سەرەکی » مانشێت » ״پڕۆژەكەی یەكێتی نەخشەڕێیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەییانە بۆ كۆی كێشەكان״

״پڕۆژەكەی یەكێتی نەخشەڕێیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەییانە بۆ كۆی كێشەكان״

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)
دوێنێ، كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی، لەمەكتەبی سیاسی، بەڕێوەچوو، تێیدا وێڕای گفتوگۆ لەسەر دوایین گۆڕانكاری‌و پێشهاتە سیاسییەكان‌و خشتەی كاری كۆبوونەوەكە، راگەیەنراوێك، بڵاوكرایەوە:
كەس‌وكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوێكی گەرم…
بەبۆنەی یادی 28 ساڵەی راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان پیرۆزبایی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەكەین كە چەخماخەكەی لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە دەستیپێكردو سەرجەم شارو شارۆچكەكانی گرتەوەو تاجی سەركەوتنەكانی لە كەركوكی قودسی كوردستان لەسەرنا، سەری رێزو وەفاداری بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای رزگاری كوردو كوردستان‌و راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان دادەنەوێنین.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی فراوانی ئەنجومەنی ناوەندی لەكاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە دابڕێندراوەكان‌و عیراق‌و ناوچەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕدەبێت‌و خولێكی دیكەی دانوستان لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئەنجام دەدرێت، ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی ئەم كۆبوونەوەیە بەدەرفەت دەزانین كە لەپاڵ هەڵسەنگاندنێكی ورد بۆ دۆخی ئێستای سیاسی هەرێمی كوردستان‌و ناوچە دابڕێندراوەكان، پشتگیری خۆمان بۆ سیاسەت‌و پرۆژەی (ی.ن.ك) دەردەبڕین كە پرۆژەیەكی نیشتمانییەو نەخشەڕێیە بۆ رێكەوتنێكی سیاسیانەو دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەییانە بۆ كۆی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم‌و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك‌و ناوچە دابڕێندراوەكان‌و دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك لەپشكی یەكێتی وەك ئیستحقاقی دەنگدان‌و سەرخستنی ئەم پرۆژەیەش لەبەرژەوەندی گەلی كوردستان‌و كوردو هێنانەكایەی حكومەتێكی بەهێزو سەركەوتووە، سووربوونی یەكێتی لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی ناوچە دابڕێندراوەكان‌و دانانی پارێزگارێك‌و ئەكتیڤكردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راستگۆیی‌و بەرپرسیارێتی یەكێتی دەردەخات بەرامبەر كەركوك‌و كەركوكییەكان‌و ناوچە دابڕێندراوەكان بەگشتی.
ئەنجومەنی ناوەندی دەستخۆشی لەسەرجەم ئۆرگانەكان‌و كادیرانی یەكێتی دەكات كەلەم قۆناغە هەستیارەدا زیاتر لەهەموو كاتێكی دیكە خەمخۆرو پەرۆشترن بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
سەبارەت بەخولی داهاتووی دانووستان لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، پێشنیاردەكەین ئەگەر هەردوو لایەنی سەرەكی نەگەیشتنە رێككەوتنی سیاسی‌و لایەنی بەرامبەر بەبێ سازان‌و بەبێ بەشداری یەكێتی لەڕێی سەرۆكایەتی كاتیی پەرلەمانەوەو بەشێوەیەكی تاكڕەوانە بەرنامەكەی خۆی جێبەجێبكات، ئەوا ئێمە وەك ئەنجومەنی ناوەندی، ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرپشك دەكەین بۆ بیركردنەوە لەهەڵبژاردنی بژاردەیەكی دیكە، هیواخوازین هەردوو لایەنی سەرەكی لەچوارچێوەی دانوستانێكی هاوسەنگدا بگەنە رێكەوتنێكی سیاسی‌و لەداهاتوویەكی نزیكدا حكومەتێكی بەهێزو هاوسەنگ‌و سەركەوتوو پێكبهێندرێت‌و خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات‌و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی كوردستان بهێندرێت.
دووبارە پشتگیری لەسیاسەتی نەگۆڕی سەركردایەتی (ی.ن.ك) دەكەین بەرامبەر چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم‌و كەركوك‌و بەغدا لەچوارچێوەی یەك پاكێجدا.
رێزو وەفا بۆ رۆحی نەمری شەهیدان
سڵاو لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان

ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك)
2/3/2019

 94 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*