سەرەکی » وتار » هیوا محەمەد » سیایەتی چاوچنۆکیی ئابووری؟

یەکبێژ

سیایەتی چاوچنۆکیی ئابووری؟

هیوا محەمەد

ئەمڕۆ زیاتر لەهەر تیئورێکی سیاسیی ، بازرگانی و بەرژەوەندی ماددی ( کەدەسەڵات دێنێتە بەر) لەپێشە، هەر لەبەر ئەمەشە ئەو ووڵاتانەی کە کە هەژارن یان بێ هێزن دەبنە پاشکۆی دەسەڵاتدارەکان، بەمەش بلۆکەکان دروست دەبن و ململانێکانیش لەسەرەوە بۆ زیاتر بەدەست هێنانی ماددەیە کە لەو رێگەیەوە دەست دەگیرێت بەسەر زۆرینەی ئابووری جیهاندا یان بەشێکی سەرەکی.
ئەمریکاو روسیا بەنموونە بێنینەوە ئەوان ململانێکانیان لەگەڵ یەک لەسەر داگیرکردنی زەوی یەکتر نیە بەڵکو لەسەر فراوان کردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیانە چ لەسەر زەوی و چ لە بۆشایی ئاسمانداو چونکە ئەم دووانە لە یەکەمەکانی ئاشکراکردنی بۆشاییەکانی ئاسمانن ئیدی بەئاسانی ڕێگەنادەن بە ووڵاتێکی تر کار لەو بۆشاییەدا بکات ئەگەر مۆڵەت لەوان وەرنەگرن.
ئەم سیاسەتی چاوچنۆکییە کە لەسەر بەقوربانی کردنی ئەو ووڵاتە هەژارانە یان ئەوانەی کە دەیانەوێت لەسەر پێی خۆیان بوەستن دەژی، تا دێت پەرەدەستێنێت و لە ئێستادا جیهان وەک چەند تیمێکی فوتباڵ دێتە بەرچاو و دابەشبوون بەسەر چەند ووڵاتێکی زلهێزدا.
ئەوانەش کە شتێک لەهەژارەکان لەپێشترن بوونەتە کوێخا بەسەر ئەوانەوە کە لە خۆیان لاواز ترن، بۆنموونە تورکیا ئامادەیە لە ئەمریکا بپاڕێتەوەو تەنازولیشی بۆ بکات بەڵام دەست دەخاتە ناو کاروباری لیبیاوە و سوپاش دەنێرێ بۆ قەتەر، گیری خواردوە لە نێوان کڕینی ئێس ٤٠٠ ی روسی و ئێف ٣٥ ی ئەمریکی بەڵام زۆر کلک بەرزانە دێت لەناوجەرگەی هەرێمدا بۆردومان دەکات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت.
ئەو نەتەوانەش وەک ئێمەی کورد کە لەژێر دەستەییدا دەژین و خاکمان داگیر کراوەو دەچەوسێندرێینەوەو دەکوژرێین لەسەر بە کورد بونمان، ناتوانین شان بەشانی ئەو رەوتەسیاسییە جیهانیە هەنگاو بنێین چونکە ئێمە بەر لەو چاوچنوکییە پێویستمان بە سیاسەتی لێوان لێو لە هەستی شۆڕشگێڕی و نیشتیمانییە کە لەڕێگەیەوە بتوانین ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین ئەگەر بە رێگەی دیبلۆماسیش بێت، بەڵام لەراستیدا ئەمە نابینین و ئێمە ئەگەرچی هێشتا لە هەنگاوی یەکەمداین کەچی بووینەتە بەشێکی بچوک لەو ملاملانێ بەرژەوەندییە بازرگانییە.
ئەمریکا دەیەوێت کێشەی فەلەستینیش تێکەڵ بەم ڕاکەڕاکەیە بکات و ئەوە لە بیر خەڵک بباتەوە کە فەلەستینی کێشەیەکی سەرەکی هەیەو ووڵاتی داگیر کراوە، ئەویش لەڕێگەی ئەو کۆبوونەوەیەوە کە لە بەحرێن بەسترا بەناوی سەفقەی قەرن و گوایە دەیان ملیار دۆلار دەخەنە گەڕ بۆ ئاوەدان کردنەوەو زۆریشی بۆ فەلەستینە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بۆچوونی یەکەممان.
فەلەستینییەکان دەیانەوێت ملکەچی ئەو پرۆژەیە نەبن و پێیان وایە کە پێش هەرشت دەبێت چارەسەری سیاسیی بدۆزرێتەوە بۆ فەلەستین ئەو جار باس لە باشکردنی باری ئابووری بکرێت، کەچی ئێمەی کورد ڕێک خەریکین دەبین بەشێک لەململانێکان لەناوچەکەو تێکەڵی ئەو ڕێکەوتنە ئابوورییانە بووین و دەبین کەلەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەرمان دەبەسترێ.
سعودیە چاوی لەدەمی ئەمریکایە بڵێ کوڕی پاش بێتاوانە لە کوشتنی خاشقچی، چونکە پێیان وایە تەنها ئەمریکا دەتوانێت ئەو چرا سوورە داگیرسێنێت لەئاست داخستنی ئەو قەزیەیە، هەر بۆ ئەمەش دەبێت لەبەرامبەردا پیاوانی سعودیە شتی دیکە پێکەش بە ئەمریکا بکەن ، جا لە کڕینی چەک بێت یان ببنە هەڵسوڕاوێکی باش بۆیان لە ناوچەکە.
دەبینین لەسەر ئاستی جیهان سیاسەتی چاوچنۆکی و دەست بەسەرداگرتنی ئابووری جیهان لەلایەن ئەمریکاو چەند ووڵاتێکی دیکەی زلهێزەوە وای کردوە، تیئورە باش و مرۆڤدۆستانەکان شاردراونەتەوەو رەواجیان نیە، هەر لەبەر ئەمەشە حزبێکی چەپیی لە ووڵاتاندا بەتایبەت هەژارەکان و تازە پێگەیشتوەکان لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی پێویست ناهێنن، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەوانی دیکە کار بۆ نۆکەر و کوێخای هەندێک لە زلهێزەکان دەکەن و ئەوانیش پارە بەکار دێنن بۆ چونە پێش و مانەوەیان لەدەسەڵات، بەمەش دەتوانین بڵێین پارە و هێز لای کێ بوو ئەوە ئەو براوەی یەکەم دەبێت و دەسەڵاتی زۆرتر دەبێت.
دەیان ساڵ لەمەو بەر دەیان شۆڕش کراو ووڵاتان خۆیان ڕزگار کرد و چەندین حکومەتی دیکتاتوری لەناوچوون، بەڵام درێژەدان بە پاشکۆیەتی زل هێزەکان وای کرد کە خەڵکە نیشتیمان پەروەرەکە چیدی متمانەی نەمێنێت بە سەرکردەکانی .
خۆخستنەناو ململانێ ناوچەییەکان هیچ بەرهەمێکی باشی بۆ ووڵاتە بێدەسەڵاتەکان نیەو تەنها ماڵ وێرانییە هەروەک ئەوەی لە عیراق و ئەفغانستان و سوریاو یەمەن و لیبیا دەیبینین، لەمەیاندا هەر کام لە ووڵاتانە زلهێزێک کردویەتە گۆڕەپانی یەکلایی کردنەوەی خواستەکانی، ئەگەر سەد کەسی سڤیل لە عیراقدا بوبێتە قوربانی تەنها یەک کەسی لەسەربازە بیانییەکان بوە کە داگیرکەری عیراق بوون، کەواتە سیاسەتی خۆهەڵواسینی بێ مەرج زیاتر کۆمەڵگا هەژار و بندەستەکان دەسووتێنێ و دەبێتە خۆشکەری ئاگری کورەی زلهێزەکە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*