سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » میدیای جیهان و رووداوەکانی سعودیە

میدیای جیهان و رووداوەکانی سعودیە

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سعودیە لە گرتن ودەستبەسەرکردنی شازادەو بەرپرسانی باڵای وڵات بەناوی چاکسازی وڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی وهەنگاو بەرەو شانشینێکی مۆدێرن، بووە بەمانشێتی سەرەکی زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامە جیهانیەکان و بە درێژی لەسەری دەدوێن.
دەیەوێت خۆی بسەپێنێت
ڕۆژنامەی «زود دۆیچە زایتۆنگ»ی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە نوسیویەتی: سزادانی یانزە شازادەو چوار وەزیرو دەیان بەرپرسی باڵای پێشوو ئێستا ڕووداوێکی هەرە گەورەیە لە سعودیەو هەمو وڵاتانی عەرەبیش،میرا محه‌مه‌د بن  سه‌لمان به‌م  هەنگاوانەی دەیەوێت بیسەلمێنێت کەکەسی یەکەمی وڵاتەکەیەتی و لەکەس سڵ ناکاتەوە، دەشتوانێت هەموو ئەوکەسانە سزابدات کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم پلان و بەرنامەکانی بۆداهاتوی وڵاتەکەی.
بەرپرسی تریش دەگیرێن
نیویۆرک تایمزی ئەمریکی نوسییەتی:ئەم ڕووداوە لە هەشتا ساڵی ڕابردودا به‌ یەكەمین ڕووداوی گرنگ دەژمێردرێت كە بەناوی هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی و چاکسازی ئەنجام دراوە. بڕیاری  دەستگیرکردنی ئەو شازادانە ڕاستەوخۆ لەلایەن «میر محەمەد»ەوە دەركراون، بەبێ گەڕانەوە بۆدادگاو دەسەڵاتە یاساییەکان،  لەم هەڵمەتەدا میر محەمەد توانیویەتی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسەر هەموو دەزگا گرنگەکانی وەک سوپاو ئاسایش وپۆلیس وپاسەوانی نیشتیمانی بسەپێنێت.  هەمان ڕۆژنامە دەڵێت: دوای ئەوەی کە چوونە دەرەوەی وڵات لە ئەندامانی بنەماڵەی پادشای سعوودیە قەدەغە كراوە،لەوانەیە خەڵک وبەرپرسی تریش دەستگیربکرێن.
لێدانە لەتەڵاڵ
تایمزبڵاویکردەوە،دەستگیرکردنی «وەلید بن تەڵاڵ» کۆتایی هێنانە بە جیهانی کاری بازرگانی و ناوبانگی ئەو شازاده‌یە و هەروەها چارەنوسێکی نادیار چاوەڕیی دەکات ئەوەیش لە ژێر دەستی ئەو بەرپرسانەی کە خۆیان بۆ تۆکمەکردنی پۆستەکانیان و پۆستی باڵاتر هەموو بڕیارێک دەدەن.
هێشتا ماویەتی
ڕۆژنامەی»لۆڤیگارۆ»ی فەرەنسی نوسیویەتی: میر محه‌مه‌د بەو هەڵمەتانەی هەموو ئەو رێگایانە بەردەمی پاکدەکاتەوە کەمەترسی لێیانە هەیەو وەک تەگەرەیەکیان دەبینی بۆ بەردەم نەخشەڕێگاکەی،ئەوشازادەیە هەموو ئەوکۆت وبەندانەی شکاند کە دەیان ساڵە لەنیو بنەماڵەکەدا پەیڕەودەکرێ وکەس ناوێرێت تخونی ئەو بەرپرسە گەورانە بکەوێت بەڵام ئەوکردی و هەنگاوی تریشی بەدواوەیە.
دەبێ سعودیە بگۆڕێت
ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنیش پێی وایە: ئەم پرۆسەیە لە ئەرشیف و مێژووی میر محەمەد دەنوسرێتەوە،ئەو وڵاتە بەدەستی گەندەڵی ئابوری وئیداریەوە دەناڵێنێ و سزادانی ئەو یانزە میرو  وەزیرو دەیان کاربەدەستەباڵایە لەو هەنگاوە سەرەتاییانەیە کە ئەومیره‌ تازەیە دەیەوێت تاساڵی ٢٠٣٠ ئەوپڕۆژەیەی ئەنجام بدا و هەقوایە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێ بکات، تا سعودیە لەمبارەی ئێستای بگۆڕێت.
خۆی نمایش کرد
ڕۆژنامەی «نۆیە تسوریشەزایتۆنگ»ی سویسریس بەهەمان شێوە پێی وایە: ئەو گرتن و ڕاوەدونانەی ئەو وەزیرو گزیرانە نیشاندانی تواناو هێزی میرمحەمەدە بۆناوخۆو دەرەوە، دەستگیرکردنی شازادە وەلیدی کوڕی تەڵاڵ وهاوشێوەکانی دەسەڵاتێکی باڵای پێویستە ئەو نیشانی هەموو دونیای دا کە کاری گەورەی پێدەکرێ.
بۆ بەهێزبوی خۆی هەموو شتێک دەکات
لەلایەکی تریش ئاژانسی «وۆل ستریت جۆرناڵ»ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە: دەستگیرکردنی ئەو شازادەو و وەزیرانەی سعودیە بۆ تۆکمەکردنی پێگەو دەسەڵاتی محەمەدی جێنشینی پادشای سعودیەیە،   ئاماژەی بەوەشکردوە دەستبەسەرکردنی ئەو وەزیرانە و دەستگیرکردنی کوڕانی بەرپرسە باڵاکانی سعودیە لەو ماوە کورتەدا  لەخزمەتی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتە لە شا سەلمانەوە بۆ محەممەد کوڕی و چاوەڕوان دەکرێت ئەو پڕۆسەیەش ساڵێک بخایەنێ وهەموو ڕێوجێیەک بگرنەبەر لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵاتەکانی.
خۆ سەپاندنە
ڕۆژنامەی «هۆیتە»ی نەمساویش لە راپۆرتێکدا نوسیویەتی:شا سه‌لمان لەگەڵ هاتنی بۆ کورسی حوکم ووەرگرتنی پۆستی کەسی یەکەمی وڵات دەیەوێت وەک پاڵەوان وکەسایەتیەکی بەهێز نیشانی دونیابدات وهەڵبەت بۆئەم کارەشی پلانی تایبەتی خۆی هەیەو گرتنی ئەو بەرپرسانەش یەکێکەلە کارەسەرەتاییەکانی وکاتێک هەموو لایەکی دەستەمۆکرد، ئەوکات دەتوانێت هەرچی بیەوێت بێ سڵکردنەوە لە وڵاتەکەی بیکات.
سعودیەکی تر بنیات دەنێ
ڕۆژنامەی «فرانکفۆرتە ئەلگێماینەزایتۆنگ»ی ئەڵمانیش دەڵێت:میر محەمەد هەموو ئەو ڕێکارانە دەگرێتەبەر کە دەبنە هۆی پتەوبونی دەسەڵاتەکەی ودامەراندنی ئیماراتێکی نوێ وگۆڕانکاری لەسیستەمی وڵات، هەربە دابینکردنی هەندێک لەمافی ژنان وەک ئازادی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل وئەوجۆرە شتانە ناوەستێتەوە،بەڵکو دەیان ڕێکاری تردەگرێتەبەرو هەموو ئەوکەسانە سزادەدات کەدەبنە ڕێگر لەو پرۆسەیەی،لەو کارەیدا دوو ئامانج دەپێکێ، یەکیان: پێگەی خۆی قایم دەکاو ترس وسام لەو وڵاتە دروست دەکات دوەمیش: بەو هەنگاوانە دەیەوێت سعودیەیەکی تر جیالەجاران بنیات بنێتەوە.
هاوشێوەی ئیماراتی لێدێت
ڕۆژنامەی» لاکروا»ی فەرەنسی ده‌ڵێت:  میر محمەد دەیەوێت ئەزمونی ئیماراتی عەرەبی دوبارە بکاتەوەو لەم هەنگاوانەشیدا ئیمارات پشتیوانی گەورەیەتی، دەیەوێت وەک ئەوان بکا لەبواری گەشەی ئابوریدا کراوەو پێشکەوتو و لەهەمان کاتیشدا لەخۆسەپاندن و ئیدارەدا دەسەڵاتێکی چەوسێنەرو زاڵمە.

 881 جار بینراوە