سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » عەباسی عەبدی:بە ریفراندۆم و ئاکامەکانی وڵاتانی ناوچەکە توانیان کارتی پرۆژەی سەربەخۆیخوزای کورد بسوتێنن

عەباسی عەبدی:بە ریفراندۆم و ئاکامەکانی وڵاتانی ناوچەکە توانیان کارتی پرۆژەی سەربەخۆیخوزای کورد بسوتێنن

عەباس عەبدی بۆ خوێنەری کورد لە باشوری کوردستان ناوێکی زۆر ئاشنا نییە، بەڵام لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەهۆی بەشداریکردنی لە بەبارمتە گرتنی دیپلۆماتەکانی باڵوێزخانە ئەمریکا بوو بە ناوێکی دیار لەسەر ئاستی دنیا. عەبدی لە سەرەتای شۆڕشدا ئەندامی خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمام و کەسێکی دیاری دەزگا ئیتلاعات و بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی وەزارەتی داد ئێران بووە. بەڵام دوایی هەڵگەڕاوەتەوە و بووتە کەسێکی ریفۆرخواز. رۆژنامەی «سلام»ی دەرکردوە، لە ئێستادا سەرقاڵی توێژینەوەی زانستییە و راوبۆچوونەکانی لە ئێراندا گرنگی و بایەخی خۆی هەیە.

وەرگێڕانی لە فارسییەوە مەجید ساڵح
لە دیدارێکدا عەبدی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قسەکردن سەبارەت بە رووداوەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پسپۆریەکەی ئەودا نییە و زیاتر باس لە «چەمکە گشتییەکان)ی ئەو مەسەلەیە دەکات. عەباسی عەبدی لە رێگەی شیکردنەوەی ئەو زەمینە و رێوشوێنەی کە ریفراندۆمی تێدا ئەنجامدرا، سێ ئەگەری سەبارەت بە سوربوونی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە خستووەتەڕوو؛ تێنەگەیشتنی دروست، کردەوەیەکی ئینتیحاری و گەمەی وڵاتانی ناوچەکە.
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی هەندێ کەمە نەتەوەییەکانی ئێران لەبەرامبەر بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، چووە ناو بابەتی کەمینەکانی ئێران و سنورە یاساییەکانی وڵاتانەوە. عەبدی وەک زۆربەی شیکارییەکانی دیکەی، بەلەبەر چاوگرتنی زیان – قازانجەوە دەڕوانێتە ئەم مەسەلەیە. ئەو پێی وایە ژیان لەم سنورانەی کە هەیە «ئاسودەترین و کەم خەرجترین جۆری ژیان»ە بۆ گەلان. ئەم لێکۆڵەرە ریفۆرمخوازە پێی وایە تەنیا رێگەی بەرگری کردن لە ئێران بریتیە لەوەی وڵاتەکەی بەرەو ئاراستەی «دەوڵەت – میللەت» هەنگاو هەڵنێ. لەخوارەوە هەموو چاوپێکەوتنەکە بخوێننەوە.

پێشنیازی زۆر درایە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو لە بارامبەر ئەنجامنەدانی ریفراندۆم هەندێ دەسکەوت بۆ هەرێم بەدەست بهێنێ، بەڵام هەموو ئەو پێشنیازانە رەتکردایەوە. سوربوونی مەسعود بارزانی بۆ ئەنجامی ریفراندۆم پەیڕەوی لە چی لۆژیکێک دەکات؟ ستراتیژی ئەو چی بوو؟
– سەرەتا دەبێ بڵێم پسپۆری من ئەوە نییە کە بمەوێ سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا رووداوە، رای خۆم دەربڕم و زیاتر سەبارەت بە تێگەیشتنی گشتی ئەو مەسەلەیە رای خۆم دەردەبڕم. سەرەتا وادەهاتە بەرچاو کە ئەم رووداوە زیاتر لەوەی بە شێوەیەکی راستگۆیانە بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە داخوازییەکانی کوردەکان بێت، بە شێوەیەک بۆ داپۆشین و چارەسەرکردنی ناکۆکی ناوخۆیی بارزانییەکانە لە گەڵ ئەوانی دیکە. بارزانییەکان کۆمەڵێک گرفتیان هەبوو، دەیانویست لەم رێگەوە دایانپۆشن. هەموو کێشەکانی دیکەش کە دوایی کەڵەکە بوون بەرئەنجامی ئەم کێشەیەیە. واتە هەمان سیاسەتی «رێخه و جێبەجێی بکه « سەربەخۆیخوازی ویستێکی جیدی و مێژوویی کوردەکانە، بەڵام کاری سیاسەتمەدار ئەوە نییە سواری شەپۆلی ئەم ویستە ببێت و بۆ هەرکوێ بیەوێت لێیخوڕێ. کاری سیاسەتمەدار لێرەوە دەست پێدەکات کە چۆن رابەرایەتی ئەم ویستە بکات و بەئەنجامی بگەیەنێت.
سیاسەتمەدار دەتوانێ بڵێ لەبەر ئەوەی کار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵک دەکەم، بێتاوانم. ئامانجەکان شتێکی زۆر ئاڵۆز نین. ئەرکی سیاسەتمەدار ئەوەیە، دەبێ بە شێوەیەک کار بکات بیانهێنێتەدی، نەک دەستیان بەسەردا بگرێت و پاش یەک دوو مانگ پاشەکشەی لێبکات و هەموو وڵاتەکە لەدەست بدات. بارزانی بەهیچ شێوەیەک بیری لەو مەسەلەیە نەکردوەتەوە و دەڵێ خیانەتیان لێکردوم. با وای دانێین «خیانەت»یان لێکردوە، ئەی تۆ لەو نێوەندەدا چی کارەیت؟! سیاسەتمەدار دەبێ ئاگای لەو خیانەتانە بێ کە لێی دەکرێ؛ نەک دوای ئەوەی تێکدەشکێ بڵێ خیانەتم لێکراوە. هەڵبەت گریمانەمان دانا کە خیانەت کراوە، چونکە لایەنەکانی دیکە ئەو قسانە رەتدەکەنەوە.
مەسەلەکە ئەمەیە کە جۆری پشتیوانی کردنی حزبە کوردییەکان لە سیاسەتەکانی بارزانی دەرئەنجامەکەی دەگات بەوەی کە لە یەکەم بەربەستدا، یەکێتییەکەیان لەدەست دەدەن. کێشەی بارزانی لەوەدایە، نە بە پشتبەستن بە یاسا کاری کرد – چونکە ئەگەر بیویستبایە بە پێی یاسا کار بکات، دەیزانی هیچ ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی بە یەک لایەنە ئەنجام نادرێت- و نە لە پێگەی هێزەوە ئەو کارەی کرد. ئەو هێز و توانای پێویستی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە نەبوو. ئەگەر ئەو هێندە هێزی دەبوو کە بتوانێت یەک لایەنە ریفراندۆمەکە ئەنجام بدات و هەموان ناچار بوونایە دەرئەنجامەکەی قەبوڵ بکەن، ئەو کاتە کارەکەی لە رووی سیاسیەوە راست دەبوو. بەڵام ئەو هێزی ئەوەی نەبوو؛ هەربۆیە لەیەکەمین پەلاماری هێزە عێراقییەکاندا، کەرکوک و هەندێ جێگەی دیکەی لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە، کردەوەکەی ئەو پشتی بە یاساش نەبەستبوو، تا وڵاتانی دراوسێ و جیهان و رای گشتی بڵێن ئەم کارە بە پێی یاسا ئەنجامدراوە و پشتیوانی لێبکەن. بەم هۆیەوە ئەگەری ئەوە هەیە بارزانی بەدروستی لە دەرئەنجامی ئەم کارەی تێنەگەیشتبێ. بەڵام ئەگەرێکی دیکەش هەیە و ئەویش ئەوەیە پێشبینی هەموو ئەم لێکەوتانەی کردوە یا زانیویەتی روودەدەن، بەڵام بەلایەوە زۆر گرنگ نەبووە و وتوویەتی توشی شکست دێم و وتوویەتی با لە رێگەی پرۆسەی بەرگری لە ئامانجەکانی کوردستاندا تێکبشکێم..

بەهەر حاڵ ئەو پرۆژیە شکستی هێنا، بەلەبەرچاوگرتنی قسەکانی ئێوە دەبێ بڵێم کە بارزانی بەباشی لە مەسەلەکان تێنەگەیشتبوو یان دەیویست کێشەکانی خۆی پێ پەردەپۆش بکات و بە شێوەیەک لە هزری خەڵکدا بە زیندوو بمێنیتەوە، بەڵام بەڕای تۆ ئەو رووداوە روودەدات؟ ئایا بارزانی توانی لە رێگەی تۆخ کردنەوەی باسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان پێگەیەک بۆ خۆی بەدەست بهێنێ؟
– ئێمە نازانین لە ئایندەدا چی روودەدا، حەقیقەت ئەوەیە بارزانی بوو مەسەلەی ریفراندۆمی خستەڕوو و جێبەجێشی کرد، بۆیە هەموو کاتێک دەتوانێت مودەعی ئەوە بێت. بەڵام ناتوانرێت پێشبینی بکرێت لە کرداردا چی روودەدات. هەندێ لەم ماجەرایە پەیوەندی بە کاردانەوەی حزبە کوردییەکانی دیکە و دەوڵەتی عێراقەوە هەیە؛ ئەگەر دەوڵەتی عێراق کوردەکان نەوروژێنێت و رەفتارێکی گونجاوی هەبێ، ئەگەری ئەوە هەیە بارزانی بەدۆڕاوی دەرچێ. بەڵام لە راستیدا ئەم پرۆژەیە بووە هۆی دواکەوتنی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان. ئێستا هەرێمی کوردستان بەشیک لە دەرامەتە نەوتییەکانی خۆی لەدەستداوە و ئەگەر حکومەتی عێراق موچەی کارمەندەکانی هەرێم نەدات، گوشارێکی گەورەی دەکەویتە سەر. لەلایەکی دیکەوە ئەم مەسەلەیە دەبێتە هۆی نائارامی لە هەرێم و لە دەستدانی متمانەی ئێران و تورکیا بە بەڕێوەبەرایەتی هەرێم و سەرمایەگوزاری لە هەرێم کەم دەبێتەوە. جگە لەوە درزی زیاتر دەکەوێتە نێوان حزبەکان. کێشەی سەرەکی بارزانی ئەوەیە کە وەک قومارکردن، ریسک بە سیاسەتەوە دەکات. لە سیاسەتدا نابێ زۆر هەنگاوی ریسک هەڵبنێت. لە رەفتاری شەخسی و ئابوری، دەکرێت ریسک بکرێت.
تۆ دەتوانی ریسک بکەیت؛ لە کۆتایدا تێکدەشکێت، کێشە نییە. چونکە بڕیارەکەتان بۆ خۆتانە، سود و زیانەکەی بۆ خۆتانە، بەڵام لە سیاسەتدا ریسک کردن بە گیرفانی خەڵکانی دیکەوە باجی هەیە. من کاتێک دەتوانم ریسک بکەم کە خۆم هەموو باجەکەی بدەم، بەڵام سیاسەتمەدارێک مافی ئەوەی نیییە ریسک بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەیەوە بکات. خاڵی زۆر گرنگ لەم جۆرە مەسەلانە ئەوەیە کە دەبێ بەشداری هەموان بەدەست بهێنرێت. ئەگەر بەشداری گروپەکانی دیکەی خاوەن بەرژەوەندی لە بڕیاردان بەدەست نەهێنرێت و بڕیارەکان لە رێگەی گوشارەوە بەدەست هاتبن، لەیەکەم رووبەڕووبونەوەدا، هەموو ئەو هێزانە پاشەکشە دەکەن و کەنار دەگرن. هەر لەبەر ئەمەشە دەبینی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەڵێن هەڵەمان کردوە و ئێمە هەر لە سەرەتاوە باوەڕمان بەم کارە نەبووە. تەنانەت لە ناوی بەرزانییەکانیشدا گوێت لەم جۆرە قسانە دەبێ.

بەڕای ئێوە دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ چی کاردانەوەیەکیان هەیە و دەبێ؟ ئایا درزی نێوان نەتەوەکان فراوانتر دەبن؟
– پێم وانییە ئەم بابەتە ببێتە هۆی زۆر بوونی ناکۆکی نەتەوەیی. هەستی من ئەوەیە ئەگەرێکی سێیەم بۆ رەفتاری بارزانی هەیە و ئەویش ئەوەیە بارزانیان راکێشایە ناو ئەم پرۆژەیەوە تاوەکو دوریخەنەوە، مەسەلەکە پەیوەندی بە کورد و عەرەبەوە نییە..

کێن ئەوانە؟
– دراوسێکان. وڵاتانی ناوچەکە بەم کارە توانیان کارتی پرۆژەی سەربەخۆیخوزای کوردەکان پێش ئەوەی بگاتە خاڵێک کە گەڕانەوەی بۆ نەبێ، بسوتێنن. وەک وتم تۆ گەر دەتەوێ بە رێگەی سەربەخۆیدا بچی، دەبێ بە رێگەیەکی یاسایدا بڕۆیت، وەک ئوسکوتلەندە، یان دەبێ هێندە هێزت هەبێ جێبەجێی بکەیت. ئەگەر هێزی ئەوەت نەبێ، سەرناگرێ. هێز چییە؟ یەکێکیان یەکگرتوو ناوخۆییە کە بارزانی نەیبوو، بەڵگەش ئەوەیە هەموو هێزەکان لە دژی ئەو قسە دەکەن. ئەوی دیکەشیان بوونی هێزێکی سەربازییە، لەوەشدا کەموکوڕی هەبوو، یەکێکی دیکەشیان هاوپەیمانی دەرەکییە، لە گەڵ ئیسرائیل هیچت پێ ناکرێ، چونکە چواردەورت بە ئێران و تورکیا و عێراق و سوریا گیراوە. یەکێکی دیکەش هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، تەنانەت یەک وڵاتیش پشتیوانیان لێنەکرد، یەکێکی دیکە هێزی ئابورییە، تۆ کە لە ناوچەیەکدا هەرچواردەورت گیراوە و زۆر پێویستت بە هەناردەکردن و هاوردەکردن هەیە، حەتمەن هیچت پێ ناکرێ و ناتوانی بەرگری لە خۆت بکەیت. تەنیا بەرگریەکی لەو شێوەیە لە بەرلینی رۆژئاوا (لە کاتی جەنگی ساردا) روویداوە، ئەویش رۆژی چەند جارێک فڕۆکە (سی ١٣٠)یەکانی ئەمریکایی کەلوپەلیان بەسەر (بەرلین) بەردەدایەوە تا ئەو یەک دوو ملیۆن مرۆڤەی کە لەوێدا دەژیان بە زیندوویی بمێننەوە، ئەگەر ئەوە نەبووایە بەرگرییەکە تێکدەشکا. هەر بۆیە بارزانی نە یاسایی رەفتاری کرد و نە بەپشت بەستن بەهێز. کەواتە چی دەکرێت باببێ؟ یان ئەوەتە وەک وتمان ئەو خۆکوژانە رەفتاری کرد، جا چی زیندوو بێت یان مردوو، سەرکەوتووە. ئەگەری سێیەم ئەوەیە کە لەلایەن وڵاتانی سێیەمەوە و لەوانەشە عێراق فێڵی لێکرابێ و پێی وابووە کە ئەوان هیچ رێوشوێنێک ناگرنەبەر و بە تێپەڕ بوونی کات دەچێتە پێشەوە، یاخود بیری لەوە کردوەتەوە کە دوای نەختێ بەرگری هەموو شتێک دەگۆڕێ.

لە پرۆژەی سەربەخۆیخوازی هەرێمی کوردستان تا چ رادەیەک ئەگەری ئەوە هەبوو دراوسێکان بیانەوێ باجەکەی بدەن بۆ ئەوەی لەباری ببەن؟
دراوسێکان هیچ زیانیان نەکردوە، کاتێک تۆ میوەیەکی کاڵ دەڕنی، بێ نرخی دەکەی. تەنیا ئومێدی کوردەکان ئەوە بوو لە کوردستانی عێراق بگاتە جێگەیەک و ئەویش بەکردەوە شکستی هێناوە؛ هەر بۆیە باشترین کار بۆ ئەو کەسەی لە دژی ئەم مەسەلەیەیە، ئەوەیە؛ ئەو میوەیە بە کاڵی بڕنێت. سەیرکەن، پایەی سیاسەت هێزە، هیچ شتێکی دیکە نیە جگە لە هێز نەبێ.
بۆ هەر هەنگاوێکی سیاسی، بە تایبەتی لە کاروباری دەرەوەدا، دەبێ جۆرەها پێکهاتەی هێزت لە بەرچاو بێ، هێزی پشتیوانی دەرەکی، هێزی سەربازی، هێزی رێکخستنی سیاسی ناوخۆیی و.. دەبێ ئەمانە لەبەر چاو گیرابێت. بارزانی هیچ کام لەو پێکهاتانەی لەبەر چاو نەگرت و دواتر چاوەڕێی ئەوەشی دەکرد ئێران و تورکیا پشتیوانی لێبکەن. ئاشکرایە ئەوە جۆرێکە لە کالفامی سیاسیی. تۆ خەریکی کارێکیت دەبێ ئەگری ناڕەزایی ئەوانی دیکە بگەیەنیتە خراپترین حاڵەت. کاتێک دەچیتە پێشەوە دەبێ ئاگات لە پشتی سەرت بێ، هەر بۆیە ئەو پلانە هەر لەسەرەتاوە پلانێکی بەکێشە بوو.

گریمان هەرێم هێزی تەواوی بۆ سەربەخۆ بوون تێدابوو، ئایا دەیتوانی ببێتە (وڵاتێک)؟ پێداویستە دیارەکانی بۆ ئەم کارە هەبوو؟
– لەوانیە ئەگەر باسی شتێکی دیکە بکەین وەڵامی ئەم پرسیارە روون بێتەوە. خەبات لە کوردستان لە رووی مێژووییەوە پشتی بەو خواستە بەستووە. کاتێک خەباتکردن پشتی بەم خواستە بەستبێ، ئیتر کەسێک نییە ئەم پرسیارەی تۆ بکات، بۆ؟ چونکە ئەگەر ئەم ناوچەیە نەختێ دیموکراتیزە بکرێت، ئەو کاتە رابەران بەدوای ئەم خواستەدا دەچن، تەنانەت ئەگەر هەلومەرجەکەشیان نەبێ. بریتانیا لە ئیرلەندا چەندە زیانی لێکەوت و دواجار ئیرلەندە جیا بوویەوە؛ بەڵام لە ئوسکتلەندە ئەم کارە ناکات؛ بەڵام ئوسکتلەندیەکانیش جیا نابنەوە؛ واتە کاتێک ئاستی پەرەپێدان پێشدەکەوێ، لەوانەیە ئەو مەسەلەیە باسی لێوە نەکرێ. بە پێشکەوتنی هەرێم لەوانەیە خەڵک بیر لەوە بکەنەوە کە زمان و کلتوری من ئەگەر هەبێ، سیاسەتی دەرەکی بەمن چی؛ بەڵام ئەگەر بکرێت بازاڕێکی گەورەم هەبێ و بتوانم هاموشوی عێراق و ئێران و جێگەی دیکە بکەم و ئەم پەیوەندیانە باشتر ببن، ئەی کەواتە بۆ جیا ببمەوە؟! فرە کلتوری بۆ خۆی هێزە. ئێستا سەیری کوردەکان بکە، بە تایبەتی کوردەکانی عێراق، هەم فارسی دەزانن، هەم عەرەبی، هەم کوردی و لەوانەشە تورکیش بزانن. لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانە هاتوچۆیان هەیە. ئەوە بۆ خۆی هێزە. ئەگەر کۆمەڵگا پێشکەوێ، لەوانەیە بڵێ من کێشەم نییە و دەمەوێ لە گەڵ ئەم وڵاتانەدا بژیم؛ بەڵام دەمەوێ گوزەرانم باش بێ. کێشەکە لەوەدایە سترکچەری خەباتی پێشویان کاتێک لە سەر بنەمای سەربەخۆیی بووە، لە هەمان ساڵی ٢٠٠٣ کە ئەمریکاییەکان هاتن و ئەوەیان لە هزردا بووە و هەموو رۆژێک دوایان خستووە. ئەوەی کە ئێستا من و تۆ بڵین هەلومەرجەکە لە ئێستادا گونجاوە یان نەگونجاوە، بۆ ئەوان جێگەی بایەخ نییە. گرنگترین مەرج بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هاوسەنگی هێزە. ئەوان هاوسەنگی هێزیان نەبوو، بەلای کەمەوە دەبوو وڵاتێکی دراوسێ پشتیوانی لێ بکردنایە. بینیتان پێویستی بەدەستێوەردانی وڵاتانی دراوسێ نەکرد، دەڵێن حکومەتی عێراق پێی وتووین سنورەکان دابخەن و دایدەخەن. ناتوانن داینەخەن؛ چونکە ئەون تەنیا عێراق بەفەرمی دەناسن.
ئەگەر کۆمەڵگا بەوڕادەیە پێشکەوتوو دەبوو کە ئەمەی بە کێشە نەزانیبایە، حکومەت دەیوت ئەگەر لە بەرژەوەندیتانەدایە ریفراندۆم ئەنجام بدەن و بڕۆن، ئەگەریش بە قازانجتان نییە، بمێننەوە. بەڵام سەربەخۆیخوازیی لە پرۆسەی سیاسی سەد ساڵی رابردووی کوردستاندا ئامانجێکی سەرەکییە و ناگۆڕێ، ئێستا ئەم مەسلەیە لە هەڵکشاندایە.

بەڕێز عەبدی لەم چەند هەفتەیەدا لە ناوچە کوردنیشیەنکاندا (ئێران) کەشێکی سەربەخۆیخوازی و لە ئێرانیش کەشێکی دیکەی رەخنەگرتن لە سەربەخۆییمان بینی، بەرای تۆ شتی وا بۆ ڕوودەدات؟
– تۆ وای دانێ ئەو کاتەی پەیمانی سایکس – پیکۆ بەسترا، ناوچەیەکیشان بۆ دەوڵەتی کوردستان دادەنا، ئەو کاتە وەک چۆن ئێستا بوونی ئەم وڵاتانە بۆ ئێمە شتیکی ئاساییە، بوونی دەوڵەتێکی واش ئاسایی دەبوو، چی دیکە باسی ئەم مەسەلەیەمان نەدەکرد و نەماندەوت دەبێ ئەمانە بەشیک بن لە عێراق.
بۆ نمونە لە ئێراندا کەم کەس هەیە باس لەوە بکات کە ناوچەی (هەرات لە ئەفغانستان) بەشیک بووە لە ئێران و دەبێ بگەڕێتەوە. ئێستا کێشەکە تەواو بووە و بەسەرچووە. ئەگەر وایە، کەواتە بۆ لە ئێستادا دژی جیابوونەوەی کوردستانین لە ئێران و بەرگری لێدەکەین؟ هۆکارەکەی ئەوەیە ئەم سنوورانە بوونەتە ئەمری واقیع و ئەگەر دانی پێدا نەنێیت هەموو شتێک لە ناودەچێ. لێرەدا شتێکمان نییە بە ناوی حەقیقەت و راستی. کێ وتوویەتی (تیابا) دەتوانێت ببێتە سنوور؛ بەڵام ٥٠ کلیۆمەتری ئەم لاو ٥٠ کلیۆمەتری ئەولا نابێ؟ ئەوانە لە کوێوە هاتوون؟ لە هەموو حاڵەتەکاندا ئەوە حەقیقەتە و سیستمی نێو دەوڵەتی (دەوڵەت – نەتەوە)کانی بە فەرمی ناساندوە و بەو دۆخەوە «ژیان» دەکەین.
تەنیا و تەنیا کاتێک ئەم دۆخەدا حەقی گۆڕینی هەیە کە زیان و ئازارەکانی ئێستای خراپتر بێت لەو حاڵەتەی کە دەبێ بۆی بگۆڕێت؛ هەر بۆیە من پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردەکان و هەر کەمینەیەکی دیکە دەکەم، کاتێک هێندە بکەونە ژێر گوشارەوە کە نەتوانن لە گەڵ وڵاتەکەیاندا پەیوەندیان هەبێ و هەستی ئینتمایان بۆ نەمێنێ و جیاکاری ئەوەندە زۆر بێ، ئەو کاتە ناتوانن ژیانیکی شایستەیان هەبێ. هەندێک هەن زیاد لە پێوسیت چونەتە ناو ئەو بابەتەوە، من وەک خۆم ئاساییە بەلامەوە کوردەکانی ئێران بە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق خۆشحاڵ بن. ئەگەر منیش کورد بوومایە ئەگەری زۆر هەبوو کاردانەوەم هەروا دەبوو؛ هەڵبەت رەفتاری کوردێکی سوونی، یا کوردێکی شیعە تا رادەیەکی جیاواز دەبوو. چونکە بۆچوونی ئەم دووانە کەمێک لەیەک جیاوازە، بەڵام ئەوەی کە من دژی ئەو شادیە بم، حەتمەن کێشەی دەبێ و ئەخلاقی نییە. پێم وایە هەندێک زۆر زوو چوونە ناو ئەو بابەتەوە، نەدەبوو بەو خێرایە و بەو توندیە بچنە ناو مەسەلەکەوە. وابڕیار نییە هەر رووداوێک کە ئێستا روودەدات، من و تۆ دەستبەجێ لەبەرامبەریدا هەڵوێست وەربگرین.

رای ئێوە سەبارەت بە هەڵوێست وەرگرتنی رۆشنبیرانی ناوخۆیی سەبارەت بە مەسەلەی کوردستان چییە؟
– هەرچەندە هەموویم نەبینیوە و هەموشیان وەک یەک نین، بەڵام بەرای من هەندێ لە روناکبیرانی ئێمە سەبارەت بەم مەسەلەیە بە وردی قسەیان نەکردوە. ئەوەی بڵێین فلانە شوێن بەشیکە لە ئێران و قسەی لەو بابەتە هەر باش نییە. بەندە ئەو ئێرانەی کە ئەوان باسیان لێوە کردوە، هەر نازانم چییە. ئەگەر وایە دەبێ بڵێین هەراتیش بەشێکە لە ئێران. من بە جۆرێکی تر دەڕوانمە مەسەلەکە؛ دەڵێم حەقیقەتێک بوونی هەیە، هەر ئەم یەک ملیۆن و ٦٤٨ کلیۆمەترە چوار گۆشەیە کە ئێستا هەیە. یەکێکیان ماڵی لەم دیوی سنورە و ئەوەی دیکەشیان لەو دیوی سنور؛ لە رووی ئینسانیەوە ئەو دوو کەسە هیچ جیاوازیان نییە، بەڵام یەکێکیان هاوڵاتی ئێران و ئەوی دیکە هی وڵاتێکی دیکە. دەبێ ئەوە بپارێزین. هەموو کەسێک دەبێ لایەنگری پاراستنی ئەوە بێ. چۆن بیپارێزین؟ دەبێ ببین بە دەوڵەت – نەتەوە. واتە تا لە یەک نزیک ببینەوە و مافی یەکسانمان دەبێ، نایەکسانی سیاسی، مەزهەبی، ئابوری و کلتوری کەمتر دەبێتەوە تا ئەو رادەیەی بۆچوونی هەڵهاتن لە سەنتەر بەهایەکی نامێنێ. نە بەهای کلتوری و دەبێ و نە بەهای ئابوری.
یانی ئاراستەی نەبێت؟
– بەڵێ. ئاراستەی نەبێ. بەلای زۆربەی خەلکی بێ کەڵک بێ. گەر جیاکارییەکان زیاتر بکەیت و هاوکات بتەوێ کەمینەکان بپارێزی، باش دەبێ ئەو کارە بکەیت، بەڵام ئەو کارە بەرهەمێکی نابێ. لە کۆتاییدا جیابوونەوە ئاراستە وەردەگرێ و خەڵکەکە رێگەیەکی تر دەگرنەبەر. مەسەلە سەرەکییەکە ئەوە نییە بڵێین ئەم بەشە ئێرانە و ئەوی دیکە نا، چونکە لەوانەیە لە ئێرانیشدا هەندێ شوێن هەبێ لە گەڵ کلتوری ئێرانییەکاندا زۆر کۆک نەبێ. گەر لە رووی کلتورییەوە تەماشا بکەیت، ئەو کاتە دەبێ بڵێیت ئەو ناوچانە دەبێ لە ئێران جیا بکرێنەوە. من وای نابینم؛ هەر بۆیە خۆم تێهەڵنەقورتاند. سنورەکان وایان لێهاتووە و نە رێگە بە کەس دەدەین دەست دەستدرێژی بکاتە سنورەکانمانەوە و نە بەدوای گرتنی سنوری کەسی تردا دەڕۆین. ئەمە کەم خەرجترین و بێ زیانترین جۆری ژیانە کە دەکرێت هەمان بێت. دەبێ وەک شوناس سەیری ئەمە بکەین، بونیادی سیاسەت حەق و باتڵ نییە، سەرەڕای ئەوەی دەکرێ چۆن بتەوێ مێژوو بخوێنیتەوە، بەڵام نامانەوێ خۆمان بە مێژووەوە سەرقاڵ بکەین، دەبێ ئەمە بپارێزین و چیمان داوە لەوەی کە چەند هەزار ساڵێک لەمەوپێش فارس لە هەرات هەبوون یان نەبوون.
ئەوان لە وڵاتێکی دیکەن و ئێمە ناتوانین سەبارەت بەوان قسە بکەین. دەبێ ئێمە بە دروستی لەگەڵ نەتەوەکاندا رەفتار بکەین بۆ ئەوەی ئێرانی بوون لە هەموو روویەکەوە بۆ هەموان سوود بەخش بێ. هەڵبەت کە دەڵێین لە گەڵ نەتەوەکاندا دروست رەفتار بکەین بۆ خۆی هەڵەیە، دەبێ بڵێین هەموومان ئێرانین و ئێران موڵکی هەموومانە؛ بەبێ جیاکاری. بەڕای من ئەوە تەنیا رێگەی پاراستنی ئێرانە. نەک ئەوەی بڵێین ئازەرییەکان و کوردەکان چین و چی نین. زۆر لەو کەسانەی بەرگری لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی دەکەن ئازەریین، لە کسرەوی بگرە تا مولکی و ئەوانی دیکە، بەڵام دەبێ بزانن لە یەکەمین کۆنگرەی حزبی تودەدا دوو زمان بەکار هات. چونکە نوێنەرە ئازەرییەکان فارسییان نەدەزانی، بەڵام پێیان وانەبوو لە دوو وڵاتی جیاوازەوە هاتوون. ئەمڕۆ ئەگەر کۆنگرەیەک ببەسترێت (تەنانەت ئەگەر لە هەموو ئێرانەوە تێدا کۆببنەوە)، پێوسیت بە زمانی دووەم ناکات؛ چونکە هەمووان فارسی دەزانن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەوانەیە هەستی جیاکاری هەبێ. نابێ وابزانین بە یەکخستنی زمان و کلتور دەتوانین ئەو مەسەلەیە چارەسەر بکەین. هەڵبەت دەبێ ئەوەش بڵێین ئەم جۆرە بۆچوونانە لە ئازەربایجاندا لە هەندێک لەوانەدا هەیە کە هەڵوێستی رۆشنبیرانەیان هەیە. رۆشنبیرانی فارس ناتوانن بۆچوونی جیابوونەوەیان هەبێ. دەنگدانەوەی ناڕەزایەتی رۆشنبیرانی فارس و نەتەوەکانی نزیک لە فارس لەلای رۆشنبیرانی نەتەوەکانی دیکەدا لە شێوەی جیابوونەوە خوازیدا دەردەکەوێت.

واتە ئۆپۆزسیۆن لەلای ئەوان ئاراستەیەکی جیابوونەوە خوازی دەگرێتەبەر؟
– بەڵێ. ئۆپۆزیسۆن لە ناو فارسەکانیشدا هەیە؛ بەڵام بۆ فارسێک بێ مانایە جیاخواز بێ؛ بەڵام ئەوان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن؛ بەڵام خەڵکەکە وا نین. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ روویدا. ئەسڵەن ئەو شتەی کە ئاغای مانا نەیستانی داینابوو، (کاریکاریستێکی ئێرانیە، ئازەرییەکانی وەک سیسەرک پیشاندابوو) لە رووکەشدا زۆر گرنگ نەبوو؛ بەڵام بۆ لەوێدا ئەو دەنگدانەوەی هەبوو؟ بە هۆی (هەستێک) . ئەگەر ئەو سیسەرکە بە فارسی قسەی دەکرد ، هەموان پێدەکەنین، چونکە ئێمە ئەو هەستەمان نییە کە بڵێین «دەیانویست گاڵتە بە فارسەکان بکەن»؛ بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان ئەو هەستەیان هەیە، هەڵسەنگاندنی وای بۆ دەکەن، یان وای دەبینن. ئەو هەستە هۆکاری هەیە و دەبێ ئەو هۆکارە بدۆزرێتەوە. با بگەڕێنەوە بۆ باسی کوردستان، باشترین کاری هەرێم ئەوە بوو کە بەرنامەیەکی ٢٠ ساڵەی دانابوو بۆ ئەوەی خۆی لە عێراق جیا بکاتەوە، ئەگەر بیتوانیبایە یەک پلە کوردستانی عێراق بباتە سەرەوە، هەر پێویستی بە ریفراندۆم نەدەکرد و بەکردەوە سەربەخۆیی بەدەست دەهات.

بۆ ئەو تێڕوانینیە لەلای سیاسەتمەدارەکانی هەرێمدا نەبوو؟
– هۆکاری ئەو رووداوەمان باس کرد. باگراوندی سیاسی کوردەکان لە سەر ئەساسی ئەو خواستە دروست بووە و ئەوە داخوازییەکی گشتییە و پاڵیان پێوەدەنێ بۆ پێشەوە. بەڵام ئەوەی ئەم خواستەیان دەگاتە ئەنجام، نەخێر؛ واتە ئەوان جگە لەوە هیچی دیکەیان لەبەرچاو نییە و دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە قەیران دروست دەبێ و زیاتر دوا دەکەون و لە حەقیقەتیشدا دواکەوتن، زیاتر لەم ئامانجە دور دەکەونەوە.
کەس جورئەتی ئەوەی نییە دژی سەربەخۆیی کوردستان بوەستێتەوە یان بڵێ هەڵەیە، لەوانەیە جەلال تاڵەبانی بمابایە ئەوەی دەکرد. بۆ؟ چونکە تاڵەبانی پێگەیەکی بەهێزی هەبوو، هەڵبەت لە ناو حزبەکەی خۆیدا. هەر بۆیە شتێکی مەترسیدارە کاتێک هەست و سۆز بەسەر سیاسەتمەدارەکاندا زاڵ دەبێ. سیاسەتمەداری پۆپۆلیست دێت و بەو ویستەوە دەچێتە پێشەوە، بەڵام بێ ئاگایە لە دەرهاویشتەکانی و نازانێ چ قوڕێکی کردوەتە سەر خۆی و چۆن دەدرێت بە ئەرزا.

لە رۆژانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و لە نێو رۆشنبیرانی ئێرانیدا هەرای لێکەوتەوە. بۆ ئەم بابەتە بوو بە پرسێکی پەیوەندیدار بە ئێمەوە؟ بۆ پرسی جێگەیەکی دیکە (هەرکوێ بێت) دەبێتە پرسی ئێمەش؟
لە ریفراندۆمەکەی کەتەلۆنیاشدا بینیمان لێرە کاردانەوەیەکی چەکوشی هەبوو..
– مەسەلەکە ئەوە نییە چەکوش ئاسا بەرخورد کراوە، مەسەلەکە ئەوەیە دونیا شتێکی پەسەند کردوە پێی دەوترێ سیستمی نێودەوڵەتی. سیستمی سەقامگیری نێودەوڵەتیش پشتی بە سنورە یاساییە دانپێنراوەکان بەستووە. هەر لە بنەڕەتدا یاسایی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو بناغە دارێژراوە و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت. تەنیا لە حاڵەتێکدا دەکرێت لەبەرچاو نەگیرێت کە بسەلمێنرێ کەمینەیەک هێندە مافەکانی پێشێل کراوە ئیتر نەتوانێ رێ لە جیابوونەوەی بگیرێت، بۆ نمونە وەک مەسەلەی یوگسلاڤیا، ئەگینا کەتەلۆنیا کێشەی چییە لە گەڵ ئیسپانیا. بەڵێ ئەگەر منیش کەتەلۆنی بومایە لەوانەیە حەزم بە جیا بوونەوە بکردایە، بەڵام لۆژیکی سیاسی دەڵێ ئێمە کارمان بە حەزەوە نییە، ئێمە لە دنیایەکدا دەژین پشتی بەم سنورانە بەستووە، لە کوێوە هاتووە؟ نازانین، هەر دەبێ لە جێگەیەکەوە هاتبێ، بەڵام ئاسایش و مانەوەی ئێمە لەمەدایە. ئەگەر ئەم بەردە لەق بکەین، ئیتر لە هیچ کوێ ئارامی نامێنێ. لە دنیادا لەجەنگمان کەم نییە، ئەمەشی بخەینە سەر؟ لەوانەیە لە کەتەلۆنیاش شارێک یان گوندێک هەبێ بڵێ منیش سەربەخۆییم دەوێ، یان دەمەوێ لە گەڵ مەدرید بمێنەمەوە. کەواتە دەگەین بە کوێ؟ مەسەلەکە ئەمەیە کە هێزێک ئەم یاسایانەی نووسیوەتەوە. تۆ ئەگەر بتەوێ لەم یاسایانە هەڵبێیت، دەبێ هێزی تۆ لەو زیاتر بێ. شتێک نییە بەناوی بە زۆر وەرگرتنی مافی چارەی خۆنووسین.

لە حەقیقەتدا تونای دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینمان هەیە؟
– ئافەرین، ئەو جۆرە مافە یانی هێز؛ ئێستا کوردەکانی باکور یان باشور لە ئێران لە گەڵ یەکدا جیاوازن، شێوەشیان جیاوازە، هەندێکیان شیعە و هەندێکیان سوونین. تەنانەت لەوانەیە زمانەکەشیان جیاواز بێ. لوڕەکانیش چەند گروپێکی جیاوازن. حەوت لنگ و چوار لنگیان هەیە. فارس و ئازەرییەکانیش وان. ئەگەر هەر گروپێک داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی بکات، ئیتر شتێک نامێنێ بە ناوی سەقامگیری. مافی چارەی خۆنووسینمان نییە، هێزی دیاریکردنی چارەنووسمان هەیە. یەکێکیان لە رووی یاسایەوە رێگە پێدراوە، وەک ئەوەی ئوسکتلندە. بەڵام بۆ ئوسکتلندە؟ چونکە پێشتر بریتانیا لە ئیرلەندە باجەکەی داوە، تەنانەت لە ئیرلەندەی باکوریش باجەکەیدا، بەڵام کاتێک وڵات پێش دەکەوێ ئیتر خۆیان بڕیار دەدەن جیا بوونەوە سودی هەیە یا نا.
بەداخەوە رۆشنبیرەکانی ئێمە (ئێران) زۆر بە موجەڕەدی سەیری مەسەلەکان دەکەن. هەندێک لەو شیکاریانە بۆ دژایەتی کردنی حکومەتە. لێرەدا ئۆپۆزیسۆن خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. کاتێک ئێمە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیامان کرد، هەڵەمان کرد. نەک لەبەر ئەوەی قەزافی پیاوێکی چاک بوو، دوو هۆکارمان هەبوو بۆ ئەوەی قەزافی نەڕوخێت، یەکێکیان ئەزموونی عێراقمان لەبەرچاو بوو. خۆ رۆژئاواییەکان لە گەڵ خۆیاندا دیموکراسیان نەدەهێنا، چونکە دیموکراسی هاوردە ناکرێ! رۆژئاواییەکان دێن بۆ ئەوەی ئەوێ تەخت بکەن و بڕۆن و لە لیبیاش هەمان کاریان کرد. دووەم قەزافی لە جەنگی عێراق و ئێراندا لایەنگری ئێران بوو، ئەوە بۆ ئێمە گرنگە. بەلای کەمەوە با لەبەرامبەر لیبیادا بێ دەنگ بوونایە. نەک بڕۆن پشتی وڵاتانی رۆژئاوایی بگرن بۆ ئەوەی لیبیا رسوا و سەرشۆڕ بکەن. دەتوانم بڵێم لیبیا تەنیا جێگەیەک بوو تێدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆن هاوڕا بوون، بەڵام لە سوریا لەبەر ئەوەی حکومەت بەرگری لە سوریا دەکات، یەکسەر دەڵێن ئەم سیاسەتانە هەڵەیە، یان یەکسەر باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
لایەنەکەی دیکەش وایە، لە بەهاری عەرەبیدا ئاشتیخوازترین راپەڕین لە بەحرەین بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەت پشتیوانی لە بەرهەڵستکارەکانی بەحرەین دەکرد، ئۆپۆزسیۆن لێی بێدەنگ بوو. لە یەمەن کە کارەسات دەقەومێ؛ لە بەبۆمباران کردنی مزگەوتێک هەزار کەس دەکوژرێ… سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی شەرمەزارە و دەڵێ ناتوانین سعودیە بخەینە لیستی رەشەوە، چونکە پارەمان پێدەدات و دواتر قسەکانی کشاندەوە.
نامەوێ بڵێم لە هەموو سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران رازیم، بۆ نمونە دەکرا هەر لەسەرەتاوە ئێران لە سوریا ناوبژی بکردایە، دڵنیام ئێران دەیتوانی ئەو کارە بکات، تارادەیەکیش ئۆپۆزسیۆن بەوە رازی دەبوون، بەڵام سورییەکان توندوتیژ بوون و کاتێک داعش و نوسرە هاتن و شەڕ هەڵگیرسا، ئیتر خۆ لە شەڕدا شیرینی ناکرێتە خێر. گرنگترین کێشەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەوەیە و نازانن بەم ناڕەزایەتیانە خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومه‌ر ئۆسێ‌: سیاسه‌تی شۆڤینی له ‌سوریا هەیە، بڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ پاكتاوی ره‌گه‌زی

له‌چوارچێوه‌ی‌ دیداری شامدا، زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتن و دیداری سیاسی و مێژوویی ...