هه‌موومان كوپا ئه‌مریكای ئه‌مساڵمان له یادە، هه‌ردوو یاریی ئه‌رجه‌نتین ×به‌رازیل له‌لایه‌ك و ئه‌رجه‌نتین× چیلی له‌لایه‌كی تره‌وه له‌بیرماندا ماون، ئه‌م دوو یارییه بۆ مێژووی وه‌رزشیی میسی ئه‌ستێره‌ی تانگۆ و یانه‌ی بارسیلۆنا بوون به لاپه‌ڕه‌یه‌ك له لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئه‌و رووداوانه‌ی هه‌رگیز نهلهبیری خۆی و نه‌له بیری هانده‌رانی ئه‌رجه‌نتین و ته‌نانه‌ت له‌بیری كۆمنیبۆڵیش ناچنه‌وه.
یارییه‌كه‌ی به‌رازیل و ئه‌رجه‌نتین یاریی پێشكۆتایی بوو، یاریی ئه‌رجه‌نتین و چیلیش یاریی سێیه‌م و چواره‌می بوو، له هه‌ردووكیاندا به دوو سیناریۆ ئه‌رجه‌نتین دۆڕا، له‌و دوو یارییه‌دا كێشه‌ی له‌كار كه‌وتنی ڤار و كێشه‌ی خراپی ناوبژیوان و حساب نه‌كردنی په‌نالتی بۆ ئه‌رجه‌نتین و كارتێكی سووری به په‌له بۆ میسی، ئه‌و باسانه‌ن كه بوون به كێشه و باسی سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی ئه‌و كوپا ئه‌مریكایه، ئه‌مه‌ش وای له میسی كرد پاش ته‌واو بوونی یاریی سێیه‌می و چوارهمییهكه، هێرشێكی توندی كه‌م وێنه بكاته سه‌ر یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌مریكای لاتین (كۆمنیبۆڵ) و به گه‌نده‌ڵ ناویان ببات، جگه‌له‌وه‌ش ووتی: هه‌رله‌سه‌رتای پاڵه‌وانێتییه‌كه‌وه جامی ئه‌م كوپا ئه‌مریكایه بۆ به‌رازیل دانراوه، هه‌روه‌ها ئه‌و تۆمه‌ته‌شی خسته پاڵ ئه‌و یه‌كێتییه كه له‌ژێر هه‌ژموون و كاریگه‌ریی بهرازیلییهكاندایهو كۆمنیبۆڵ گوێڕایه‌ڵی لێپرسراوه بهرازیلییهكانە و چه‌ندان تۆمه‌تی تر.
لێره‌دا دوو بابه‌ت هاتنه پێشه‌وه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ده‌بێت كۆمنیبۆڵ وه‌ڵامی توندی میسی بداته‌وه‌و سزای قورسی بدات، دووه‌میان ئه‌وه‌یە ئه‌گه‌ر كۆمنیبۆڵ ئه‌وه نه‌كات كه‌واته سه‌رجه‌م قسه‌كانی میسی راستن و تۆمه‌ته‌كانی له‌جێی خۆیدان.
له‌و ساوه تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه قسه‌ی زۆر ده‌كران له‌سه‌ر سزاكانی میسی، باسی ئه‌وه ده‌كرا كه سزای توندی ده‌درێت، دەوترا ره‌نگه زیاتر له دووساڵ را‌گرتن له یاریی نێو ده‌وڵه‌تی خۆی ببینێته‌وه، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه ده‌كرا ئه‌گه‌ر میسی داوی لێبووردن نه‌كات ئه‌وا سزایه‌كی قورس چاوه‌ڕوانی ده‌كات، ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری ئه‌رجه‌نتین له‌و رێكخراوه ئه‌م بۆچوونه‌ی دووپات كرده‌وه.
هه‌رچی میسییه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه داوای لێبووردنی كرد، نه چووشه ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و ترسانه‌ی له‌ئارادابوون، به‌ڵام یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتین له‌لای خۆیه‌وه به‌نووسراوێكی ره‌سمی داوای لێبوردنی كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی میسی نه‌به‌چاك، نه به‌خراپ، كاردانه‌وه‌ی بۆ ئه‌م لێبوردنه‌ی یه‌كێتیی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌ی نه‌بوو.
دواجار پاش چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر، كۆمنیبۆڵ سزاكه‌ی خۆی راگه‌یاند كه وه‌ستان و راگرتنی میسییه بۆ ماوه‌ی سێ مانگ له یارییكردنی نێوده‌وڵه‌تی، ماناكانی پشت په‌رده‌ی ئه‌م سزایه‌ش وه‌ك شاره‌زایانی بواره‌كه رایانگهیاندووهو هه‌موویان له‌سه‌ری كۆكن ئه‌وه‌یه:
*یه‌كه‌م: ئه‌مه سزا نییه خه‌ڵاتكردنه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌ی میسی راده‌گیرێت ئه‌رجه‌نتین ته‌نیا سێ یاریی دۆستانه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر چیلی و مه‌كسیك و ئه‌ڵمانیا ده‌كات و هیچیان هیچ گرنگییه‌كی نیه.
*دووه‌م سزاكه هیچ یارییه‌كی ره‌سمی ناگرێته‌وه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ بۆنه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نییه، له‌به‌ر كارته سوره‌كه‌ش كه له‌یاریی چیلی-دا وه‌ریگرت، یه‌ك یاریی پاڵاوتنی كیشوه‌ره‌كه یاریی ناكات و ئه‌مه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی بهسزاكهوه نییه.
*سێیه‌م: هه‌ربه‌پێی سزاكه، سزایه‌كی دارایی‌ش دراوه كه‌بڕه‌كه‌ی په‌نجا هه‌زار دۆلاره، ئه‌م بڕه پاره‌یه‌ش به بڕه پاره‌یه‌كی شه‌رمنانه ناو ده‌برێت، له‌به‌ر كه‌می بڕهكهو بۆ نوكته‌ش زۆرێك له رۆژنامه نووسان ده‌ڵێن كۆمنیبۆڵ ته‌نیا ئه‌م قازانجه‌ی له‌و سزایه كردووه.
*چواره‌میش ئه‌وه‌یه یانه‌ی بارسیلۆناش وه‌ك كۆمنیبۆڵ سود مه‌ند بووه به‌وه‌ی میسی بۆ ئه‌و چوار یارییه ناچێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات میسی تهرخانبێت بۆ بارسیلۆنا.
*خاڵی پێنجه‌م و كۆتایی ئه‌وه‌یه كۆمنیبۆڵ به‌م سزا سوك و شه‌رمنانه‌یه ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه میسی تاڕاده‌یه‌ك و له زۆر تۆمهتیدا بۆ كۆمنیبۆڵ له‌سه‌ر هه‌ق بووه‌و تۆمه‌ته‌كانی له‌جێی خۆیاندابوون، ئه‌گینا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی میسی و لێدوانه قورسه‌كانی پاش ته‌واو بوونی یاریی ئه‌رجه‌نتین و چیلی، به‌هه‌موو پێوه‌رێك باجه‌كه‌ی ئه‌و سزایه نییه کە دراوە، به‌ڵكو ده‌بوو سزایه‌كی زۆر قورس‌تر بوایه، كه‌واته پوخته‌ی قسه‌كان ئه‌وه‌یه میسی سزا نه‌دراوه به‌ڵكو خه‌ڵات كراوه.
