سەرەکی » هەواڵ » وەفدی باڵای یەكێتی بەشداری لە پرسەی میر تەحسین بەگ كرد

وەفدی باڵای یەكێتی بەشداری لە پرسەی میر تەحسین بەگ كرد

دوێنێ، لەهۆڵی حسێن بابە شێخ لەقەزای شێخان، دووەم رۆژی پرسەی میر تەحسین بەگ میری ئێزدییان بەڕێوەچوو.
وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و هەرێم كەمال ئاغاو نەسروڵڵا سورچی ئەندامانی سەركردایەتی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەو د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو مەحمود حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەهیدان‌و د.ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی‌و عەبدولباری زێباری لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی بادینانی یەكێتی بەشدارییان لەپرسەكەدا كردو لەنزیكەوە سەرەخۆشییان گەیاندە بنەماڵەی میری ئێزدییان.
دوای بەشداریی لەپرسەكەی میری ئێزدییان، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی، لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، وتی: میر تەحسین لەماوەی ژیانیدا توانیویەتی ئیدارەی زۆر قۆناغی ئاڵۆز لەعیراقدا بكات، كۆچی دوایی خەسارەتێكی گەورەبوو لەهەموو ئێزدییەكان‌و لەهەموو كورد، وتیشی: میری ئێزدییان كەسێكی نیشتمانپەروەر بوو، هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگەو لایەنە سیاسییەكان هاوسەنگەر بوو بۆ بەرگرییكردن لەداخوازییەكانی خەڵكی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە»بیرم دێت كاتێك لەنێوان وەفدی كورد‌و حكومەتی عیراق لەسەر ئەوەی ئێزدییەكان كوردن یان عەرەبن، گفتوگۆ هەبوو، لەچاوپێكەوتنێكدا پرسیاریان لە میر تەحسین كرد، ئەویش لەوەڵامدا وتی: زمانی رەسەنی من كوردییە نەك عەرەبی، بۆیە هەمیشە لەهاندانی ئێزدییەكان بۆ بەشداریكردن لەشۆڕش‌و بەرگریی لەخەڵكی كوردستان سەرقاڵ بوو».
هەردوێنێ لەدهۆك، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتی‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم‌و عەبدولباری زێباری لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی بادینانی یەكێتی، سەردانی ماڵی حەسەن خەلیل نزاركی‌و محەمەد ئاغا كلحی رێكانی-یان كرد.
لەسەردانەكەدا، كە بەمەبەستی دەربڕینی هاوخەمی‌و پرسەو سەرەخۆشی بوو، سەعدی ئەحمەد پیرەو وەفدی هاوڕێی، پرسەو سەرەخۆشییان ئاراستەی محەمەد ئاغا كلحی رێكانی‌و خانەوادەكەی كرد بۆ كۆچی دوایی برای‌و هیوایان خواست ئەمە دواكۆست‌و ناخۆشیی خۆیان‌و بنەماڵەكەیان بێت.
لای خۆیشییەوە، محەمەد ئاغا كلحی رێكانی، سوپاسی سەردان‌و بەسەركردنەوەی وەفدی یەكێتی-یان كرد.

print

 19 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*