رێباز خه‌سره‌و
له 22ی ئازاری ساڵی 1992، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له شاری ریۆ دی جانیرۆی به‌رازیل كۆنگره‌ی ژینگه و گه‌شه‌پێدانیان سازكرد. كۆنگره‌كه رێنمایی پێشكه‌شی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌رواره بكرێته رۆژێكی جیهانیی ئاو و ئه‌نجوومه‌نی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش پرۆژه‌ی بۆ داڕشت و مادده‌ی 18مینی یاسای ژینگه‌پارێزیی بۆ تهرخانكردو به‌بڕیاری ژماره A/RES/47/193 ئه‌و ڕۆژه‌ی وه‌كو ڕۆژی جیهانی ئاو ناساند . به‌مه‌ش ڕۆژی 22ی ئاداری 1993 بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك رۆژی جیهانیی ئاو ئاهه‌نگی بۆ گێڕدرا. .ئه‌م ساڵیش له‌ژێر ناونیشانی (مه‌هێڵه هیچ كه‌س له كاروان جێ بمێنێ) چالاكی جۆر به جۆر ئه‌نجامدرا. ئامانج له دیاری كردنی رۆژێك بۆ ئاو ، بۆ راكێشانی مرۆڤه له هه‌مو ناوچه‌كانی جیهان، بۆ گرنگی دانه به ئاو رۆژ له‌دوای رۆژ له‌سه‌ر ئاستی دنیا كێشه‌كانی ئاو زیاد ده‌كات . زۆر جار سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك به سه‌ده‌ی ئاو ناو ده‌برێت . نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌رێگه‌ی لیژنه‌و كۆمیسیۆنه هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌رده‌وام چاودێری دۆخی ئاو ده‌كات له جیهان. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌باره‌ی ئالینگارییهكانی ئه‌مڕۆو داهاتووش ده‌كات. سه‌ڕه‌رایی بوونی ده‌رامه‌تێكی زۆری ئاوی له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌نداوی پێویست و یاسایه‌كی تایبه‌ت به به‌ڕێوبردنی پاراستنی ئاو، ئه‌و ئاوه‌ی به‌كاردیت به ڕێگایه‌كی نادروست به‌كاردێت ئاویكی زۆر به فیڕۆ ده‌چێت له‌هه‌رێم، بۆیه ده‌بێ پرسی ئاو له ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكومه‌ت بێت ، گه‌ر نا له ئایینده روبه‌ڕوی جۆره‌ها كێشه‌ی په‌یوه‌ست به ئاو ده‌بینه‌وه . سامانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان ئاوی سه‌ر زه‌وی له هه‌رێمی كوردستانی باشووردا به بری (48.81 ) ملیار م3 مه‌زه‌نده ده‌كرێت، كه ( 28.31) ملیار م3 بری ئاوی ئه‌و لقانه‌یه كه ده‌رژێنه ناو روباری دیجله‌وه. وه ( 12.1 ) ملیار م3 ئاوی به‌نداو ده‌ریاچه‌كانه. رێژه‌ی ئاوی به‌فیرۆچوو + به‌هه‌ڵم بون به (5.41 ) ملیار م3 مه‌زه‌نده ده‌كرێت. به‌مه‌ش كۆی ئه‌م به‌كارهێنانانه له‌گه‌ڵ ئاوی به‌هه‌ڵم بوو = 20.5 ملیار م3 . وه ئه‌گه‌ر ئه‌م بره به‌راورد بكه‌ین به بری ئه‌و ئاوه‌ی كه هه‌مانه ده‌بینین كه بری 28.31 ملیار م3 ئاوی یهدهكمان هه‌یه.
پێداویسته جیاوازه‌كان بۆ ئاو له‌هه‌رێمی باشوری كوردستاندا:
هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی (5) ملیۆن (300) هه‌زار كه‌سه، كه پارێزگای سلێمانی نزیكه‌ی (2) ملیۆن و (30) هه‌زار كه‌س و هه‌ولێر نزیكه‌ی (1) ملیۆن و (900) هه‌زار كه‌س و دهۆك، (1) ملیۆن و(450) هه‌زار كه‌سه، شاری سلێمانی له‌رۆژێكدا نزیكه‌ی (600) هه‌زار م3 ئاو به‌كار دێت و هه‌ولێریش (500) هه‌زار م3 و دهۆكیش (350) هه‌زار م3 كه‌بۆ هه‌ر سێ پارێزگاكه ده‌كاته (1) ملیۆن (450) هه‌زار م3 له رۆژێكدا كه بۆ ساڵێك ده‌كاته (522) ملیۆن م3 ئاو به‌كار دێت له هه‌رێمی كوردستان، به پێی ئامارێك رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی (2020) دا ده‌گاته نزیكه‌ی (6) ملیۆن و (700) هه‌زار هاوڵاتی، ئه‌و رێژه‌یه‌یش پێویستی به (658) ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو هه‌یه . ئاوی ژێر زه‌وی له هه‌رێمی كوردستاندا: بری تێكرای ئاوی رێكردوی كانیه‌كان له هه‌رێمدا له‌نێوان ( 5 – 174000 ) گاڵۆن/ خولهك دایه بری خوێ تێیاندا له نێوان ( 245-375) به‌ش له ملیۆنێك به‌شه. زۆربه‌ی گه‌نجینه ئاویه‌كانی ژێر زه‌وی كه‌وتونه‌ته باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌رێمه‌وه كه بری ئاوی رێكردوی ئه‌م كۆگایانهی ژێر زه‌وی له هه‌رێمدا له‌نێوان 10 – 40 م3/ چركه. سروشتی به‌ردی ناوچه‌كه و جۆری ئه‌و كانزاو خوێیانه‌ی كه تێیاندایه وای كردووه كه كوردستان باشترین جۆری ئاوی هه‌بێت له روی كوالیتیه‌وه. وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بری ئاوی ژێر زه‌وی به‌كارهێنراو له‌هه‌رێمدا به (5.4) ملیار م3 مه‌زه‌نده ده‌كرێت. ژماره‌ی ئه‌و بیرانه‌ی كه‌له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه: تائێستا له پارێزگای هه‌ولێر 4 هه‌زار و 800 بیری مۆڵه‌ت پێدراو هه‌یه، وه زیاتر له 2 هه‌زار بیری بێ مۆڵه‌ت هه‌ن، له پارێزگای سلێمانیش 7 هه‌زارو 828 بیری مۆڵه‌ت پێدراو هه‌یه و نزیكه‌ی (18) هه‌زار بیری بێ مۆڵه‌ت هه‌ن و له پارێزگای دهۆكیش 2 هه‌زارو 34 بیری مۆڵه‌ت پێدراو هه‌یه و نزیكه‌ی 50 بیری بێ مۆڵه‌ت هه‌ن، زۆربونی لێدانی بیری بێ مۆڵه‌ت، كاریگه‌ری زۆری هه‌بوه له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی ژێر زه‌ویی، به‌تایبه‌تی له‌شاری سلێمانی. چونكه رێژه‌یه‌كی زۆری بیره‌كان له‌ناو ماڵه‌كان لێدراو‌ن.
154 جار بینراوە