سەرەکی » هەواڵ » كۆسرەت رەسوڵ: قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان

كۆسرەت رەسوڵ: قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان

پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا

بەڕێزان: خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان

ئەمڕۆ كە هاوكاتی 36ەمین ساڵەی ئەنفالكردنی بارزانییەكانە، تیمەكانی وەزارەتی شەهیدان لە سەماوە سەرقاڵی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی گەرمیانییە شۆڕشگێڕ و قارەمانەكانن، هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ساڵیادی ئەنفالكردنی بارزانییەكان جارێكی تر برینی هەموومانی كولاندەوە و بردمانیەوە بۆ ئەو ساتانەی رژێمی بەعس، كچان و ژنان، منداڵ و پیرو پەككەوتەكانی، دڕندانە ئەنفال دەكرد.
‎ئاشكرایە كە پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال درێژەپێدەری سیاسەتی رژێمی بەعسی فاشیست بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی یەكجارەكی كورد، بۆ ئەبەد ئەنفال پەڵەیەكی رەشە بە مێژووی بەعسەوە و هەرگیزاو هەرگیز لەبیرناچێتەوە و لە ویژدانی هەموو مرۆڤێكی ژیاندۆستدا دەمێنێتەوە.
‎ئەمڕۆ كە (36)ەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكان دەكەینەوە و هاوكات بە خەمبارییەوە باوەش بۆ روفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوانی گەرمیان لە سەماوە دەكەینەوە، ئەركە لەسەرشانی هەموومان هەوڵی جدی بدەین بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی ئەم پرۆسە بەدناوە بدەین.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
‎جێگری سكرتێری گشتیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 125 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*