سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » لێرە نامرم جانی جانان

لێرە نامرم جانی جانان

بەرزان هەستیار

تەڵخە ..تەڵخ ، وەک ئەوەی لەوبەرەوە دارستانێک گڕی گرتبێت و
پڕیشکی ماتەمینیی، ڕەهێڵە و
پشکۆی شیوەنێک کڕێوە بکات ،
ترسێک گەمارۆی داوم و لەرزێک داگیری کردووم
وەک ترس و لەرزی هەڵدانی یەکەمین نامە…
بۆ حەوشەی ماڵی کچەکەی دراوسێمان ؛
نامەوێ کەنارێکی ئێرە لەکاتی گیانەڵادا وێنەم بگرێت و
وەسێت بۆ هەورێکی سەفەریی بکەم ، جانی جانان
بەم تەمەنی پیرەدارەوە . بمدە بە کۆڵی گۆرانییەکی ناسکی خۆتا و
تا بەردەمی نەمامەکانی باخەکەت مەوەستەوە ،
کە داتگرتم ، مەهێڵە غوباری سەر ڕووم بببینن ،…
کە بە یەکیشت ناساندین
بڵێ، ئەمە ئەو پیاوەیە، بە درێژایی تەمەنی…
غەدری لە خەون و
خیانەتی لە بێدەنگیی خۆی دەکرد و
هەمیشە بە هاوارێکی ناوەخت دایدەچڵەکاند؛.
بە، یەک بە یەکی گوڵەکانی باخچەکەتم بناسێنە،
بەو دەستە زبرانەمەوە…..
بە ئاستەم تەوقەیەکیان لەگەڵ دەکەم و
لە ژێر لێویشەوە دەڵێم خۆشحاڵم بە ناسینتان……
هیوادارم پەڕەکانتان نەڕووشێنم ؛،
بمگەڕێنە جانی جانان، بمگەڕێنە ،…
کۆڵان بە کۆڵانی شەرم و
ماڵ بە ماڵی تەریقبوونەوە و
ژوور بە ژووری ترسنۆکییم،
بمبەرەوە سەر یەکەم وردوخاشبوونم.
وردوخاشبوونی هەنگاو و
لەتوپەتبوونی زمانم،
تەعاروفم لەگەڵ ئەو بەرائەتە پێ بکەرەوە
کە جیاوازیی نێوان پشکۆ و خونچەیەکی سووری نەدەزانی
دەستم بدەرەوە دەست ئەو لەرزینەی….
ئاوم بۆ میوانان دەگێڕا و
پەلەم بوو بگەمە سەر کچان ،
لەتەک خۆتا بمبەرەوە سەر ئاوی حەیات،….
واتە مردن لە ئامێزی خەونێکی تەڕدا ،
وەک هەرزەیەک بزانە بە چی دڵخۆش دەبم
بەردەوام بۆم باس بکە و بتریقێرەوە ،….
منیش قا..قا ، وەک پشیلەیەکی ڕەشکەلانە دەکەوم بە پشتا ،
لێرە نامرم ،جانی جانان ..
ئاخر لێرە زۆر جاران ڕۆحم چەشنی لیمۆی گوشراو لە سنگمەوە تکاوە
جارێ بەسەر لمی کەنار دەریادا و
جارێ بە شۆستەی وێستگەیەکی شەمەندەفەردا و
جارێکی تر بەسەر گژوگیای نێودارستانێکدا ،
جانی جانان هیچ ڕژانێکیان لە ژەهری مار شیرینتر نەبوون
هیچ ڕژانێکیان فڕێی نەدامەوە سەر مەزرایەک
بۆنی نەعلەکانی» حاجی ئاسکۆڵ « دایکمی لێ بێت،
زرمەی چەکووشەکەی « عەلی نەجاڕ»ی باوکم بشنەوم
لێرە نامرم باوانەکەم،
کێ دەڵێ مردن یەک جارە ؟؟؟
من لە هەر مانگ و وەرز و ساڵێکدا ….
جارێک خۆم لەقەرەی داوە ،
کات هەبووە وەک سەگێکی بەرەڵڵا بەلادا هاتووم ،
یان بە وێنەی کەروێشکێکی پێکراو …
مردن تووند نووساندوومی بە سنگی خۆیەوە ،
جاریش هەبووە چەشنی گوێرەکەی بەر دەستی قەسابێک، چاوانم ئەبڵەق ؛
بێعارم.. بێعار ، جانی جانان،…..
دەنا ، دەبوو ئێستا تۆزم بە دەم ڕەشەبایەکی نەناسەوە….
لە دەروازەی وڵات.. وڵات وکیشوەر بە کیشوەر بنیشتایە
خۆشبەختم.. خۆشبەخت ..
کە بەم هەموو ساڵە کرمێیەی تەمەنمەوە…
لەسەر پشتی کیسەڵی خەیاڵێکی خۆم …
دێمەوە بەردەم شەست وڕەهێڵەی هەرزەیی ،
پێکەوە تەڕم کەن و
بە جووتە دامماڵن لە قەتماغەی برینی ئەم داڕووخان و
ژەنگی پەنجا و ئەوەندە ساڵی نیگەرانیی تەمەنە ، جانی جانان

—–

ناونیشانی شیعرەکە لە سای شیعرێکی «شێرکۆ بیكەس»دا پشووی داوە بە ناونیشانی « لەوێ مەمرە جانی جانان، لەوێ مەمرە «.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وشه‌ داتاشین و واتا هه‌ڵپاچین نا..گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ره‌سه‌نایه‌تی

ئەحمەد حسێن ئەحمەد ئێمه‌ هه‌ر به‌ گوێگرتن و بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر ...