سەرەکی » وەرزش » له ‌یادت ناكه‌ین

له ‌یادت ناكه‌ین

هه‌موو ساڵێك كاتێك مانگی مایس دادێت و ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ یه‌كه‌مین رۆژی مانگی مایسه‌، كۆستێكی ناواده‌ی وه‌رزشیی به‌رۆكی یاده‌وه‌رییه‌ وه‌رزشییه‌كان ده‌گرێت كه‌ شه‌هید بوونی ئازاد رۆسته‌م-ه‌ كه‌به‌ ئازه‌ خڕ ناسراو بوو.
شه‌هیدی جوانه‌مه‌رگم له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌ناسی، ناسیاوییه‌كه‌مان له‌ڕێگه‌ی تیپه‌ میللییه‌كانی سلێمانی و وه‌رزشه‌وه‌ بوو، له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگاش په‌یوه‌ندییمان هه‌بوو، قسه‌و باسی وه‌رزشیی زۆر له‌نێوانماندا هه‌بوو، ئه‌و له‌یاریزانه‌ هه‌ر باشه‌كانی وه‌رزشی ساڵانی هه‌شتاكان بوو، ئه‌و كاته‌ش من له‌ تیپی تیشكۆ و ئه‌و له‌ نه‌وجه‌وان بوو، ئه‌وه‌ كاته‌ش كاك فازیلی حاجی عه‌بدوڵا راهێنه‌ری تیپی یانه‌ی سیروانی نوێ و یانه‌ی كرێكاران و ماوه‌یه‌ك راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی سلێمانی و مه‌ڵبه‌ندی لاوانی سلێمانی بوو، كاك فازیلی نزیك له‌هه‌ردوو تیپی نه‌وجه‌وان و تیشكۆ، زیاتر من و شه‌هید ئازای به‌یه‌كتره‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌.
شه‌هیدی نه‌مر ناوی ته‌واوی ئازاد رۆسته‌م حه‌مه‌ عه‌زیزه‌، ساڵی 1967 له‌ كه‌ركوك له‌دایكبووه‌، له‌ته‌مه‌نی 11 ساڵییه‌وه‌ به‌ خێزانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سلێمانی، ئیتر تێكه‌ڵاوی توێژی وه‌رزشكاران ده‌بێت و ده‌ست به‌وه‌رزشكردن ده‌كات.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رله‌ ته‌مه‌نی لاوی و گه‌نجییه‌وه‌ توانایه‌كی باشی یاریكردنی هه‌بووه‌، زۆر تیپ له‌تیپه‌ میللییه‌كانی سلێمانی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون بیبه‌نه‌ ریزه‌كانی خۆیان.
سه‌ره‌تا له‌تیپی یه‌كێتی و پاشان بڵێسه‌و دواتر چووه‌ته‌ تیپی كه‌مال سه‌لیم، پاشان خۆی و چه‌ند یاریزانێكی باشی ساڵانی هه‌شتاكان تیپێكی تر له‌گه‌ڕه‌كی ئاشتی و عه‌قاری شاری سلێمانی به‌ناوی نه‌وجه‌وانه‌وه‌ داده‌مزرێنن، كاك عه‌لی سابیریش سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كه‌ ده‌بێت و هه‌موویان پێكه‌وه‌ درێژه‌ به‌یارییكردن ده‌ده‌ن و هه‌ر زۆر زوو تپیه‌كه‌ ناوو ناوبانگێكی باش دروستده‌كات.
شه‌هیدی نه‌مر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌تیپی نه‌وجه‌وان ئاستێكی زۆرباشی ده‌بێت خۆی و چه‌ند یاریزانێكی تیپه‌كه‌ی له‌لایه‌ن تیپی یانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانییه‌وه‌ بانگ ده‌كرێن و ئه‌میش یارییان بۆ ده‌كات، له‌وانه‌ یانه‌كانی وه‌ته‌ن و سیروان و ماوه‌یه‌كیش یانه‌ی سلێمانی و دواتر یانه‌ی برایه‌تی.
له‌ده‌ره‌وه‌ی سلێمانیش بۆ چه‌ند یانه‌یه‌ك یاریی كردووه‌ له‌وانه‌ یانه‌ی هه‌ولێر، پاشان بۆ ماوه‌یه‌ك رووده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئێران له‌ یانه‌ی سه‌رده‌شت یاریی ده‌كات و دواتر كه‌ده‌گاته‌ ده‌روه‌ی وڵات، بۆ تیپێكی ئه‌ڵمانیاش یاریی ده‌كات، ساڵی 2005 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، سه‌ره‌تا یانه‌ی سه‌رچنار دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند كێشه‌یه‌ك دروستده‌بێت واز ده‌هێنێت و له‌كۆمپانیای ئاسیاسێل داده‌مزرێت.
به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌م گه‌نجه‌ خێرنه‌دیوه‌ زۆر به‌رده‌وام نابێت و رۆژی 1/5/2007 له‌ رێگه‌ی به‌غدا و له‌خاڵس و له‌كاتی ئه‌ركی ره‌سمی كۆمپانیاكه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی به‌ناوی دڵشاده‌وه‌ به‌ده‌ستی تیرۆریستان شه‌هید ده‌بێت.
له‌یادی 12 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی كاكه‌ ئازادی وه‌رزشكارو كه‌سایه‌تی خۆشه‌ویستی ناوه‌ندی وه‌رزشی سلێمانی هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بێت پێی ده‌ڵێین له‌یادت ناكه‌ین.
تیشکۆ

 13 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*