سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » شێتی ئێمە و نەخۆشی ئەوان!

شێتی ئێمە و نەخۆشی ئەوان!

وا بۆ 18 ساڵ ئەچێ تێکەڵی کۆمەڵگای ئەوروپی بوومە، لە دوو وڵاتی تا ڕاددەیەک جیا لە سیستمی ژیان وەک سوید و بەریتانیا، تا ئێستا شێتێکم نەدیوە.
لێرە بە کەس ناڵێن شێت، کەسیش شێت نیە، هەر نەخۆشیە و ناوێکی هەیە، جوانترین ناویش بۆ ئەوەی لای خۆمان پێی ئەڵێن (شێت) لێرە ئەڵێن، دەروونی ماندووە!
لای ئێمە بە(منیشەوە) کە لێرەم، مێشک و دەروونم ماندووە بەو هەموو سەرپێچی و ناهەقیەی حووتەگەورەکان لە قووتدانی ماسیەوردەکان و فرۆشتنی کەرامەتی خەڵک و خاک و برسیکردنی خەڵک، بەڵام هێشتاش لێرە بە شێت ناوم نابەن.
ئەگەر بۆیان باسبکەم ڕۆژێ ئەو هەموو ڕەشکەوپێشکەیە بەبەرچاو و مێشکمدادێ، رێک هەمان ناوی ئەو کەسەم لێ ئەنێن کە لە نەخۆشخانەیەکە و چارەسەری دەروونی بۆ ئەکرێ و ئەڵێن:

مێشک و دەروونت ماندوون!
لای خۆمان، بێ مێشکە کرچ و کاڵە بێ هەست و سۆزە پەروەردەنەکراوەکان، گاڵتە بە دەروون ماندووەکان و کەسایەتیان ئەکەن، کەناڵی حزبێکی خاوەن بیروباوەڕ دۆگمای چەقبەستووی کەڕووهەڵهێناو کۆمەڵێک کچ و کوڕی پەروەردەسەقەت بەرەڵای شەقامەکان ئەکا و سووکایەتی بە دەروون ماندوو و خاوەن پێداویستی تایبەت ئەکەن، وەک ئەو ڤیدیۆیەی لەو چەند ڕۆژەی گەڕەکی (ئیسکان)ی هەولێر لەلایەن ژنێکی دەم و چاو فوودراوی مێشک بەتاڵ بە کوڕێکی دەروون ماندووئەکرێ.
باشە خۆ ئەگەر ڕێز لەو نەخۆشەش نانێن، ڕێز لە هەست و کاردانەوەی کەس و کاریان بنێن، ئەو کەسە ڕۆژ لە ماڵ دێتە دەرەوە، لەوانەیە کەسی وای نەبێ بتۆانێ لەگەڵی بێتەدەرەوە و لە بێ ئەدەبی وەک ئەوانەی بپارێزێ، دواییش کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەیبیننەوە، لەدڵەوە ئازاریان پێ ئەگا و دڵیان بۆ نەخۆشەکەیان ئەسووتێ!
تۆ کە ئەزانی و ئەتوانی ئەوەندە لەبەردەم ئاوێنە بێیت و بچیت، ئەوەندە پارە و کات لە ساڵۆن و جوانکاری و مێکئەپ سەرف ئەکەیت، چارەگی چارەگیشی لە کتێبێک یا خوێندنەوەی بابەتێک سەرفکە کە فێری ڕەوشت و ئەدەبی ڕێزگرتن لە هەست و کەسایەتی خەڵک بەگشتی و دەروون ماندوو و خاوەن پێداویستی تایبەتت ئەکا.
نموونەی ئەو کچ و کوڕە بێ ئەتەکێت و بێ شعوورانەی ئەو کەناڵە ناپرۆفیشناڵانە تا دێ زیادئەبێ و ئەو حزبەش رێک سیاسەتی بەعس پەیڕەوئەکا، لە گەوجاندنی بینەر و شکاندنی کەسایەتی و دەروونی خەڵک، بۆ ئەوەی تاهەتایە دەست و چاوبەستە و شکاوی بن دەست و پێی خۆی بن، ئەوەش کەس ناتوانێ سنوورداری بکا بینەری بەشعوور و خەمخۆر و بوێرنەبێ، چەندجارێک لەدەمیان بدرێتەوە و ڕووشکێن بکرێن، لەوانەیە تێبگەن و یەخەی ئەو خەڵکە بەردەن، تا چیتر تیرۆر و شکاندن و گەوجاندن و برسیکردن هەمووی بەیەکەوە نەکەن!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەروەردە مامۆستای نا مامۆستا!

بەشی دووەم ئێمە چەندە گلەییمان لە سیستمی خوێندن هەیە و ...