سەرەکی » دۆسێ » عیراق داعشە فەرەنساییەكان لە سێدارەدەدات

پاریس دژایەتی دەكات

عیراق داعشە فەرەنساییەكان لە سێدارەدەدات

عیراق بەردەوامە لەسەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو چەكدارە فەرەنساییانەی لە ریزەكانی رێكخراوی داعش لە عیراق شەڕیان كردووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەدیلگیراون، دەسەڵاتدارانی پاریسیش لە دژی ئەو رێوشوێنە دەوەستنەوە كە لەلایەن بەغداوە لە دژی هاووڵاتییە تیرۆریستەكانی دەگیرێنەبەر.
لەبارەی هەڵوێستی فەرەنسا بەرانبەر بە لەسێدارەدانی داعشەكانی وڵاتەكەی لە عیراق، پسپۆڕێكی یاسایی و دەستوریی عیراقی دەڵێت» داواكەی پاریس لەبارەی دادگایی تیرۆریستە فەرەنسییەكان لە عیراق، نا دەستورییە».
تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی و دەستوریی عیراقی رایگەیاندبوو» داواكەی فەرەنسا لە عیراق، بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی بەمەبەستی دادگاییكردنی داعشە بیانییەكان كە لە گرتوخانەكانی عیراقن، هیچ لێككەوتە و پابەندبوونێكی یاسایی لە سەر عیراق نابێت و دژی دەستوری هەمیشەییە».
بە گوتەی حەرب» دەستور ڕێگە بە دەسەڵاتی دادوەریی عیراق دەدات بۆ دادگاییكردن و سزادانی ئەو تیرۆریستە بەڕەچەڵەك بیانییانەی لە عیراق تاوانیان ئەنجامداوە».
ئەو پسپۆڕەی پێیوایە» عیراق مافی دەستوریی و یاسایی هەیە بۆ سزادانی تیرۆریستانی داعش بە بێ جیاوازی، ناشبێت بەغدا سازش لەو مافە یاساییەی بكات، بۆ سزادانیان».
دوای ئەوەی دادگای باڵای عیراق بڕیاری سزای لە سێدارەدانی بەسەر ژمارەیەك تیرۆریستی داعشی بە رەگەز فەرەنسایی سەپاند، حكومەتی پاریس داوای كرد دادگایەكی نێودەوڵەتی بەمەبەستی دادگاییكردنی داعشە بیانییەكان كە لە گرتوخانەكانی عیراقدان دابمەزرێندرێت.
لەم ماوەیەی دواییدا دادگایەك لە بەغدای پایتەخت، حوكمی لەسێدارەدانی بەسەر دوو فەرەنسایی تردا سەپاند.
بەپێی ئاژانسی (فرانس پرێس)، دوو فەرەنساییەكە بریتین لە، ئیبراهیم نەجارە (33 ساڵ) كە لەلایەن دەزگای هەواڵگری فەرەنساوە بە ئاسانكاریكردن بۆ رەوانەكرنی توندڕەوەكان بۆ سوریا تۆمەتبار كراوە، لەگەڵ كەرەم حەرشاوی، كە تەمەنی (33 ساڵ)ە.
وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێكردووە، دوو تۆمەتبارەكە لە مانگی كانوونی دووەمی ڕابردووەوە لە سوریاوە گوازرابوونەوە بۆ عیراق.
لە كۆتایی مانگی ئایاری 2019، دادگاكانی عیراق، حوكمی لەسێدارەدانیان بەسەر سێ‌ هاووڵاتی تری فەرەنساییدا سەپاند، كە ئەندامی ڕێكخراوی داعش بوون. هەمان دادگا حوكمی لەسێدارەدانی بەسەر فەڕەنساییەكی تردا سەپاند، كە تۆمەتی پەیوەندیكردنیان بە رێكخراوە توندڕەوەكە ڕووبەڕووكرابۆوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە 3ی حوزەیرانی 2019، دژایەتی خۆی بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چەكدارە فەڕەنساییە داعشەكان لە عیراق راگەیاندبوو.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو» باڵێوزخانەی فەرەنسا لە عیراق ڕێوشوێن بۆ ڕوونكردنەوەی هەڵوێستی وڵاتەكە بەرامبەر سزای لەسێدارەدان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە دەگرێتەبەر».
لەم ماوەیەی دواییدا دادگایەكی عیراقی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ژمارەیەك چەكداری فەرەنسایی داعشدا سەپاندووە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاندبوو، ژمارەی ئەو «جیهادیە» فەرەنساییانەی لە ریزەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش)دان، هەزاران كەس دەبن.

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*