سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » سریلانكا؛ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌رده‌وامه‌پەڕە 2

سریلانكا؛ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامده‌رانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌رده‌وامه‌

له‌ سه‌روبه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردووی شاری كۆلۆمبۆی پایتەختی وڵاته‌كه‌یان، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سریلانكا به‌دوای 140 گومانلێكراودا ده‌گه‌ڕێن كه‌ پێده‌چێت په‌یوه‌ندییان به‌ گروپه‌ جیهادی‌و توندڕه‌وه‌كان‌و کردەوە تیرۆریستییەکانەوە‌ هه‌بێت‌و تائێستا لانیكه‌م 76 كه‌سیان به‌و تۆمه‌ته‌ ده‌ستگیركردووه‌‌. به‌ وته‌ی كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی ئه‌و وڵاته‌ش، داواكراوی یه‌كه‌می كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌ناوی زه‌هران هاشم-ه‌وه‌ كوژراوه‌و کەسی دووەمیش دەستگیر کراوە.

كوژرانی 15 کەس
دوێنێش پۆلیسی سریلانکا رایگەیاند: لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر حەشارگەیەکی توندڕەوەکان لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان، سێ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە درەنگانێکی شەوی رابردووتردا گەمارۆدراون‌و ئەوانیش دەستیان بە خۆتەقاندنەوەو تەقاندنەوەی تەقەمەنی کردووەو بەهۆیەوە 15 کەس کوژراون، کە لەناویاندا سێ ژن‌و شەش منداڵ هەیە.
هەروەها رۆژی هه‌ینی رابردووش پۆلیسی سریلانكا راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌‌و تیایدا ئاماژه‌ی به‌ ده‌ستگیركردنی حەوت كه‌س كرد، كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان‌و پشكنینی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌ رۆژهه‌ڵاتی وڵات ده‌ستگیركراون.
پۆلیسی سریلانكا روونیشیكردۆته‌وه‌: له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا، ده‌ستیشگیراوه‌ به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پشتێنی بۆمبڕێژ كراوو ته‌قه‌مه‌نیدا.
سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تی كۆڵۆمبۆ به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی هێزه‌كانی پۆلیس له‌ پرۆسه‌ ئه‌منییه‌كانیاندا، ژماره‌ی سه‌ربازه‌ پیاده‌كانی له‌ هه‌زار‌و 300 سه‌ربازه‌وه‌ بۆ شەش هه‌زار‌و 300 سه‌رباز زیادكردووه‌‌و ژماره‌ی سه‌ربازانی سه‌ر به‌هێزه‌ ئاسمانی‌و ده‌ریاییه‌كانیشی بۆ دوو هه‌زار سه‌رباز زیادكردووه‌.

كه‌مته‌رخه‌می و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی به‌رپرسان
میدیاكانی سریلانكا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ر رۆژی هه‌ینی رابردوو، مايسريبالا سيريسينا سه‌رۆكی سریلانكا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هه‌ندێك له‌ گه‌نجانی سریلانكا ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش تێوه‌گلاون، به‌ڵام گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانی سوپا‌و پۆلیس ئه‌و زانیارییانه‌یان له‌و باره‌یه‌وه‌ پێ نه‌وتووه‌.
له‌وته‌كانیدا سه‌رۆكی سریلانكا، سه‌رۆكی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی به‌ كه‌مته‌رخه‌م ناوبردووه‌، چونکە له‌به‌ر لاوازكردنی سیستمی هه‌واڵگری به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو ته‌ركیزی خۆی خستبووه‌ سه‌ر راوه‌دوونان‌و ده‌ستگیركردنی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی سوپا، كه‌ له‌ كاتی جه‌نگی ناوخۆدا له‌گه‌ڵ جوداخوازه‌كانی تامیل به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی جه‌نگ تۆمەتبارکراون.
وته‌كانی سه‌رۆكی سریلانكا دوای ده‌ست له‌ كاركێشانه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆلیس‌و پێشتریش وه‌زیری به‌رگری ئه‌و وڵاته‌ دێت به‌هۆی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی شاری كۆلۆمبۆی پایته‌ختی سریلانكا‌و ده‌وروبه‌رییەوە، كه‌ ژماره‌یه‌ك كڵێسا‌و ئوتێلیان كرده‌ ئامانج‌و به‌هۆیانه‌وه‌ زیاتر له‌ 250 كه‌س كوژران‌و نزیكه‌ی 500 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، كه‌ ژماره‌یه‌كیان گه‌شتیاری بیانی بوون.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

״سه‌دان ئیخوانیی میسر، كوێت جێده‌هێڵن״

دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کوێت رایانگەیاند کە «باندێکی تیرۆریستیی سه‌ر ...