌ی ناخی دوو عاشقی سه‌وداسه‌ری وه‌كو ئاتیلا و فاتمه‌ و شۆڕشگێڕێكی پاك و راسته‌قینه‌ی وه‌كو شاسواره‌، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر باوه‌ڕ به‌ رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌كان و دیمه‌نه‌ ناخ هه‌ژێنه‌كان و ئازار و كاره‌ساته‌ جه‌رگبڕه‌كان و قوربانییه‌ نامراده‌كان و هه‌ڵوێسته‌ ئازاكان و بكات و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێی له‌ ناڵه‌ و ئازاری عه‌شقی ناكام بێت، باشتر وایه‌ له‌ زمانی خودی خۆیانه‌وه‌ شته‌كان ببیستێت، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر هه‌ستیان پێبكات به‌ڵكو له‌گه‌ڵشیاندا بژی. تاكه‌ خه‌وشی ئه‌م گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ گێڕه‌ره‌وه‌ ناتوانێ باسی چاكییه‌كانی خۆی بكات بۆ نموونه‌ بڵێ: من پیاوێكی وا قۆزم یان وا كه‌سێكی ئازا و قاره‌مانم، نووسه‌ر توانیویه‌تی ئه‌م بۆشاییه‌ش پڕ بكاته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئاتیلا و شاسوار ستایشی یه‌كتریش ده‌كه‌ن. لێره‌شه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین نووسه‌ر سه‌ركه‌وتوانه‌ توانیویه‌تی ئه‌م گۆشه‌نیگای گێڕانه‌وه‌یه‌ به‌كاربهێنێت.
سه‌راپای رووداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه‌ له‌ دوو شه‌وی یه‌ك له‌ دوای یه‌كدا ده‌گێڕدرێنه‌وه‌، كه‌واته‌ كاتی زیندووی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ ته‌نیا دوو شه‌وه‌ و كاتی مردوو یان به‌سه‌رچووی رۆمانه‌كه‌ نزیكه‌ی بیست ساڵه‌ و له‌ رێگه‌ی یاده‌وه‌ریی هه‌ردوو گێڕه‌ره‌وه‌كه‌وه‌ واته‌ ئاتیلا و شاسوار دێنه‌وه‌ ناو رۆمانه‌كه‌. رۆمانه‌كه‌ش وه‌كو رۆمانی ژانی گه‌ل-ی برایم ئه‌حمه‌د له‌ كۆتایی رووداوه‌كانه‌وه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست یان ناوه‌ڕاست و سه‌ره‌تا، دیاره‌ گێڕه‌ره‌وه‌كان نایه‌ن به‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی له‌ كۆتاییه‌وه‌ بچن بۆ سه‌ره‌تا و بێنه‌وه‌ بۆ كۆتایی رووداوه‌كان، به‌ڵكو نووسه‌ر هونه‌ری مونتاجی سینه‌مایی و فلاشباكی به‌كارهێناوه‌ و یاریی به‌كات ده‌كات و زۆرجار گێڕه‌وه‌كان باسی رووداوێك ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی رووداوه‌كاندا نییه‌ و هی ساڵانێكی زووه‌ و دێته‌وه‌ ئارا. نووسه‌ر زوو زوو ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو گێڕه‌ره‌وه‌كه‌ له‌ كوێدان و چۆن و رووداوه‌كانیان بیر دێته‌وه‌. دكتۆر ئاتیلا له‌و شه‌وه‌دا كه‌ له‌به‌رده‌م پێكه‌ عه‌ره‌قه‌كه‌یدا له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌یه‌تی هه‌تا ئه‌و كاته‌ی رووبه‌ڕووی هێرشی دوژمن ده‌بێته‌وه‌ و شه‌هید ده‌بێت، به‌شه‌ تاكه‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌. شاسواریش له‌و شه‌وه‌دا كه‌ به‌شداری رێوڕه‌سمی ناشتنی دكتۆر ئاتیلا و هاوڕێكانی ده‌كات و دواتریش به‌ ته‌نیا هه‌تا به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ده‌مێنیته‌وه‌ و به‌شه‌ جووته‌كانی رۆمانه‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مــه‌ره‌كــه‌بی ئاســمانی

حسب الله یحیی‌ پێشكه‌شه‌ به‌ رۆحی شاعیر عه‌باس به‌دری له‌ ...