سەرەکی » مانشێت » مام جه‌لال، له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیای پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ بۆ لووتكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی عیراق

مام جه‌لال، له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیای پیره‌مه‌گروونه‌وه‌ بۆ لووتكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی عیراق

نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسی كورد مومتاز حه‌یده‌ری وه‌ك وه‌فادارییه‌ك بۆ خه‌بات ‌و تێكۆشانی 70 ساڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ بۆنه‌ی كۆچی دواییدا كتێبێكی به‌ ناونیشانی «مام جه‌لال لووتكه‌ی گه‌وره‌یی» چاپ ‌و بڵاوكرده‌وه‌، كتێبه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كۆكراوه‌ی چه‌ند به‌رهه‌م و نووسینێكی نووسه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ مام جه‌لال و رۆڵی له‌ بواره‌كانی سیاسی ‌و پێشمه‌رگه‌یی ‌و ده‌وڵه‌تداریی ‌و رۆژنامه‌نووسی ‌و ئه‌ده‌ب دۆستیدا، چه‌ند دیدارو چاوپێكه‌وتنێكی نووسه‌ریشی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی نه‌مر مام جه‌لال ‌و چه‌ند دیدارێكی خۆیشی له‌ بۆنه‌ی جیاجیادا له‌خۆگرتووه‌ كه‌ باس له‌ گه‌وره‌یی ‌و مه‌زنی ئه‌و سه‌ركرده‌ نه‌مره‌ ده‌كات:
هه‌ر له‌به‌ر له‌به‌رگی یه‌كه‌می ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا به‌ڕێز مومتاز حه‌یده‌ریی نووسه‌ر وه‌فاداریی خۆی بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال به‌وه‌ ده‌ربڕیووه‌ كه‌ تاكه‌ كه‌س بووه‌ ده‌ستگیرۆیی ‌و هاوكاریی كردووه‌ بۆ ده‌ركردنی گۆڤارێك به‌ ناوی «K21»و كۆپی به‌رگی ژماره‌یه‌كی گۆڤاره‌كه‌ی داناوه‌، كه‌ تێیدا خۆی ‌و جه‌مشید حه‌یده‌ری سه‌ردانی سه‌رۆك مام جه‌لال-یان كردووه‌و چه‌ند ژماره‌یه‌كی گۆڤاره‌كه‌یان به‌ دیاریی پێشكه‌ش كردووه‌.
مومتاز حه‌یده‌ری وه‌ك زۆرێك له‌ خه‌ڵكی كوردستان‌و دۆسته‌ نزیكه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ مام جه‌لال یه‌كێك بووه‌ له‌و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی كه‌ به‌ئاسته‌م له‌مێژوودا دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، له‌ڕووی وه‌فادارییه‌وه‌ بۆ دۆسته‌ دێرینه‌كانی، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ قۆناغه‌كانی په‌یوه‌ندیی مام جه‌لال ده‌كات به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای خه‌بات ‌و تێكۆشانه‌وه‌ تێكه‌ڵاویی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو تێكۆشه‌ر جه‌مال حه‌یده‌ریی ‌و ساڵح حه‌یده‌ریدا هه‌بووه‌‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تا دواساته‌كانی ته‌مه‌نی‌و له‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاجیاكاندا به‌سه‌ردان، به‌ پێشوازیی، به‌ناردنی نامه‌و بروسكه‌ له‌گه‌ڵیاندا بووه‌و هه‌رگیز لێیان دانه‌بڕاوه‌‌و ده‌ڵێت: «سه‌رۆك مام جه‌لال جیاواز له‌ زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان، هیچ كاتێك پله‌و پۆست ‌و پێگه‌ی سیاسی نه‌یگۆڕیووه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و هه‌یبه‌ت ‌و مه‌قامی داوه‌ به‌ پۆست ‌و پێگه‌كان».
نووسه‌رێكی لێزان، خوێنه‌رێكی تێگه‌یشتوو
مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری له‌ به‌شێك له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت كه‌م سه‌ركرده‌ی سیاسیم بینیووه‌ كه‌ وه‌ك مام جه‌لال هه‌م خوێنه‌ری باش بێت، هه‌م نووسه‌ری باش ‌و لێزانیش بێت، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ چه‌ند كتێب ‌و نامیلكه‌یه‌ك به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ قۆناغی جیاجیای ته‌مه‌نیدا نووسیوێتی كه‌ ئێستاش ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن نه‌وه‌ی نوێوه‌ بخوێنرێنه‌وه‌، تێده‌گه‌ین هه‌موو بیروبۆچوونه‌كانی نوێن و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ده‌ستده‌ده‌ن و هه‌ندێك چه‌مك ‌و ده‌سته‌واژه‌یان تێدایه‌ كه‌ وه‌كو كه‌ره‌سته‌ی سیاسی رێژه‌ی نه‌گۆڕن ‌و بۆ هه‌موو ئان ‌و ساتێك ده‌ستده‌ده‌ن بۆ هه‌ر كه‌س ‌و گروپێك كه‌ بیانه‌وێت خه‌بات بۆ رزگاریی كوردو كوردستان بكه‌ن.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات چه‌ند له‌ڕووی نووسینه‌وه‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به‌بڕشت بووه‌، هێنده‌ش له‌ خوێندنه‌وه‌دا خوێنه‌رێكی به‌ئاگاو تێگه‌یشتوو بوو به‌جۆرێك هه‌ر بابه‌تێك یان كتێبێكی بخوێندایه‌ته‌وه‌، پێی باش بوو كه‌ موناقه‌شه‌ له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌وه‌ بكات به‌جۆرێك هێنده‌ رۆده‌چووه‌ بابه‌ته‌كه‌وه‌‌و به‌ئاگایانه‌ ده‌یخوێنده‌وه‌، كه‌ هیچ كه‌لێنێكی به‌جێ نه‌ده‌هێشت.
چه‌ند پێشنیازێك بۆ 80 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی مام جه‌لال
رێكه‌وت وابوو، كه‌ پێنج رۆژ به‌ر له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ 17/12/2012دا، واته‌ له‌ رۆژی 12/12/2012دا مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری پێشنیازێكی نووسیووه‌ بۆ گۆڤاری «K21»  تا له‌ساڵڕۆژی بوونی مام جه‌لال به‌ 80 ساڵ لیژنه‌یه‌كی باڵای پێكبهێنرێت بۆ رێزلێنان له‌ ته‌مه‌نی پڕله‌ كۆششی سه‌رۆك مام جه‌لال تا له‌ریزی كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عیراق ‌و كوردستان دیاریبكرێت‌و پێشنیازیشیكردووه‌ كه‌ له‌و یاده‌دا هه‌موو نووسین‌و كتێب ‌و به‌رهه‌مه‌كانی مام جه‌لال له‌ چه‌ند به‌رگێكی كتێبدا چاپ بكرێت به‌تیراژێكی زۆر‌و هه‌روه‌ك هه‌موو وێنه‌ بڵاوكراوه‌و بڵاونه‌كراوه‌كانی له‌شێوازی ئه‌لبومێكدا به‌ چاپێكی جوان و دانسقه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌‌و سه‌رباری ئه‌وه‌ش مێژووی ژیانی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ورده‌كارییه‌وه‌ بنووسرێته‌وه‌و چاپ و بڵاوبكرێته‌وه‌.
نووسه‌ر له‌ دوو دیداری ته‌له‌فزیۆنیدا
هه‌روه‌ك وه‌فادارییه‌ك بۆ  سه‌رۆك مام جه‌لال، نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس مومتاز حه‌یده‌ری له‌ سێ دیداری ته‌له‌ڤزیۆنیی ‌و له‌ كاتی جیاجیادا بۆ سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان ‌و كه‌ناڵی كوردسات نیوز، كه‌ له‌كات ‌و بۆنه‌ی جیاجیادا له‌گه‌ڵی سازكراوه‌، چ به‌بۆنه‌ی نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال و چ به‌بۆنه‌ی كۆچی دواییه‌كه‌یه‌وه‌، له‌هه‌رسێ به‌رنامه‌كه‌دا كه‌ له‌ ده‌نگه‌وه‌ «ته‌فریغ كراون» بۆ سه‌ر كاغه‌ز، له‌ دووتوێی كتێبـی «مام جه‌لال لووتكه‌ی گه‌وره‌یی»دا بڵاویكردۆته‌وه‌.
له‌وه‌ڵامی پێناسه‌كردنی مام جه‌لالدا بۆ به‌رنامه‌ی گه‌رماوگه‌رمی سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان، مومتاز حه‌یده‌ری ده‌ڵێت: «خودی مام جه‌لال دیارده‌یه‌كی ده‌گمه‌نه‌ و به‌ئاسانی دروست نه‌بووه‌و مێژوو دروستی كردووه‌‌و هاوكات خۆشی مێژوویه‌كی گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ دڵۆپێكه‌ له‌ده‌ریایه‌كی گه‌وره‌یی مام جه‌لال ‌و به‌ئاسانی شی ناكرێته‌وه‌و ناتوانرێت بخوێنرێته‌وه‌»، له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌شدا ده‌ڵێت: «مام جه‌لال به‌ته‌نها موڵكی كورد نییه‌‌و موڵكی عیراقیش نییه‌، به‌ڵكو موڵكی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه‌»و ده‌شڵێت:»ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا ‌و  ئه‌وروپاش پێویستیان به‌ بوونی مام جه‌لال و حیكمه‌ته‌كانی مام جه‌لاله‌».
ئه‌وه‌ته‌، خه‌بات و هه‌وڵ و كۆششی، نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیده‌، كه‌پێی ده‌وترێت كوردو نیشتمانه‌كه‌شی به‌كوردستان-ی داگیركراوی چه‌ند پارچه‌یی ناسراوه‌، مێژووه‌كه‌ی چه‌ند دژوارو خوێناویی بووه‌ و هه‌زاران هه‌ورازو نشێوی به‌خۆوه‌ دیوه‌، به‌تایبه‌تییش كوردستانی خواروو له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و ره‌وته‌ زێده‌ به‌ئێش و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یه‌، كه‌زۆر زه‌حمه‌ته‌ بنووسرێت، بگره‌ قه‌ڵه‌م بۆخۆی كڕنووش بۆ مێژووی ئه‌و ره‌وته‌ درێژخایه‌نه‌ی خاوه‌ن سه‌دان هه‌زار قوربانیی مرۆیی هه‌مه‌جۆر ده‌بات، دیاره‌ ئه‌وه‌ی بۆ تێكڕای داگیركه‌رانی كوردستان لوابێت، بۆ قڕكردنی كورد به‌گشتی و له‌ناوبردنی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازیی گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی په‌نایان بۆ بردووه‌، بگره‌ زێده‌ دڕندانه‌ش ته‌ڕو وشكی نیشتمانیان سووتاندووین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و دڕنده‌ییه‌شدا، سه‌دان، به‌ڵكو هه‌زاران رۆڵه‌ی كورد به‌گیانێكی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌رانه‌، خۆنه‌ویستانه‌، به‌خه‌نجه‌ری ره‌سه‌نی ده‌بانی چه‌وساوه‌كان، له‌ژێر دروشمی: سه‌ربه‌ستیی مرۆڤی كورد، كامه‌رانیی گه‌ل، ئازادیی نیشتمان، دڕیان به‌شه‌وه‌زه‌نگی هه‌ره‌ سامناك و تاریكیی كوردستانی داگیركراوییان داوه‌..! له‌م ره‌وته‌ ئێجگار پیرۆزه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌شدا، هه‌زاران رۆڵه‌ی‌ به‌جه‌رگ، هۆشیار، تێكۆشه‌ر، بوونه‌ته‌ داینه‌مۆی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان، كه‌ده‌یانیان نموونه‌ی سه‌ركرده‌ی كه‌م وێنه‌ی شۆڕشگێڕیی سیاسیی و هه‌ڵكه‌وتوو ده‌ركه‌وتن.
ئه‌وه‌ش نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، بگره‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان، یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌، كه‌په‌روه‌رده‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌حمه‌دی خانیی مه‌زن و حاجی قادری كۆیی شۆڕشگێڕی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری سه‌رده‌می خۆی و دڵداری خاوه‌نی ئه‌ی ره‌قیب و تێكڕای شۆڕشه‌كانی كوردو ئاگردانی گه‌وره‌ی خه‌باتی كوردایه‌تیی هاوچه‌رخه‌، به‌ڵێ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ كه‌هه‌ر له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌، باسی كورد و (كورد ئوممه‌یه‌) و مافی ره‌وای سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی ده‌كرد.. به‌ڵێ، ئه‌و لاوه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌، هۆشیارو چالاك و چاونه‌ترسه‌ی رێچكه‌ی زێده‌ دژواری خه‌باتی سیاسیی و چه‌كداریی هه‌مه‌چه‌شنی ئاڵۆز، به‌گیانی خۆڕاگری و نه‌سره‌وتن، دژی پیلانی داگیركه‌ران راوه‌ستاو نازناوی جه‌نگاوه‌ری سیاسی و شۆڕشگێڕیی وه‌ده‌ستهێنا، كه‌پێده‌شت و لوتكه‌ی چیاكانی كوردستان پشت و په‌ناو دۆستێكی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رگریی پێشمه‌رگانه‌ی بوون..! به‌ڵێ، ئه‌و مرۆیه‌ له‌ئه‌نجامی خه‌باتی بێ پسانه‌وه‌ی تێكڕایی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌سه‌ركردایه‌تیی و سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ ره‌سه‌ن و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ره‌كانی كوردستان و به‌یه‌ك ریزیی یه‌كێتیی خه‌بات و هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی هاوچه‌رخی گه‌لی كوردستان، به‌تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ جه‌نابی «مام جه‌لال»ـه‌ كه‌پایته‌ختی عیراق به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت، له‌لووتكه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی عیراقی نوێی فیدراڵه‌وه‌ موژده‌ی سه‌ركه‌وتنێكی نه‌ته‌وه‌یی-سیاسیی كوردو كوردستان، به‌تێكڕای كه‌سوكاری هه‌زاران شه‌هیدی رێگای سه‌رفرازیی و قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و ته‌عریب و راگواستن و سیاسه‌تی ئاگرو ئاسن و سێداره‌، راده‌گه‌یه‌نێت.
لێره‌دا پێم خۆشه‌ ئه‌و راستییه‌ به‌نه‌وه‌ی نوێ رابگه‌یه‌نم، كه‌ له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، له‌به‌یاننامه‌یه‌كی به‌خشینی به‌ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش، دڕنده‌كه‌ی ئاخرزه‌مان، سه‌ددامی فاشیی تینووی خوێن و قڕكردنی هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی، وتی: (ئه‌م به‌خشینه‌ «عفو»ه‌ به‌هیچ جۆرێك جه‌لال تاڵه‌بانی ناگرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و خائینه‌، بگره‌ نابێت له‌ئاوی روباری دیجله‌و فورات بخواته‌وه‌)، به‌ڵام هه‌ردوو رووباری دیجله‌و فورات، كه‌سه‌رچاوه‌كه‌یان چیاكانی باكووری كوردستانه‌، هات، به‌ڵێ هات.. هاتنێكی شۆڕشگێڕانه‌، ته‌خت و تاراجی حزبی به‌عسی فاشی و داموده‌زگای سه‌دامی خوێنڕێژی له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا، له‌بناغه‌وه‌ وردوخاشكرد و به‌ره‌و دۆزه‌خی جینۆساید ره‌وانه‌یان كرد..! بگره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ردوو روباری دیجله‌و فورات سه‌ربه‌رزانه‌ زۆر به‌گه‌رمی له‌پێشوازیی جه‌نابی مام جه‌لال دان.. منیش به‌ش به‌حاڵی خۆم، وه‌ك خوێنده‌وارێكی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر، له‌ڕێگای ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ ساكاره‌دا زۆر به‌گه‌رمی پیرۆزباییم پێشكه‌ش به‌تێكڕایی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گشتی و به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م..
مومتاز حه‌یده‌ری
هه‌ولێر-كوردستان
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...