سەرەکی » دۆسێ » فه‌له‌ستین: هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تج و حه‌ماس پێكدێن

راده‌ستكردنی‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان مه‌رجی‌ سه‌ره‌كییه‌

فه‌له‌ستین: هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تج و حه‌ماس پێكدێن

هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح و حه‌ماس تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ قورسیان تێپه‌ڕاند سه‌باره‌ت به‌ رێكه‌وتنی‌ پێكهاتنه‌وه‌ی‌ نێوانیان كه‌ خۆی‌ له‌ راده‌ستكردنی‌ حه‌ماس بۆ چاودێری‌ سنوره‌كان به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ بینییه‌وه‌.
گه‌ر بێت و كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان به‌ ئاراسته‌ی‌ ئیسرائیلدا له‌ئێستادا به‌ئه‌نجام نه‌گات، ئه‌وا كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌ح بۆ غه‌ززه‌ییه‌كان به‌ شاده‌ماری‌ ژیان داده‌نرێت.
به‌پێی‌ رێكه‌وتنی‌ پێكهاتنه‌وه‌كه‌، وه‌ك ئاژانسی‌ (فرانس پرێس) ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، هه‌ردوو بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح و حه‌ماس میكانیزمی‌ راده‌ستكردنی‌ چاودێری‌ ده‌روازه‌ سنوییه‌كانیان له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ داناوه‌. ئه‌و ده‌روازه‌ سنوریانه‌ پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حه‌ماسدا بوون كه‌ له‌ ساڵی‌ 2007وه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ پێكدادانێكی‌ خوێناوی‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح، كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ كۆنترۆڵ كردبوو، له‌ هه‌مان كاتدا بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تحیش كه‌ناریی‌ خۆرئاوای‌ له‌ژێر ده‌ستدابوو.
به‌مشێوه‌یه‌ و له‌ئێستادا ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی‌ ئه‌رێز و كه‌ره‌م و ئه‌بو سالم كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر سنوره‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌ح له‌ باشوور (ناوه‌ندی‌ سنوری‌ ستراتیژی‌ نێوان میسر و فه‌له‌ستین) كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌له‌ستینی‌ كه‌ له‌لایه‌ن مه‌حمود عه‌باسه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كرێت.

له‌ چاوه‌ڕوانی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان
گواستنه‌وه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ له‌و ده‌روازه‌ سنوریانه‌ له‌ چه‌قی‌ دانوستانه‌كانی‌ نێوان میسر و ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ و حه‌ماسی‌ نه‌یاریان بوو، ئه‌وه‌ش به‌ خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ نێو رێكه‌وتنی‌ پێكهاتنه‌وه‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ 12ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م له‌ قاهیره‌ ئیمزاكرا.
گه‌ر بێت و كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌كان به‌ ئاراسته‌ی‌ ئیسرائیلدا له‌ئێستادا به‌ئه‌نجام نه‌گات، ئه‌وا كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌ح بۆ غه‌ززه‌ییه‌كان به‌ شاده‌ماری‌ ژیان داده‌نرێت.
ئیسرائیل بۆ ده‌ ساڵ ده‌چێت كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ی‌ رووبه‌ڕبه‌ڕووی‌ گه‌مارۆیه‌كی‌ خنكێنه‌ر كردۆته‌وه‌، میسریش ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌حی‌ داخستووه‌ كه‌ تاكه‌ ده‌روازه‌یه‌ به‌ڕووی‌ ده‌ره‌وه‌دا، هه‌موو ئه‌وانه‌ كێشه‌ی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ و بێكارییان له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ دوو ملیۆن كه‌س ده‌بێت.
سه‌یدم سه‌بری‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ و فێركاری‌ فه‌له‌ستینی‌ به‌ ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ فه‌ره‌نسایی‌ راگه‌یاندبوو»كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌روازه‌ سنوییه‌كان هه‌ر ته‌نیا خۆی‌ راده‌ستكردن و وه‌رگرتیدا نابینرێته‌وه‌، به‌ڵكو به‌گه‌ڕخستنی‌ له‌ئێستادا به‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ داده‌نرێت، چونكه‌ ئه‌و ده‌روازانه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ژیانی‌ دانیشتوانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش بۆ غه‌ززه‌ییه‌كان كه‌ ده‌یانه‌وێت ساناترین مافی‌ خۆیان له‌ هاتووچۆكردن ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و سه‌فه‌ر بكه‌ن».
هه‌زاران فه‌له‌ستینی‌ له‌ئێستادا چاوه‌ڕێی‌ چونه‌ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، به‌ مه‌به‌ستی‌ داسته‌به‌ركردنی‌ چاره‌سه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌، یان پێویستییان به‌ سه‌فه‌ركردن له‌پێناو خوێندن و سه‌ردانی‌ كه‌سوكارییان.
وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ و فێركاریی‌ فه‌له‌ستینی‌ ده‌ڵێت»له‌ئێستادا غه‌ززه‌ییه‌كان به‌ تامه‌زرۆوه‌ چاوه‌ڕوانن تا ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م مانگه‌دا ده‌روازه‌ سنوییه‌كان بكاته‌وه‌ و لایه‌نی‌ میسریش له‌و رووه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ بنوێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوپاسی‌ قاهیره‌ ده‌كه‌ین به‌ تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌وڵێكی‌ گه‌وره‌ی‌ خسته‌گه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به‌م ساته‌ی‌ ئێستا و هیواخوازیشین به‌رنامه‌یه‌كی‌ رۆشن بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌ح دابنێت».

«پێویسته‌ میسر پابه‌ندی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ بێت»
قاهیره‌ وه‌ك تۆڵه‌یه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌ تۆمه‌تباری‌ ده‌كات به‌ پشتیوانیكردنی‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ سینا كه‌ هاوسنوری‌ غه‌ززه‌یه‌ و كاریی‌ تیرۆیستی‌ و خوێناوییان له‌و ناوچه‌یه‌دا ئه‌نجامدابوو، سنوره‌كانی‌ داخستووه‌. هه‌ر بۆیه‌ میسر مه‌رجی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پاسه‌وانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ ده‌روازه‌ی‌ ره‌فه‌ح بگرێته‌ده‌ست. ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌ متمانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئیسرائیلیش هه‌مان مه‌رجی‌ داناوه‌.
هه‌ر بۆیه‌ له‌كاتی‌ راده‌ستكردنی‌ ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌، به‌رپرسانی‌ میسری‌ ئاماده‌بوون.
ره‌فه‌ح له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا ته‌نیا چه‌ند جارێكی‌ كه‌م كراوه‌ته‌وه‌.
سیدم سه‌بری‌ ته‌ئكیدی‌ له‌سه‌ر، ئاماده‌بوونی‌ وه‌فدێكی‌ هه‌واڵگریی‌ میسر بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ له‌كاتی‌ راده‌ستكردن و وه‌رگرتنی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌ كردبۆوه‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و، ئاگاداریی‌ ته‌واوی‌ ورده‌كاری‌ پرۆسه‌كه‌ بووه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا سه‌رپه‌رشتی‌ كاروباره‌كانی‌ ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌ ده‌كه‌ن. له‌ ده‌روازه‌ی‌ سنوری‌ ره‌فه‌ح، ئاڵاكانی‌ فه‌له‌ستین میسر ده‌شه‌كانه‌وه‌ و وێنه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی‌ سه‌رۆكی‌ میسر و مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكی‌ فه‌له‌ستین دانرابوون.
مسته‌فا سه‌واف شرۆڤه‌كاری‌ سیاسی‌ كه‌ له‌ غه‌ززه‌ نیشته‌جێیه‌ به‌ ئاژانسی‌ ده‌نگوباسی‌ فه‌ره‌نسایی‌ راگه‌یاندبوو»كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینیدا نییه‌، بگره‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ لایه‌نی‌ میسرییه‌وه‌ هه‌یه‌، مه‌رجه‌كانی‌ میسر به‌ئه‌نجام گه‌یشتوون، له‌ئێستاشدا پێویسته‌ قاهیره‌ رێز له‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆی‌ بگرێت، بۆیه‌ له‌ئێستادا ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین هه‌ریه‌ك له‌ میسر و ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ پابه‌ندی‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆیان بن به‌رانبه‌ر به‌ دانیشتوان».

«پرۆسه‌ی‌ پێكهاتنه‌وه‌
به‌ئه‌نجام ده‌گات»
واچاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ر له‌ كۆتایی‌ ئه‌م مانگه‌، هه‌ردوو لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینییه‌كه‌ له‌ قاهیره‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كۆببنه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ تاقیكردنه‌وه‌ قورسه‌كه‌یان تێپه‌ڕاند.
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ قه‌ته‌رییه‌وه‌ دووچاری‌ لاوازبوون بۆته‌وه‌، ئاماده‌یی‌ خۆی‌ ده‌ربڕیوه‌ تا به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر به‌ئه‌نجاگه‌یاندنی‌ پرۆسه‌ی‌ پێكهاتنه‌وه‌. مسته‌فا سه‌واف له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت»ئیراده‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ هه‌یه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ پێكهاتنه‌وه‌ و رێگه‌رتن له‌ شكستهێنانی‌، تا ئه‌م ساته‌ش ( كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و راپۆرته‌)، هه‌موو ده‌سته‌واژه‌كان روو له‌وه‌ن كه‌ پێكهاتنه‌وه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وی‌ دروستی‌ خۆی‌ رێبكات».
به‌ڵام زۆرێك كێشه‌ وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان زۆر ئاڵۆزن و بۆ مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردن خراونه‌ته‌ڕوو. به‌ وته‌ی‌ سیدم سه‌بری‌ وه‌زیری‌ په‌روه‌رده‌ و فێركاریی‌ فه‌له‌ستین»ناتوانم بڵێم تێكڕای‌ دۆسێكان كۆتاییان هاتووه‌، به‌ڵكو هه‌ندێك كێشه‌ هه‌ن پێویسته‌ كۆتاییان بێت، له‌وانه‌ كێشه‌ی‌ ئاسایش له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌».
هه‌ردوولا كێشه‌ ناوه‌ندییه‌كه‌یان وه‌لاناوه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ جبه‌خانه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسدا ده‌بینێته‌وه‌ و مه‌حمود عه‌باس هاوشێوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ئیسرائیل ده‌یه‌وێت له‌به‌ریه‌كی‌ هه‌ڵبوه‌شێنێت، ئه‌وه‌ش هه‌وڵه‌كانی‌ پێكهاتنه‌وه‌ له‌گه‌ڕ ده‌خات».

یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ 2014وه‌
حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ ساڵی‌ 2014و له‌ مانگی‌ رابردوودا یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ سازكرد، به‌و هیوایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دانپێدانراوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ غه‌ززه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2007وه‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسه‌وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌رداگیراوه‌.

كۆبوونه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌ پاش سێ‌ ساڵ له‌ غه‌ززه‌، بۆ مه‌به‌ستی‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی‌ پێكهاتنه‌وه‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ و هه‌وڵێك بوو له‌پێناو كۆتایهێنان به‌و دابه‌شبوونه‌ی‌ كه‌ زیاتر له‌ ده‌ ساڵی‌ خایه‌ند.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ گرن به‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ به‌رپرسیارێتییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستینییه‌وه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس بوو كه‌ له‌ ساڵی‌ 207وه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر غه‌ززه‌دا گرتبوو.
رامی‌ عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستین له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ڵێنیدا سنورێك بۆ ناكۆكییه‌ به‌رده‌وامه‌كان دابنرێت كه‌ بۆ زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسدا هه‌یانه‌.
به‌ وته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستین»حكومه‌ت هه‌موو كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌ ته‌وافوق و هاوبه‌شی‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، هێنانه‌دی‌ پێكهاتنه‌وه‌ش وڵاته‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان هانده‌دات پابه‌ندبن به‌ به‌ڵێنه‌كانی‌ خۆیان سه‌باره‌ت به‌ دۆسێی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بنیاتنانه‌وه‌».
رامی‌ عه‌بدوڵڵا ده‌ڵێت»65%ی‌ خانووه‌ روخاوه‌كانمان چاككردووه‌ته‌وه‌، دۆسێی‌ فه‌رمانبه‌رانیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ قاهیره‌ تاوتوێ‌ ده‌كرێت، حكومه‌تیش ته‌واوی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ پراكتیكی‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ غه‌ززه‌ به‌كارده‌هێنێت».
سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ فه‌له‌ستین داوای‌ له‌ «كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد گوشار بخاته‌ سه‌ر ئیسرائیل له‌پێناو هه‌ڵگرتنی‌ گه‌مارۆی‌ سه‌پێنراوی‌ سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌»، داوای‌ له‌ ئیسرائیل كرد «سزا به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ دژی‌ فه‌له‌ستینییه‌كان و به‌ تایبه‌ت له‌ غه‌ززه‌ رابگرێت و گه‌مارۆكان هه‌ڵبگرێت و ده‌روازه‌كان بكاته‌وه‌».
بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 2007و له‌پاش پێكدادانێكی‌ خوێناوی‌ و ده‌رپه‌ڕاندنی‌ هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ فه‌تح كه‌ سه‌ر به‌ سه‌رۆك مه‌حمود عه‌باس بوون، ده‌ستی‌ به‌سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا گرت.
ئیسرائیل بۆ ده‌ ساڵ ده‌چێت، گه‌مارۆی‌ ئاسمانی‌ و وشكانی‌ و ده‌ریایی‌ به‌سه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌دا سه‌پاندووه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ دوو ملیۆن كه‌س ده‌بن.
غه‌ززه‌ی‌ گه‌مارۆدراوه‌ سێ‌ جه‌نگی‌ وێرانكه‌ری‌ به‌خۆوه‌بینی‌ له‌نێوان ساڵانی‌ 2008 و 2014 له‌نێوان سوپای‌ ئیسرائیل و لایه‌نه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان.
زیاتر له‌ سێ‌ یه‌كی‌ دانیشتوانی‌ غه‌ززه‌ی‌ هه‌ژار پشت به‌ یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان ده‌به‌ستن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...