سەرەکی » راپۆرت » ئێران وه‌ڵامی کۆمکـاری عه‌ره‌بی ده‌داته‌وه‌پەڕە 2

ئێران وه‌ڵامی کۆمکـاری عه‌ره‌بی ده‌داته‌وه‌

له‌پاش کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی کۆمکاری عه‌رب و ئیدانه‌کردنی ئێران به‌ ته‌داخولکردن له‌کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی عه‌ره‌بی و هه‌وڵدان بۆ نانه‌وه‌ی پشێویی و نائارامی و جه‌نگی تایه‌فی، ئێران له‌زاری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، وه‌ڵامێکی توندی کۆمکاری عه‌ره‌بی دایه‌وه‌و تۆمه‌ته‌کانی که‌ خستوویانه‌ته‌ پاڵ ئێران، به‌ هه‌ڵبه‌ستراو وه‌سفکرد، جگه‌له‌وه‌ش بڕیاره‌کانی کۆمکاری عه‌ره‌بیشی به‌ بێ سوود وه‌سف کرد.

تۆمه‌تێکی ساخته‌ن
به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زراتی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ میدیاکانی راگه‌یاند: ئه‌و به‌یانه‌ی که‌ کۆمکاری عه‌ربی دژی ئێران ده‌ریانکردووه‌و تێیدا کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تیان خستوینه‌ته‌ پاڵ، هه‌موو درۆی هه‌ڵبه‌ستراوه‌. وتیشی: به‌یانه‌که‌ شێوازێکی دوژمنکارانه‌یه‌ له‌دژی ئێران و هێنده‌ی تریش گرژییه‌ ئیقلیمییه‌کان ئاڵۆزتر ده‌کات.

سیاسه‌تی فاشیلی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ هۆکاری کێشه‌کانه‌
له‌درێژه‌ی وته‌کانیدا قاسمی هێرشی توندی کرده‌ سه‌ر عه‌ره‌بستانی سعودیه‌و رایگه‌یاند: به‌شێکی زۆری هۆکاری کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌ فاشیله‌کانی سعودیه‌ له‌ناوچه‌که‌. وتیشی: چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ناوچه‌که‌، به‌ ده‌رکردنی ئه‌م جۆره‌ به‌یانه‌ بێسوودانه‌ ناکرێت.

فشاره‌کانی بۆسه‌ر دراوسێکانی رابگرێت
له‌درێژی هێرشه‌کانی بۆ سه‌ر سعودیه‌، قاسمی رایگه‌یاند: ئێمه‌ داواکارین سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ له‌ سه‌ر برا عه‌ره‌به‌کانمان له‌ لوبنان و قه‌ته‌ر و ته‌واوی ناوچه‌که‌ هه‌ڵبگرن. داواشیکرد،سعودیه‌ هێزه‌کانی له‌ به‌حره‌ین بکشێنێته‌وه‌و رێگا بدات به‌گه‌لی به‌حره‌ینی، خۆیان له‌ناوخۆیاندا له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ربکه‌ن.
ئیسرائیل سوودمه‌نده‌
له‌درێژه‌ی وته‌که‌یدا به‌هرام قاسمی رایگه‌یاند: باشتره‌ پێڕه‌وی سیاسه‌ته‌کانی کیانی زایۆنیزم نه‌که‌وین. راشیگه‌یاند: ئیسرائیل هه‌وڵ ده‌دات کێشه‌کانی ناوچه‌که‌ قووڵتر بکاته‌وه‌، هه‌تاوه‌کو ناوچه‌که‌ و گێتی موسڵمانیش، له‌ پرسی داگیرکاری فه‌له‌ستین دووربخاته‌وه‌و ‌ به‌کێشه‌ ناوخۆیه‌کانه‌وه‌‌ مه‌شخولیان بکات.

نه‌سروڵڵاش وه‌ڵامی دانه‌وه‌
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا سکرتێری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی له‌ وته‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا رایگه‌یاند: هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی که‌ خراونه‌ته‌ پاڵ حزبه‌که‌ی، ناڕه‌وایه‌و درۆیه‌. وتیشی: ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک موشه‌کی بالیستیمان به‌ حوسیه‌کانی یه‌مه‌ن نه‌داوه‌ ، ته‌نانه‌ت ده‌مانچه‌یه‌کیشـان بۆ نه‌ناردوون.
چه‌ک ته‌نها بۆ فه‌له‌ستینییه‌کان ده‌نێرین
له‌درێژه‌ی وته‌که‌یدا نه‌سروڵڵا رایگه‌یاند: ئه‌وان چه‌کیان نه‌ بۆ به‌حره‌ین، نه‌ بۆ عیراق و کوێت و یه‌مه‌ن نه‌ناردووه‌. وتیشی: تاکه‌ شوێن که‌ چه‌کمان بۆ ناردبێت و شانازیشی پێوه‌ ده‌که‌ین، ئه‌وا فه‌له‌ستینه‌.

سعودیه‌ بێ ده‌نگ نابێت
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌رله‌پاش ته‌واوبونی کۆ‌بوو‌نه‌وه‌که‌، عادل الجبیر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ربستانی سعودیه‌ به‌میدیاکانی راگه‌یاند: سعودیه‌ چیتر بێده‌نگ نابێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ دوژمنکارییه‌کانی ئێران له‌ناوچه‌که‌دا. وتیشی: ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی هێزو توانمانه‌وه‌ به‌رگری له‌ هاوڵاتاین و خاک و نیشتمانی خۆمان ده‌که‌ین.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی نائاسییان سازکردو دواتریش له‌به‌یانێکدا پشتگیری عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یا‌ن کرد و به‌توندیش ئیدانه‌ی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیان کرد. هه‌تا دێتیش لێدوانی نێوان به‌رپرسانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت توندتر و تیژتر ده‌بێت و ململانێی هه‌ردوولاش به‌هێزتر ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌کان

 565 جار بینراوە