سەرەکی » ئابووری » زانكۆ و بەرهەمهێنانی مەعریفە

زانكۆ و بەرهەمهێنانی مەعریفە

فەیسەل عەلی*

ئەو زانكۆیانەی ناتوانن خۆیان لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی بگونجێنن، بە دابڕاو لە كۆمەڵگەكەیان دادەنرێت. ئەوەی ئاشكرایە كە نیوەی دووەمی سەدی بیست پێنجەمین شۆڕشی پەیوەندیی بەخۆیەوە بینی، دەكرێ پەرەسەندن و پێشكەوتنی پەیوەندی لە میانی پێنج شۆڕشی بنچینەیی لێكتر جیابكەینەوە، یەكەمیان، پەرەسەندنی زمان، دووەمیان، پەرەسەندنی نوسین، سێیەمیان، داهێنانی چاپ (ناوەڕاستی سەدەی پازدەیەم لەسەر دەستی گۆتنبێرگی ئەڵمانی)، پاشان رواڵەتەكانی چوارەمین شۆڕشی پەیوەندیی لە سەدەی نۆزدەیەم لە میانی دۆزینەوەی كارەبا و تەوژمە موگناتیسییەكان و تەلیگراف و تەلەفۆن و وێنەگرتن دەستی پێكرد، پاشان دەركەوتنی رادیۆ و تەلەفزیۆن لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیست، پێنجەمین شۆڕشی پەیوەندی كە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست تەكنەلۆجیا رەخساندی لە میانی تێكەڵكردنی تەقینەوەی زانیاری و پەرەسەندنی پەیوەندیی و فرەبوونی شێوازەكانی ئەو پەیوەندییە.

زمانی ئینگلیزییە بە رێژەی (57%)
پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندیی میتۆدەكانی خوێندن و فێربوونی هەژان، بەجۆرێك كە قورس و ئەستمە بۆ مامۆستایەكی زانكۆی ئەم سەردەمە كە شارەزایی تەكنیكی نوێی پەیوەندیی نییە، بتوانێ هاوشانی خوێندكارەكانی بڕوات كە شارەزاییەكی باشیان لە ئامرازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە، سەرباری ئەوە، زمانی زاڵ بەسەر پێگەكانی ئەنتەرنێت، زمانی ئینگلیزییە بە رێژەی (57%) و دوای ئەویش ئەڵمانی دێت بە رێژەی (6,5%) و بەدوای ئەوانیشدا رووسی و ژاپۆنی و ئیسپانی و چینی و فرەنسی دێن بە رێژەی (3,9%)، ئەمە یەك لەو تەحەدا سەرەكییانەیە كە رووبەڕووی زانكۆكان دەبنەوە، كە خۆی لە رەخساندنی زەمینەیەكی تەكنەلۆجی دەبینێتەوە، تاوەكو مامۆستا و خوێندكارانی زانكۆ بەو زانیاری و مەعریفەیە رەخساوەی ناو ئەنتەرنێت بگەن.
بەو جۆرە، مامۆستا دەتوانێ خۆی لە كۆتی دووبارە خوڵقاندنی وانە رزگار بكات، بۆ ئەوەی كاتە بۆ راهێنانی خوێندكارەكانی بەكاربهێنێت، لەبری ئەوەی سەرقاڵیان بكات بە پێدانی زانیارییەك كە خوێندكار بە خۆڕایی و بە ئاسانی دەتوانێ لە ئەنتەرنێت وەری بگرێت.

ئەزموونی وڵاتانی جیهان
پێویستە بە بازاڕخستنی مەعریفە یەك لە ئامانجە دیارەكانی زانكۆكان بێت، بەداخەوە هێشتا ئەم كلتورە لە زانكۆكانی ئێمە بزرە، سێینەی (زانكۆ، حەوكەمە، پیشەسازی) كە بە هۆیانەوە نەتەوەكانی خۆرئاوا لەسەر بنەماكەی دامەزراندن و پیشەسازییەكەیانی بەهێز كرد و بەشداری كارا لە بونیادنانی ئێستا و ئایندەیان دەكات.
ژاپۆن دەوڵەتێكە رووبەرەكەی زۆر دیاریكراوە، بەڵام سێیەم گەورە ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان، ماڵێكی ئەم جیهانە نییە ئامێرێك یان حاسیبەیەك یان تەلەفۆنێكی بەرهەمهێنراوی ژاپۆنی تێدا نەبێت، ژاپۆن بریتییە لە كارگەیەكی گەورە لەسەر بنەمای ئەو سێینە (زانكۆ، حەوكەمە، پیشەسازی) دامەزراوە. هەروەها لەسەر سیاسەتی گشتی لە بواری پیشەسازیی پەرەسەندوو و وەبەرهێنانی واقیعیانە. ژاپۆن هەموو كەرەستەیەكی خاو لە دەرەوە هاوردە دەكات، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی پێ بكات و دواتر هەناردە هەموو دەوڵەتانی جیهانی بكات. با دەوڵەتێكی ئەوروپا وەك نمونە وەربگرین، ئەویش سویسرایە، لەگەڵ ئەوەی كاكۆ بەرهەم ناهێنێت، بەڵام باشترین جۆری چوكولاتە بەرهەم دەهێنێت و هەناردەی زۆربەی دەوڵەتانی جیهانی دەكات، هەرچەندە رووبەری زەوی رەخساوی كشتوكاڵی ئێجگار كەمە، دەوڵەتێكە گرنگترین بەرهەمەكانی شیر بەرهەم دەهێنێت لە جیهاندا.

لە رێی خوێندن و فێربوون و توێژینەوە و پەرەپێدانی كلتوری
دەوڵەتێكی وەك هیندستان، چۆن توانیویەتی سود لە پەرەسەندنی توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆكانی خۆی وەربگرێت، هەروەها لە وەبەرهێنانی لە سەرمایەی مرۆیی و تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو، هەندێك لە چاودێرانی ئابووری پێشبینی دەكەن كە هیندستان تا ساڵی 2030، ببێتە سێیەم گەورە ئابووریی جیهان، ئەوەش بە حوكمی ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی كە كەرتی تایبەتی ئەو دەوڵەتە بەخۆیەوە دیویەتی.
بێگومانم لەوەی هەموو توانای فكری ئەوانمان هەیە، بەڵام جیاوازییەكانمان لە زانكۆكانماندایە، ئەوەی كە دەبێ و زەرورە بیكەین، پەرەدانە بە ئاستی زانكۆكان و توێژینەوە زانستییەكانیان، چونكە پێشكەوتنی نەتەوەو كۆمەڵگە تەنها و تەنها بە زانست دەكرێت، لەبەر ئەوە دەبێ بە شێوەیەكی روون و دیار كار بۆ وەرگرتنی مەعریفە و خستنەگەری ئەو مەعریفەیە بكەین لە رێی خوێندن و فێربوون و توێژینەوە و پەرەپێدانی كلتوری، بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی مەعریفی بە ئامانجی دامەزراندنی شێوازێكی بەرهەمهێنانی ئابووریی مەعریفە لەبری زاڵبونی بەرهەمی تەقلیدی.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ترسی جیهان لە داچوونی ئابووریی ئەمریكا

فەیسەل عەلی* ئاستی مەترسیی جیهانی لە پاشەكشێی ئابووریی ئەمریكا رۆژ ...