سەرەکی » مانشێت » ״باشتركردنی بارو گوزەرانی كرێكاران ‌و چاكسازیی لە دۆخی نالەباری ژیانیان ‌و پاراستنی مافەكانیان״

یەكی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكاران بەرزڕاگیرا

״باشتركردنی بارو گوزەرانی كرێكاران ‌و چاكسازیی لە دۆخی نالەباری ژیانیان ‌و پاراستنی مافەكانیان״

دوێنێ، لەتەواوی پارێزگاو شارو ناوچەكانی كوردستان، لەچەند رێوڕەسم‌و چالاكییەكی شایستەدا، رۆژی یەكی ئایار جەژنی جیهانیی كرێكاران، بەرزڕاگیرا.
״جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كرێكاران لە ئەستۆی حكومەتە

لەسلێمانی، لەمیانی بەڕێوەچوونی چەند چالاكییەكدا بەئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی‌و حكومی، باخچەی كرێكاران كرایەوەو پەردە لەسەر پەیكەری سیمبولی كرێكارانیش لادرا. لەوتەیەكدا حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، ئەوەی خستەڕوو كە»یەكێتی هۆكاری دواكەوتنی كابینەی نوێی حكومەت نییەو ئامادەی هەموو پشتیوانییەكێتی».
لەڕێوڕەسمی كردنەوەی باخچەی كرێكاراندا، حاكم قادر، ئاماژەی بەوەشكرد كە كرێكاران توێژێكی كاریگەری نێو كۆمەڵگەی كوردەوارین، هەمیشە جێدەستیان لەئاوەدانیدا دیارەو بەدەستی قڵیشاویان هەموو بنیاتی ئەم نیشتمانە، هەموو پەرەپێدان‌و پێشكەوتن‌و ئاوەدانی لەسەر دەستی ئەوان‌و بە هێزو بازووی كرێكارانی رەنجدەرو ماندوونەناس فەراهەم بووە، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتیوانیان دەبین.
لەبەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا، لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، حاكم قادر، رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆكاری دواكەوتنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم نییە‌و هەر لەسەرەتاوە بۆ رای گشتیمان راگەیاندووە «بەشداریی حكومەتێك دەكەین كە حكومەتی خەڵك‌و حكومەتێكی دیموكرات بێت‌و سەروەت‌و سامانی ئەم نیشتمانە بخاتە خزمەتی خەڵكەوەو ئامادەشین بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌و پشتیوانی دەبین‌و هۆكارێك دەبین بۆ سەرخستنی كارەكانی»‌و وتیشی: زیاتر داواكارییەكانی كرێكاران بۆ باشتركردنی بارو گوزەرانی كرێكاران‌و چاكسازییە لەدۆخی نالەباری ژیانیان‌و پاراستنی مافەكانیاندا، ئەو داواكارییانەش بەشی زۆری روبەڕوی دەزگاكانی حكومەت دەبێتەوە، بۆیە وەك یەكێتی لەگەڵ زوو پێكهێنانی حكومەتدا بووین‌و پشتگیریشی دەكەین.

حاكم قادر:بەدیهێنانی مافەكانی كرێكاران
بۆ كرێكارانی ماندونەناس‌و رەنجدەرانی بیروبازووی كوردستان
بەبۆنەی هاتنەوەی یەكی ئایار، جەژنی كرێكارانی جیهان، پیرۆزبایی گەرمم ئاڕاستەی تەواوی كرێكاران بەگشتی‌و كرێكارانی كوردستان بەتایبەتی دەكەم.
ئومێددەخوازم ئەم یادە پڕشكۆیە بۆ كرێكاران‌و ڕەنجدەرانی بیروبازووی كوردستان بەتایبەتی، وەك توێژێكی كاریگەری نێو كۆمەڵگە كەجێدەستیان دیارە لەئاوەدانیی نیشتماندا، ببێتەمایەی دەستەبەركردنی مافە بنەڕەتییەكانیان‌و دابینكردن‌و فەراهەكردنی ژیانێكی ئاسوودەو رەخساندنی گوزەرانێكی شایستە كە لەگەڵ ئاستەكانی دیكەی تاكی كوردەواریدا هاوتەریب بێت.
هەروەك هیوادارم لەداهاتووداو پاش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەلی كاری هەمیشەیی زیاتر بەڕەچاوكردن‌و بەرزكردنەوەی ئاستی شارەزایی‌و دیاریكردنی لێهاتووییان، كە لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەمدا بگونجێت‌و مافەكانیان پارێزراوبێت، كار بەیاسای دەستەبەری كاری كرێكاران لەكەرتی تایبەت‌و گشتیدا بكرێت، هاوكات یاسای دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی كارابكرێت‌و رەچاوی بیمەی سەلامەتی‌و بێكاریی بۆ كرێكارانی هەرێمی كوردستان بكرێت‌و ژیانێكی خۆشگوزەرانیان بۆ بڕەخسێت‌و مافەكانیان بەپێی یاسا پارێزراوبێت.
دووبارە پیرۆزە یەكی ئایار، جەژنی جیهانیی كرێكاران
پیرۆزبایی تایبەت لەكرێكارانی كوردستان
هەر شادو سەربەرزو سەركەوتووبن
حاكم قادر حەمەجان
ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی (ی.ن.ك)

رەفعەت عەبدوڵڵا: داهاتووی باشتر بۆ كرێكاران
بە بۆنەی 1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان دەكەم، خوازیارم ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەر و هۆكارێك تابەهۆیەوە ژیانی كرێكارانی كوردستان بباتە قۆناغێكی باشتری ئابوری و دۆخێكی تەندروست بۆ كەسوكاریان بڕەخسێنێت، بێگومان كرێكاران لە مێژووی نەتەوەكەماندا بەشداریی كارا و كاریگەریان هەبووە دژی داگیركەران، هەروەك چۆن دەوری سەرەكیشیان بینیوە لە بنیاتنانەوەی كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی شار و شارۆچكەو گوندەكاندا، بوونی یاسای دەستەبەری ژیانی كۆمەڵایەتی هۆكارێكی ترە كە وادەكات گوزەرانی كرێكاران باشبێت و دەرفەتی سەلامەتی زیاتریان بۆ فەراهەم دەكات، بۆیە پێویستە لەسەر پەرلەمان و حكومەت باشترین یاسا بڕیار لێ بدەن و پاشان جێبەجێی بكەن كە داهاتووی باشتر بۆ كرێكاران زامن دەكات.
جارێكی تر یادی 1ی ئایار پیرۆزبێت و سڵاو درودیش بۆ گیانی پاكی ئەو كرێكارە شەهیدانەی كە لەكاتی كار و ئەركیاندا گیانیان بەخشیوە.
رەفعەت عەبدوڵڵا حەمەڕەش

قوباد تاڵەبانی: لە چوار ساڵی داهاتوودا كارو چالاكییەكان بەرەو زیادبوون دەڕوات

بەبۆنەی یەكی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكاران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم كرێكارانی كوردستان بەتایبەتی‌و جیهان بەگشتی كرد.
قوباد تاڵەبانی، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، لەلێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، رایگەیاند: پیرۆزبایی لەكرێكارانی كوردستان‌و عیراق‌و جیهان دەكەم‌و بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە سوپاسی سەبرو تەحەممول‌و ئەرك‌و ماندوبوونیان دەكەم.
وتیشی: لەچوار ساڵی داهاتوودا كارو چالاكییەكان لەهەرێمی كوردستان بەرەو زیادبوون دەڕوات‌و هاوكات ئەركی سەرشانی پەرلەمان‌و حكومەتە مافی كرێكارانی كوردستان بپارێزن، تاكرێكاران لەكاردابن‌و جێگەدەستیان دیاربێت‌و بەشێكی كاریگەربن لەئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا.

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*