سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » (عبدالرحمن عارف…!!) ئه‌و به‌سه‌زمانه‌ی‌ له‌ پڕ بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق

رۆژمێری رۆژنامه‌نووس:

(عبدالرحمن عارف…!!) ئه‌و به‌سه‌زمانه‌ی‌ له‌ پڕ بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق

عه‌بدوڵڵا عه‌باس

عبدالرحمن عارف سه‌رۆك كۆماری عیراق (1966 – 1968) برای‌ سه‌رۆك كۆماری‌ پیشوتر (عبدالسلام عارف) دوای‌ عبدالكریم قاسم به‌سه‌ زمانترین و پاكترین كه‌س بووه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ گرانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ وڵاتێكی‌ وه‌ك عیراقیان كه‌وته‌سه‌ر شان كه‌ له‌میژه‌وه‌ به‌وڵاتێكی‌ پڕ كوره‌ی‌ زه‌رده‌واڵه‌و كێشه‌و ئاژاوه‌ ناسراوه‌و رابه‌ریكردنی‌ له‌ كاره‌ هه‌ره‌سته‌مه‌كان بووه‌، ئه‌گه‌ر قاسم به‌حوكمی‌ رابه‌رایه‌تیكردنی‌ كودوتا عه‌سكه‌رییه‌كه‌ی‌ ته‌مموزی‌ 1958 بوبه‌ به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌م و پیاوێكی‌ هه‌تا بڵێی‌ پاك و نیشتمان په‌ره‌رو مونته‌می‌ بوو بۆ گه‌ل و وڵاتی‌ عیراق و كه‌چی‌ نه‌یاره‌كانی‌ كه‌ له‌ناویانبرد مافی هه‌تا به‌خاك سپاردنیان لێ زه‌وتكردو لاشه‌كه‌یان فڕێدایه‌ ئاوی‌ رووباری‌ دیاله‌ وه‌ك سكرتێره‌ شه‌خسیه‌كه‌ی‌ له‌ یاداشته‌كانیا باسی ئه‌كات …ئه‌وه‌ عبدالرحمن عارف نه‌ له‌رێی‌ كوده‌تاوه‌و نه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ هیچ حیزب و لایه‌نێكه‌وه‌ هه‌وڵی‌ بۆ مه‌وقعی سه‌رۆكایه‌تی‌ داوه‌، رێكه‌وت برای‌ سه‌رۆك كۆماری‌ پیش خۆی‌ عبدالسلام بوو، له‌سوپای‌ عیراق رئیس ئه‌ركان بوو كه‌ براكه‌ی‌ به‌كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی‌ ته‌یاره‌كه‌ی‌ له‌گه‌شتێكی‌ به‌سره‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدا، ئه‌وسا عیراق له‌ململانێی‌ به‌ینی‌ عه‌سكه‌رو مه‌ده‌نیه‌ قه‌ومیه‌كاندابوو كه‌ عبدالسلام رابه‌ری عه‌سكه‌رو عبدالرحمن به‌زازی سه‌ره‌ك وه‌زیران باڵی‌ مه‌ده‌نی‌، كه‌ عبدالسلام نه‌ما و ده‌سته‌ی‌ رابه‌رایه‌تی‌ به‌ده‌سته‌ڵاتی‌ ئه‌وسا كۆبوونه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار، باڵی‌ عه‌سكه‌رییه‌كان تا حوكم له‌ده‌ستنه‌ده‌ن و به‌ناوی‌ (خیر خلف بۆ خیر سلف) عبدالرحمن عارفی به‌سه‌زمانیان تووشی گرانترین ئه‌رك كرد، هه‌تا له‌ناو عیراقیه‌كاندا وه‌ختی‌ خۆی‌ نوكته‌یه‌ك بڵاو بوه‌وه‌ ئه‌ڵێ‌ : (عبدالرحمن عارف واناسراو بووه‌ زۆر حه‌زی‌ له‌ یاری‌ تاوڵه‌ كردوه‌، به‌رله‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ له‌لایه‌ن رابه‌ره‌ عه‌سكه‌رییه‌كانه‌وه‌ ئاگادار كراوه‌ كه‌ ئه‌بێ‌ به‌ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌و عه‌سكه‌رییه‌ی‌ ئاگاداریكرده‌وه‌ هاوڕێی‌ نزیكی‌ بووه‌، لێی‌ پرسیوه‌ : ئه‌گه‌ر بووم به‌سه‌رۆك كومار مه‌نع ناكریم له‌ یاری‌ تاوڵه‌ ؟ وه‌ڵامی‌ داوه‌ته‌وه‌ : نه‌خێر، ئه‌ویش وتوویه‌تی‌ : یالله لعد نتوكل …..!!!!) .
به‌هه‌رحاڵ ئاوا عبدالرحمن بووبه‌سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق، ماوه‌ی‌ حوكمه‌كه‌ی‌، ئارام ترین ماوه‌ی‌ ژیانی‌ عیراقییه‌كان بوو..، یه‌كێ‌ له‌ خه‌مه‌كانی‌ هه‌وڵدانی‌ بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد كه‌ ئه‌وسا له‌ به‌ره‌نگاری‌ چه‌كداریدابوو له‌گه‌ڵ رژێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ (وه‌ك له‌و راپۆرته‌ رۆژنامه‌نووسیانه‌ی‌ وه‌ختی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ (به‌بێ‌ پرس و را به‌ راوێژكارانی) راسته‌خۆ به‌ره‌و هه‌رێمی‌ كوردستان رۆشت و له‌گه‌ڵ رابه‌ری‌ ئه‌وسای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ره‌حمه‌تی‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی كۆبووه‌ و به‌وه‌ ده‌رگای‌ گفتوگۆی‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ به‌یاننامه‌ی‌ 29 ی‌ حوزه‌یرانی‌ 1966 بوو .
دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ سه‌ری‌ له‌ چه‌ند شوێنێكی‌ دی‌ كوردستاندا له‌وانه‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌، له‌وێ‌ دوای‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ چاوكه‌وتنی‌ به‌ رابه‌رانی‌ شۆڕش به‌گه‌رمی‌ و به‌ هوتافی (بژی‌ عبدالرحمن عارف) پێشوازیكرا، ئه‌و وه‌خته‌ من له‌رادیوێی‌ كوردی له‌ به‌غدا كارم ئه‌كرد، گۆڤارێكی‌ هه‌فتانه‌ به‌ناوی‌ (المنار) ده‌رئه‌چوو رۆژنامه‌نووسی ناسراو صباح الربیعی به‌رێوه‌به‌ری‌ نووسینی‌ بوو، له‌ رێڕه‌وه‌كه‌ی‌ به‌ینی‌ ستودیوێی‌ رادوێی‌ به‌غدا و كوردی‌ رووبه‌رووم هات و ئه‌م وێنه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م باسه‌دایه‌ (له‌موسوعه‌ الحره‌) ه‌ دۆزیمه‌وه‌، به‌ده‌ستیه‌وه‌بووكه‌ پیشوازییه‌ جه‌ماهیریه‌كه‌ی‌ عبدالرحمن عارفه‌ له‌ كوردستان و پێی‌ وتم : (ارید اخلی‌ های الصوره‌ علی‌ غلاف العدد القادم من المجله‌ و اكتب مانشیت بالكردی : یعیش عبدالرحمن عارف، بلكت ترجملی الكلمه‌ … !!) منیش پێم خۆشبوو له‌گه‌ڵ خۆما بردم بۆ ستودیو له‌سه‌ر پارچه‌یه‌ك كاغه‌ز به‌ خه‌تێكی‌ دیار بۆم نووسی : (بژی‌ عبدالرحمن عارف) …. و لێشم پرسی : (عدكم حروف كردیه‌ ؟ … وتی : أكید عدنا) … رۆژی‌ پێنج شه‌مموان گۆڤاره‌كه‌ ده‌رئه‌چوو، یه‌كێك بووم له‌ خوێنه‌ره‌كانی‌ ئه‌و گۆڤاره‌، ئه‌و رۆژه‌ كه‌ چووم گۆڤاره‌كه‌ بكڕم ته‌ماشا ئه‌كه‌م وێنه‌كه‌ ته‌واو به‌رگی‌ یه‌كه‌می پڕكردۆته‌وه‌ به‌ پیتی‌ گه‌وره‌ له‌ جیاتی‌ (بژی‌ عبدالرحمن عارف) مانشێت نووسراوه‌ : (بشی عبدالرحمن عارف ….!!!) صباح له‌رادیوێی‌ به‌غداش كاری‌ ئه‌كرد كه‌ بینیم پێم وت: والله خطیه‌ رئیس عبدالرحمن حتی‌ فی الكتابه‌ مانشیت الصحف ماعند الحظ ….!!!، مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌ڵه‌كه‌م بۆ روونكرده‌و كه‌چی‌ ئه‌ویش هه‌ر زۆر بێ‌ باكانه‌ وتی‌ : یمعود مشی … !!! ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ی‌ ئه‌و گۆڤاره‌ بگه‌ڕێ‌ ئه‌كید له‌ كتێبخانه‌ گشتی‌ یه‌كان هه‌یه‌ …
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانی‌ 17 ی‌ ته‌ممووزی‌ 1968 رۆژی‌ كۆتایی‌ حوكمی‌ عبدالرحمن عارف، دیسان به‌نده‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێی‌ كارو برای‌ خۆشه‌ویستم محمد صدیق ئیمام موزیعی‌ خفه‌ری‌ ئیستگه‌ی‌ كوردی‌ بووین كه‌ ئینقلاب چیه‌كان هاتنه‌ ئیستگه‌، له‌ پێشه‌وه‌ حردان عبدالغفارو چه‌ند ئه‌فسه‌رێ‌ هاتن (له‌ یادداشته‌كانما به‌وردی‌ باسی ئه‌و رۆژه‌م كردوه‌) له‌ رێڕه‌وه‌كه‌ی‌ به‌رده‌م ژووری‌ موزیعه‌كانی‌ ئیستگه‌ی‌ به‌غدا (عربی) هه‌موومان وه‌ستابووین كه‌ صاڵح مهدی عماش هات، له‌گه‌ڵ حردان ئه‌ملاو ئه‌ولای‌ یه‌كیان ماچكردو حردان پرسی :
– ها شلون صار الوضع ؟ عماش وتی
– لا عادی خابرنا عارف، خطیه‌، كال بس لاتسفكوا دما‌ء الناس … تعالو استلموها …..!!!!

 234 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*