سەرەکی » ئابووری » دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك

دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك

دوو وەفدی باڵا لە كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)و وەفدێكی وەزارەتی وزەی توركیا لە شاری بەغدا كۆبوونەوەو كۆبونەوكەشیان تایبەت بوو بە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری نەوت و غازی سروشتی و چۆنێتی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك بۆ بەندرەی جەیهان كە لەئێستادا راگیراوە.
لەوبارەیەشەوە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا چەند مەلەفێكی پەیوەست بە نەوت و پەیوەندییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوو وڵات باسیان لێوەكراوە كە لە پێشەوەیاندا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك و چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتە تەكنیكی و كارگێڕیانە بووە كە بۆ ئەو پڕۆسەیە هاتونەتەپێش.
وتیشی: «لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا هەردوولا رێككەوتون لەسەر ئەوەی دانیشتن و گفتوگۆكانی نێوانیان درێژەی هەبێت و بە هاوبەشی لە كۆبوونەوەیەكی دیكەدا كە لە توركیا ئەنجام دەدرێت چارەسەر بكرێن».
وەزارەتی نەوتی عیراق، دەیوێت لەڕێگەی هێڵە بۆرییە كۆنەكەی هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری توركیا زیندوو بكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بەرپرسانی بالای توركیا ئەنجامداوە. بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێكەوتنی كۆتایی.

 598 جار بینراوە