سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد له‌ عیراق، فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت

كورد ئه‌گه‌ر بییه‌وێت جارێكیتر له‌ عێراق دا به‌ به‌هێزی ده‌ربكه‌وێته‌وه‌ ئه‌وا قۆناغی چه‌ك و هێزی ڕه‌ق بۆ ئه‌و كۆتایی هاتووه‌ و كورد هه‌رگیز نابێت بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ هانا بۆ هێزی ڕه‌ق ببات ، یان بیر له‌ هه‌مان ئۆپشنی هێزی ڕه‌ق بكاته‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ زۆر قۆناغ و وێستگه‌دا له‌ عیراق ده‌ستی داوه‌تێ‌ . به‌پێچه‌وانه‌وه‌ قۆناغه‌كه‌ بۆ كورد گۆڕاوه‌ و پێویسته‌ ئیدی كورد فۆرمێكی نوێی سیاسه‌ت بگرێته‌به‌ر بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌، لێره‌ به‌ دوا پێویسته‌ كورد بیر له‌ هێزی نه‌رم «تیۆریاكه‌ی‌ جۆزیف نای‌ _ 1996» بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت قۆناغی ئێستای‌ تێپه‌ڕێنێت.
ده‌رچه‌یه‌ك زۆرجار كورد سودی لێنه‌بینیووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی‌ هێزی نه‌رمدا ماوه‌ته‌وه‌، ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ نا كوردیانه‌ بووه‌ كه‌ گه‌شتوونه‌ته‌ یه‌كێك له‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عیراقدا و په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ كورد هه‌بووه‌ له‌ نمونه‌ی‌ ئێستای‌ به‌ڕێز «عادل عه‌بدولمه‌هدی».
ده‌رفه‌تێكی مێژووییه‌ له‌كاتێكدا ئێمه‌ی‌ كورد ناتوانین له‌گه‌ڵ عیراق بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هێزی ڕه‌ق و ناتوانین توانای‌ هێزی ڕه‌قمان به‌راورد بكه‌ین به‌هێزی ڕه‌قی عیراق، ئه‌وا ده‌بێت ده‌ست به‌ «عادل عه‌بدولمه‌هدی»یه‌وه‌ بگرین وه‌ك ده‌رچه‌یه‌ك بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌مان له‌سه‌ر ساحه‌ی‌ سیاسی عیراق و له‌ ڕێگه‌ی‌ (سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كیمان و دپلۆماسییه‌تمان كه‌ دوو بنه‌مای‌ به‌هێزی هێزی نه‌رمی هه‌ر ده‌وڵه‌ت و گه‌لێكه‌) له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران ڕێكبكه‌وین و بوونی‌ عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستێكی وه‌هادا ببێته‌ ده‌رچه‌ی‌ ڕزگاربوون و ده‌رچوونی‌ كورد له‌ هه‌ر كێشه‌ و ناكۆكییه‌كی كورد له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی‌ عیراق.
دوای‌ جوڵه‌یه‌كی هه‌رێم بۆ دابڕان له‌ عیراق ؛ به‌ڵام زۆری نه‌برد جارێكیتر گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق و ئێستا كورد به‌شێكه‌ له‌ كابینه‌كه‌ی‌ به‌ڕێز «عه‌بدولمه‌هدی» به‌ڵام پرسیاری‌ جدی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كورد بۆ به‌غداد دوای‌ ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری‌ كه‌ركوك، هه‌مان گه‌ڕانه‌وه‌ به‌هێزه‌كه‌ی‌ كورده‌ كه‌ له‌ حكومه‌ته‌كانیتری‌ عیراقدا به‌شداری‌ ده‌كرد؟
بێگومان نه‌خێر. پێش هه‌ر یه‌كێك له‌ ڕووداوی‌ ڕیفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كورد ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزبوو له‌ عیراق و كابینه‌كانی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ عیراق دا ، دانانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێك له‌ به‌غداد پێویستی به‌ « ئۆكه‌ی « كورد و هاوپه‌یمانییه‌ كوردییه‌كه‌ هه‌بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی كورد گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تادا شه‌رمنانه‌ ! و ئێستایش پڕ ترس له‌ دژایه‌تی زۆرێكی سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كان بۆ دووباره‌ بڕینی موچه‌ و بودجه‌ی‌ كوردستان.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد و به‌شداری‌ له‌ كابینه‌ی‌ نوێی حكومه‌تی‌ عه‌بدولمه‌هدی دا نه‌هه‌ڵه‌یه‌ و نه‌عه‌یبی سیاسییش، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وردتر لێی بڕوانین كارێكی دروست و جوڵه‌یه‌كی سیاسی باش بوو. به‌ڵام ناكرێت ئیدی كوردیش له‌ دۆخێكدا بووه‌ستێت و هه‌نگاو بۆ كرانه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ چوار ده‌وری‌ خۆی‌ نه‌نێت. ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ دوای‌ ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد كورد ده‌ستی بداتێ‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چیتر فۆرمی سیاسه‌تكردنی‌ له‌ عیراق و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان بگۆڕێت له‌ هێزی ڕه‌ق و دژایه‌تییه‌وه‌ بۆ هێزی نه‌رم و دپلۆماسییه‌ت.

print

 11 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*