سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » دیداری‌ رۆژانه‌ی‌ مردن!

دیداری‌ رۆژانه‌ی‌ مردن!

به‌ هیچ لۆژیكێك دروست نییه‌ ئه‌و هه‌موو ڕووداوه‌ی‌ هاتوچۆ كه‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكانی‌ كوردستان ده‌یبینین و ده‌یبیستین هه‌مووی‌ بۆ خراپی ڕێگاو بانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بگێڕینه‌وه‌. له‌گه‌ڵ خراپی ته‌واوی‌ ڕێگاو بانه‌كانی‌ كوردستاندا له‌ كۆمه‌ڵێك دیویتری‌ ڕووداوه‌كان تێده‌گه‌ین كه‌ په‌یامی ورد و كاریگه‌رمان پێده‌ده‌ن كه‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌ ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامانه‌دا بكه‌ین.
دیوێكیتری‌ ڕووداوه‌كان كه‌ هه‌میشه‌ جێگه‌ی‌ باسوخواسی هاوڵاتیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی‌ هاتوچۆیه‌ بۆ تیژڕه‌وی شۆڤێره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ خراپی ڕێگاوبانه‌كانه‌وه‌ نییه‌ ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ بڵێین ڕێگاو بانه‌كان بێ كه‌م و كورتین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕێگاوبانه‌كانیش به‌شێكی پرسه‌كه‌یه‌. به‌ڵام له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر شۆفێران به‌ وریاییه‌وه‌ به‌پێی ئه‌و سیستمه‌ ستاندارده‌ی‌ بۆ ڕێگاكان دانراوه‌ لێبخوڕن ئه‌وا شه‌قامه‌كان چه‌نده‌ خراپ بن له‌هه‌ر حاڵه‌تێكدا كه‌ شۆفێران تووشی ڕووداوێكی هاتوچۆ ده‌بنه‌وه‌ ده‌توانن كۆنترۆڵی ئۆتۆمۆبێله‌كانیان بكه‌ن و خۆیان بپارێزن و سه‌لامه‌ت بن.
یه‌كێكیتر له‌و نێوه‌ندگیرانه‌ی‌ ڕۆژانه‌ ئێمه‌ ده‌باته‌ دیداری‌ مردنی كه‌سێكی ئازیزمان له‌م نیشتمانه‌ دا، جۆری ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌یه‌ كه‌ هاورده‌ی‌ كوردستان ده‌كرێت به‌بێ وردبوونه‌وه‌ له‌ جۆرو به‌هێزی ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌. نه‌ك ته‌نها پێویسته‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌ قه‌ده‌غه‌ بكات كه‌ لێدراوییان پێوه‌یه‌وه‌ و ده‌هێنرێنه‌ كوردستان ، به‌ڵكو پێویسته‌ ته‌واوی‌ ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه‌ی‌ دێنه‌ كوردستان به‌جۆرێك پشكنینیان بۆ بكرێت كه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و ڕێگاوبان و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ سایكۆلۆژیای تاكی‌ كوردیشدا بگونجێت!
كاتێك ده‌ڵێین ئه‌م ئۆتۆمۆبێلانه‌ له‌گه‌ڵ سایكۆلۆژیای تاكی‌ كورددا بگونجێت، ڕاستییه‌كه‌ و ده‌بێت هه‌موومان وه‌ك شۆڤێر ئه‌و ڕاستییه‌ بڵێین: تاكی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ به‌گشتی و تاكی‌ كوردیش به‌تایبه‌تتر هه‌میشه‌ حه‌زی تیژڕه‌وی له‌ گیانیدا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خێرایی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی‌ زیادتر نه‌كات له‌هه‌ر شۆفێرێكیتر ئه‌وا ناتوانێت تێیپه‌ڕێنێت، یان هه‌ندێكجار ئه‌و سایكۆلۆژیایه‌ی‌ تاكی ئێمه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ كار و جێگه‌ی‌ ئیشكردنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ته‌شهیر نیه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر بگوترێت ئه‌م جۆره‌ ئۆتۆمۆبێله‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سایكۆلۆژیای تاكی‌ كورد یه‌كناگرێته‌وه‌ و له‌هه‌ر كاتێكی تیژڕه‌ویدا كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو ده‌بێته‌وه‌ ده‌بێته‌هۆی‌ مه‌رگی شۆفێر و سه‌رنشینه‌كانیش، چونكه‌ ئه‌و ئۆتۆمۆبیلانه‌ ته‌نها كاڵایه‌كی بازرگانییه‌ و وه‌ك پێویست بیر له‌ به‌هێزی و تۆكمه‌یی نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سروشت و ناوچه‌كانی‌ كوردستاندا بگونجێت.
پرسی ئاشنایه‌تی شۆفێران به‌ شه‌قامه‌كانی‌ ناو شار و ڕێگاوبانه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ شار و بوونی هێماكانی‌ هاتوچۆ له‌قه‌راغ ڕێگاكاندا، گرنگترین خاڵێكه‌ بۆ هه‌ر شۆڤێرێك به‌ ئاگایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا بكات و به‌پێی پێویست جێبه‌جێیان بكات. هه‌ر لادانێك له‌و ڕێنمایی و هێمایانه‌ی‌ هاتوچۆ به‌كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ كۆتایی دێت و ئه‌وه‌یشی ڕۆژانه‌ ئێمه‌ی شۆفێران و هاوڵاتیان له‌ شه‌قام و ڕێگاوبانه‌كاندا ده‌یبینین سه‌رئه‌نجام په‌یوه‌ستنه‌بوونه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی‌ مه‌رجه‌كانی‌ شۆفێرییه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ...