سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » «ئه‌یقونه‌كه‌ی‌» ناره‌زایه‌تیه‌كانی سودان

«ئه‌یقونه‌كه‌ی‌» ناره‌زایه‌تیه‌كانی سودان

هاوشێوه‌ی‌ بوعه‌زیزی، سیمبولی ناره‌زایه‌تیه‌كانی تونس‌و كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ تونس زه‌ینولعابدین بن عه‌لی له‌سه‌ر كار لابرا، دواتریش ناره‌زایه‌تی‌و شۆڕشێك بۆ لابردنی دكتاتۆره‌كان وڵاتانی عه‌ره‌بی گرته‌وه‌و به‌به‌هاری عه‌ره‌بی ناسرا، له‌ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردووی سوودانیش، كچێكی گه‌نج وه‌كو سیمبول و ئایقونه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌ركه‌وت.
ئالا سه‌ڵاح، ئه‌و كچه‌یه‌ كه‌ سودانیه‌كان وه‌كو ئه‌یقونه‌ی‌ ناره‌زایه‌تی‌و شۆڕشه‌كه‌یان لێی ده‌ڕوانن، ئه‌و ناره‌زایه‌تیه‌ی‌ بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سوپای سوودان، كوده‌تا به‌سه‌ر عومه‌ر به‌شیری سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ بكات‌و رژێمه‌كه‌ی‌ بڕوخێنێت.
سیمبولی ناره‌زایه‌تیه‌كانی سودان كه‌ یه‌كه‌مجار له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیدا، به‌جلوبه‌رگه‌ سپییه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، كۆپله‌یه‌ك شیعری حه‌ماسی شاعیرێكی سودانی له‌سه‌ر بۆدی ئۆتۆمبێلێك بۆ خۆپیشانده‌ران ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌رزوو ببێته‌ جێ سه‌ره‌نجی خۆپیشانده‌ران و زوومی كامێرای رۆژنامه‌نووسان ‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و هه‌واڵی كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بی‌و هه‌رێمی جیهانیه‌كان، له‌به‌ر به‌شداریی كاراو ئازایه‌تی‌و چاونه‌ترسیی‌ له‌كاتی ناره‌زایه‌تیه‌كاندا.
ئه‌و كچه‌ گه‌نجه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌رچه‌ند عومه‌ر به‌شیر رووخاوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بن له‌ناره‌زایه‌تی‌و شۆڕشه‌كه‌یان تا هه‌موو رژێمی سودانی پێشوو ده‌ڕوخێنین، دوپاتیشیده‌كاته‌وه‌، شۆڕش كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئامانجیان له‌ناوبردنی كۆی رژێمی پێشووه‌ به‌هه‌موو داروده‌سته‌كه‌یه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستیان به‌خۆینی هاوڵاتیان سوودان سووره‌.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، رژێمی عومه‌ر به‌شیرو ده‌ست‌و پێوه‌نده‌كه‌ی‌، وڵاتیان وێران كردو گه‌نده‌ڵیان له‌هه‌موو سوچ‌و قوژبنێكی وڵات بڵاوكرده‌وه‌، رژێمێك بوون بۆ كوشتن‌و سه‌ركه‌وت كردن، شۆڕشه‌كه‌ی ئێمه‌ش داواكاری گه‌ورتری هه‌یه‌و ده‌بێت مافه‌كانمان به‌ده‌ست بێنین.
ئالا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ خۆپیشانده‌ران، هیواده‌خوازن سودانێكی باشترو وڵاتێكی دیموكراسی بێته‌ ئاراوه‌، كه‌ لێپێچینه‌وه‌ له‌هه‌موو سه‌رپێچیكاران بكات، وتیشی، ئێمه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ناره‌زایه‌تیه‌كاندا ده‌مێنینه‌وه‌، تا هه‌موو داواكارییه‌كانمان جێ به‌جێ ده‌كرێت، كه‌ خۆیان له‌لێپێچینه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌سه‌ باڵاكانی رژێمی پێشو و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان له‌كوشتنی هاوڵاتیان‌و خوێنڕشتن له‌وڵاتدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ چ جای هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیان كردووه‌و سامان‌و دارایی وڵاتیان به‌تاڵان بردووه‌.
جێی ئاماژه‌یه‌، ئه‌م كچه‌ چالاكوانه‌، نازناوی «كنداكه‌»شی لێنراوه‌، كه‌ له‌سوودانی كۆندا بۆ شاژنانی نووبی به‌كارهێنراوه‌.
له‌كۆتادا ده‌ڵێن، رووخانی رژێمی دواكه‌وتو و گه‌نده‌ڵی عومه‌ر به‌شیر، درێژه‌ی‌ ناره‌زایه‌تی‌و خۆپیشاندانه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی عه‌ره‌ب له‌سه‌ركارلابران، بێگومان ناره‌زایه‌تی سوودان‌و هه‌روه‌ها جه‌زائیریش دوا هه‌ڵوێستی گه‌لانی وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ناوچه‌كه‌ نابێت، تا دكتاتۆر و رژێمێكی سه‌ركه‌وتكه‌ر مابێت.

 713 جار بینراوە