سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سێ كورد كاندیدن بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا

سێ كورد كاندیدن بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا

وەک بڕیارە لە ٢٦ ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بكرێت و پڕۆسەكە لە ٢٧ وڵاتی ئەندام لە ناو یەكێتییەكەدا بەڕێوەدەچێ و لە هەموو پارتە سیاسییەكانیشدا هەزاران كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی كورسییەكانی پەرلەمان دەكەن، كە هەمووی ٧٠٥ كورسییە و ژمارەیەك كوردیش لە ناو كاندیدەكاندان.

ئەڤین ئینجیر
كچێكی گەنجی خەڵكی كوردستانی باکوورە. لە منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەكەی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بووە و كچێكی چالاكی بواری سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییە، ساڵانێك سەرۆكی رێكخراوی لاوانی سەر بە سۆسیال دیموكراتی جیهانی بووە. كاندیدی ژمارە (5)ە لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكراتی سویدی. خەبات دەكات لە پێناوی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، پاك راگرتنی ژینگە، ئازادی و یەكسانی بۆ ژنان، دەرفەت رەخساندن لە بەردەم لاوان بۆ كار و سیاسەتكردن، دابینكردنی خۆشگوزەرانی بۆ هەموولایەك بە یەكسانی.
لە بەرنامەكانی كاركردنیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ئەو خاتوونە دەڵێت: یەكێتیی ئەوروپا ٧٠ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، بۆ دابینكردنی ئەمن و ئاسایش و دیموكراسییەت و سەلامەتی هاووڵاتیان و لەم بوارانەشدا هەنگاوی مەزن نراوە، بەڵام ئێستا ئاراستەیەكی شەڕانگێزی دژ بەو یەكێتییە و ئارامی ئەوروپا لە ئارادایە، بۆیە دەبێت بە هەمووان رووبەڕووی ببینەوە و نەهێڵین رەوتی توندڕەو بنەماكانی دیموكراسییەت لەق بكەن.
ئەو خاتوونە پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵ پارتە سیاسییە كوردییەكانی هەموو پارچەكاندا هەیە، چەند جارێك بە هاوڕێیەتی وەفدی رێكخراوی سۆسیال دیموكراتەكان سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.

عەلائەدین باسبۆگا
عەلائەدین باسبۆگا Alettin Basboga لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری دەرسیمی كوردستانی باکوور لە دایكبووە، ماوەی ٢٧ ساڵە لە شاری لاهتی وڵاتی فنلەندا نیشتەجێیە، ماوەی ١٤ ساڵە و سێ خولە لە سەریەك ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لاهتییە لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكرات، لە ساڵی ٢٠١٧ ەشەوە ئەندامی ئەنجومەنی پارتەكەیە لەو شارە. ئێستاش كاندیدی ژمارە ٨٣ یە هەر لەسەر ئەو لیستە و گەنجێكی كارا و لێهاتووە لە بواری سیاسەت و ئیدارەداندا. لە ماوەی رابردوودا لە كارەكانیدا لەگەڵ هاوڕێ فنلەندییەكانی، سەركەوتوو بووە و هەر ئەوانیش هانیانداوە خۆی كاندید بكات.
عەلائەدین داوا لە كوردانی دانیشتووی فنلەندا دەكات دەنگی پێ بدەن، تا ببێتە نوێنەریان لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا و بتوانێت لە پاڵ خزمەتكردن بە بنەما سەرەكییەكانی یەكێتیی ئەوروپا و كۆمەڵگەی فنلەندی، خزمەتێكیش بە دۆزی رەوای گەلی كورد بكات.

شەم شەهاب
ئەو كچە كوردە خەڵكی شاری سلێمانییە لە باشووری كوردستان، تەمەنی 23 ساڵە ‌و لە بنەماڵەیەكی دیار و رۆشنبیر ‌و سیاسی هاتۆتە دنیاوە، لە منداڵییەوە لەگەڵ دایك و باوكی نیشتەجێی هۆڵەندایە و بچووكترین كاندیدی پەرلەمانی ئەوروپایە لەسەر لیستی پارتی كار (سۆسیال دیموكرات)ی هۆڵەندا PvdA و ئێستا خوێندكاری زانكۆی Tilburg ە. ئەم خاتوونە دەخوازێت ببێتە نوێنەری هۆڵەندی لەلایەك و رەوەندی كوردیش لەلایەكی تر، تا بتوانێت كێشەی گەلەكەی بباتە ئەو نێوەندە بایەخدارە.
وەك هاوڕێ و دۆستەكانی باسی دەكەن، ئەندامانی پارتەكەی لە شارەكەیدا هەمیشە پشتیوانیی دەكەن بۆئەوەی هەنگاوی تر لە بواری سیاسەتكردن بچێتە پێشەوە و هەمیشە هانی دەدەن بۆ زیاتر. هیوای زۆریان پێیەتی كە ببێتە نموونەیەكی جوانی خزمەتكردن و وەك كەسێكی كارامە و بلیمەت سەیری دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

میسر بە دوای هەژموونی خۆیدا دەگەڕێ

عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە دوای سەرکەوتنی لە راپرسییەکەی بۆ ...