سەرەکی » ئەدەب و هونەر » سنه‌ وه‌ك مانگ و كه‌مه‌ندی ئاسمانێك له‌ ئه‌ستێره‌

سنه‌ وه‌ك مانگ و كه‌مه‌ندی ئاسمانێك له‌ ئه‌ستێره‌

ئه‌و كاته‌ی مانگ
رووناكی ئه‌رشیف ده‌كات
ئه‌و كاته‌ی ئاو
ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی
پڕ ده‌كات له‌ شه‌پۆل
ئه‌و كاته‌ی ئه‌ستێره‌
به‌رگی پرشنگداری له‌به‌ر ده‌كات
ئه‌و كاته‌ی ئاسمان
پایه‌كانی خۆی له‌ سنه‌ داده‌نێت
هه‌ر ئه‌و كات
جریوه‌ و مانگ
رووناكی و ره‌نگ و وشه‌
شه‌پۆل و سه‌وزایی
ده‌بنه‌ پیاوێكی ئه‌ستێره‌یی
له‌ ئاسماندا
ده‌بێته‌ ره‌نگ و ده‌نگ و رووناكی و وشه‌
ئه‌وكاته‌ی شمشاڵێك له‌سه‌ر بیستن سه‌ما ده‌كات
كه‌مه‌ندی ده‌بێته‌ فیزیای ده‌نگ
ئه‌و كاته‌ی سنه‌ ده‌بێته‌ تابلۆیه‌ك
كه‌مه‌ندی پڕ ده‌بێت له‌ ره‌نگ
ئه‌وكاته‌ی كۆڵانه‌كانی سنه‌ ده‌بنه‌ وه‌ره‌قه‌یه‌ك
كه‌مه‌ندی لێوان لێو ده‌بێت له‌ شیعر
******
كه‌ پایز دێت
ئه‌و ده‌بێته‌ نیگاركێش
گه‌ڵاكان ده‌باته‌وه‌ بۆ لای دره‌خت
ئه‌وكاته‌ی هاوین گوڵه‌گه‌نمه‌كانی شین ده‌كات
ئه‌و شیعر ده‌كاته‌ نان
ئه‌و كاته‌ی زستان به‌فر ده‌كاته‌ ئاواز
ئه‌و له‌سه‌ر لووتكه‌ی( له‌یلاخ) هۆره‌ ده‌كات
ئه‌و كاته‌ی به‌هار فه‌رشی گوڵ راده‌خات
ئه‌و به‌ خۆی و ده‌فێك و تارێكه‌وه‌
له‌سه‌ر خانه‌قای گه‌وره‌وه‌
ده‌ف بۆ سۆفییه‌كان و
تار بۆ شه‌قامه‌كان لێدەدا
*****
ئه‌و له‌وێوه‌
كه‌ ده‌بووه‌ گۆرانی
من لێره‌وه‌ ده‌بوومه‌ گوێ
ئه‌و له‌وێوه‌ كه‌ ده‌بووه‌ تار
من لێره‌وه‌ پڕ ده‌بووم له‌ زكری خودایی
ده‌بوومه‌ ژێ
ئه‌و له‌وێوه‌ كه‌ فڵچه‌ی ده‌گرت به‌ ده‌ستییه‌وه‌
من لێره‌وه‌ ده‌بوومه‌ ڕه‌نگ
كه‌ كه‌مه‌ندی ده‌بووه‌ شاعیر
من ده‌بوومه‌ قه‌سیده‌یه‌كی دڵ شكاو
*****
ئه‌و رۆژانه‌ی (جه‌وراوا) ژان ده‌یگرت
سنه‌ی دایك مژده‌ی پیاوێكی نورانی پێبوو
كه‌ ئه‌و ده‌بووه‌ شانۆ
من له‌سه‌ر دڵی ئه‌و
مۆنۆدرامام نمیاش ده‌كرد
كه‌ ئه‌و ده‌بووه‌ رۆمان
من كارئه‌كته‌ری كیژه‌ دڵ شكاوه‌كه‌ بووم
*****
ئێستا سه‌بری له‌ خانه‌قای كه‌مه‌ندیدا
خه‌تمی سی جوزئه‌ ده‌كات
ئێستا پیاوی حه‌وت هونه‌ر
ده‌بێته‌ حه‌وت ئه‌ستێره‌ و ره‌نگ په‌رش ده‌كه‌ن
ئێستا فه‌تانه‌ ده‌ڵێت:
من چاوم بۆچه‌س ئه‌سرین بڕژێنێ
با چاو تـۆ خــۆش وێ دنــیا ببینێ
ئێستا گۆڕستانی (به‌هه‌شتی موحه‌مه‌دی)
گۆرانی ده‌ڵێ:
تاكه‌ی بناڵم ئازیزم جه‌هیجران و ده‌رد
تاكه‌ی بكێشم ئازیزم هه‌ناسانی سه‌رد
ئێستا سنه‌ گۆرانی بۆ سلێمانی ده‌ڵێت و ده‌ڵێ:
نه‌ خــوا بـــه‌رداره‌ ئازیزم نه‌ به‌نـــده‌ رازی
نه‌ فتوای شه‌رعه‌ ئازیزم نه‌ حـــوكمی قازی
كه‌ ده‌ڕۆیت :
ره‌نگ دوا ماڵئاویی ده‌كات
مۆزیك ده‌گری
شیعر له‌ پرسه‌كه‌تدا دانیشتووه‌
رۆمان سنگ ده‌كوتێ
شانۆ هه‌نسك ده‌دا
گۆرانی ده‌كڕوزێته‌وه‌
هه‌موویان له‌ فلمێكی سینه‌ماییدا
له‌به‌رده‌م سه‌بری و
 سڵاوی دوا ماڵئاوایی فه‌تانه‌ و شه‌هێندا
ده‌وترێت:
یان مه‌سلوبم كه‌ن مه‌سیح ئاسایی
مه‌حاڵه‌ ئـازیز مه‌یــلی جـــودایی
*****
په‌راوێز:
*له‌یلاخ: ناوی ناوچه‌یه‌ك و شاخێكه‌ نزیك سنه‌.
*جه‌وراوا:  ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه‌ كه‌ كه‌مه‌ندی تێدا له‌ دایك بوو .
*گۆڕستانی موحه‌مدی:  ئه‌و گۆڕسانه‌یه‌ كه‌ كه‌مه‌ندی تێدا به‌ خاك سپێردرا.

 431 جار بینراوە