سەرەکی » ئابووری » خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان: كێڵگەكانمان دادەخەین

خاوه‌ن كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كان: كێڵگەكانمان دادەخەین

یەکەی ئابووری

خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر هەڕەشەی راگرتنی بەرهەمهێنانی مریشك دەكەن لە سلێمانی و ده‌ڵێن: «بەهۆی بەردەوام دابەزینی نرخی مریشك ناچارن كێڵگەكان دابخەن و بەرهەمی مریشك رابگرن».
نازم عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی رایگەیاندوە، بەهۆی بەردەوامی هاوردەكردنی مریشك لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێم و گرنگی نەدان بە بەرهەمی ناوخۆ، تووشی گرفتی گەورە بووین و زیانێكی زۆرمان كردووە و كەس بەدەم داواكارییەكانمانەوە نایەت.
روونیشیكردەوە، بەهۆی كەمتەرخەمی لایەنی پێوەندیدار هەڵوێست وەردەگرین و بەرهەمهێنانی مریشك رادەگرین لە سلێمانی، چونكە ناكرێت بەردەوام لە زیاندا بین لەكاتێكدا كێڵگە پەلەوەرییەكان بڕێكی زۆر لە پێویستی مریشك دەخەنە بازاڕەوە، ئەگەر رێكخستنەوە هەبێت دەتوانین مریشك هەناردەی دەرەوەش بكەین.
وتیشی جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی: «تەواوی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی كە زیاتر لە هەزار و 200 هۆڵی بەرهەمهێنانی مریشكن لە سنوورەكە، بەرهەمهێنانی مریشك بۆ ماوەیەك رادەگرین بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بزانێت ئێمە لە دۆخێكی خراپداین و خاوەن كێڵگەكان سەرجەمیان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ راگرتن و ناكرێت بە زیانكردن لە خۆمان هەر بەردەوام بین».
پێشتریش کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان به‌یانامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان كرد كه‌ تیایدا كۆمه‌ڵێك داواكاری هه‌بوو كه‌ بریتی بوون له‌ دیاریکردنی نرخی مریشك، رێگریکردن یان زیادکردنی گومرگ لەسەر بەرهەمی مریشکی بەستوو، هەرزانکردنی عەلەف و ئازادکردنی هاوردەکردنی لە وڵاتانەوە، دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر هاوردەکارانی عەلەف و دەرمان، پشتیوانیکردن و بازارکردنەوە بۆ بەرهەمی ناوخۆی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لە كوردستان زیادی کردووە

یەکەی ئابووری كەرتی كشتوكاڵی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بارانێكی زۆر ...