سەرەکی » مانشێت » وتەبێژی یەكێتی: كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێكەوتنەكە پێكهێنراوە

وتەبێژی یەكێتی: كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێكەوتنەكە پێكهێنراوە

وتەبێژی پارتی: رێكەوتنەكەمان بۆ تەبایی و یەكڕیزیی‌ و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

دوێنێ 4/3/2019 بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەهەولێر، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی‌و پارتی كۆبوونەوە‌، سەرەنجام گەیشتن بەڕێكەوتنێكی سیاسی، پاشانیش لەڕێوڕەسمێكدا لەلایەن سەرۆكی وەفدی یەكێتی و پارتی، رێكەوتنەكە ئیمزاكرا.
لەبارەی كۆبوونەوەكەو ئیمزاكردنی رێكەوتننامەكەی نێوان یەكێتی‌و پارتی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، سەرەتا، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی، وتی: بەخێرهاتنی گەرمی وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە تەشریفیان هێنا بۆ ئێرە، كە توانرا رووداوێكی گەورەی مێژوویی دروست بكەین. وتیشی: رێكەوتننامەی ستراتیژیی یەكەم لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، سەرەڕای كەموكوڕییەكانی، بەڵام توانرا پرەنسیپی پێكەوەژیان‌و یەكترقبوڵكردن‌و تەحریم‌و نەهێشتنی شەڕی ناوخۆ بچەسپێنین، لەئەنجامی ئەو رێكەوتنەش توانرا جارێكی تر رێكەوتن لەنێوان هەردوولادا ئیمزابكرێتەوە.
لەتیف شێخ عومەر، راشیگەیاند: ئەو رێكەوتننامەیە دوای گفتوگۆو دانوستانێكی سەخت هاتەدی، راستە ئەو رێكەوتنە گرنگە، بەڵام عیبرەت لەجێبەجێكردنیدایە، بۆ ئەوەش جگەلەوەی لەكۆبوونەوەی رۆژی 3/3/2019ی نێوان كاك مەسعودو كاك كۆسرەت، متمانەیەكی تازەیان دروستكردەوە بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكە، هاوكات كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەو رێكەوتنە لەنێوان هەردوولادا، پێكهێنراوە.
راشیگەیاند: بەگوێرەی رێكەوتنەكە كە ئیمزاكراوە، پرۆسەی جێبەجێكردنی بەردەوام دەبێت بەرەو جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی لەنێویشیاندا پەلەكردن لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەموو هاووڵاتیان بەدڵخۆشییەوە چاوەڕوانی دەكەن‌و هەموو ئومێدمان ئەوەیە ئەو پرۆسەیە هاوشان لەگەڵ بەندەكانی دیكەی رێكەوتنەكە جێبەجێبكرێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا، وتەبێژی یەكێتی، تیشكی خستەسەر پرسی كەركوك‌و وتی: ئەو پرسە لەدانیشتنەكەی نێوان كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، بەخواستی هەموولایەك یەكلاكراوەتەوەو چاوەڕواندەكرێت جێبەجێبكرێ. ئەوەشی خستەڕوو كە پێشتر وتوومانە ئێمە چەندە ناكۆكی‌و جیاوازیمان هەبێت، سەرەنجام رێكەوتووین‌و هەر واشمان كرد.
هەر لەكۆنگرەكەدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی، وتی: رۆژێك لەمێژوودا ئاماژەی بۆ دەكرێت ئەوەیە كە ئەمڕۆ پارتی‌و یەكێتی، بەیەكەوە رێكەوتننامەیەكی سیاسییان ئیمزاكرد، ئەویش لەڕوانگەی بەخەمەوەبوونی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، هاوكات بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیی دووقۆڵی‌و رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، تاكو بەیەكەوە حوكمڕانیی ئەم وڵاتە بكەین، بەجۆرێك لەئاست خواست‌و ویستی خەڵكی كوردستاندا بێت. وتیشی: خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوەن دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، كابینەی حكومەت‌و ئۆرگانە رەسمییەكانی لێبكەوێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئەو رێكەوتنە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، ئیمزاكرا، كە رێكەوتنەكە زیاتر بۆ تەباییەو یەكڕیزیی‌و پاراستنی یەكێتیی خاكی نیشتمانە، بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە، تا بەهەوڵ‌و كۆششی هەردوولا، بژێویی خەڵكی كوردستان باشتربكرێت‌و پاڵپشتیی حكومەتی داهاتوو بكەن، بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، گفتوگۆ بكات بۆ جێبەجێكردنی مافە دەستوورییە بەدەستنەهاتووەكان، بۆ ئەمەش پێویستمان بەم رێكەوتنە هەبوو، كە لەكاتێكی باشدا بوو و ئومێددەكەین رێكەوتنەكە شۆڕكردنەوەیەكی باشی تێدا هەبێت بۆ ئۆرگانەكانی خوارەوە، لەمەودوا ئارامییەك دروستبكات، كە زیاتر خزمەت بەباری ئابووریی كوردستان بكات‌و وتیشی: لەگەڵ پرۆسەی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە، ناوەرۆكەكەی جێبەجێدەكرێت، ئەوكات تەواوی بڕگەكانی بۆ خەڵك رووندەكرێتەوە.
وتەبێژی پارتی، باسی لەوەشكرد كە مەسەلەی كەركوك‌و بەغدا هەریەكەیان دوو بابەتن، هەریەكەو شێوازو چۆنیەتی چارەسەركردنی خۆی هەیە، كە شێوازەكەی لەنێوان هەردوولادا دیاریكراوە.

 144 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*