سەرەکی » ئابووری » سلێمانی ئامادەكاریی بۆ جەژن راگەیاند

سلێمانی ئامادەكاریی بۆ جەژن راگەیاند

یەکەی ئابووری

قائیمقامی سلێمانی دەڵێت: «هەموو رێوشێنێكی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارامدا پێشوازی لە رۆژانی جەژن بكەن».
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، دوێنێ سێشەممە 6ی ئابی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە بارودۆخێكی ئارام و بێ گرفتدا پێشوازی لە جەژنی پیرۆزی قوربان بكەن، هەموو ئامادەكارییەكی پێویست كراوە.
قائیمقامی سلێمانی وتیشی: «لە رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژندا هیچ شەقامێك بەڕووی هاتووچۆی شۆفێراندا داناخرێت، بەڵكو تیمەكانی هاتوچۆ هاوكار دەبن بۆ رێكخستنی شەقام و رێگەوبانەكان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەبێ گرفت سەردانی هەر شوێنێك بكەن كە دەیانەوێت».
ئاماژەی بەوەشدا، لیژنە هاوبەشەكان لە رۆژانی جەژن و پێش جەژندا بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و رێگری كردن لە هەر جۆرە سەرپێچیەك سەردان و چاودێریكردنیان زیاتر دەكەن بەتایبەت چاودێری وردی شوێنەكانی فرۆشتنی ئاژەڵ دەكەن، بۆ ئەوەی رێگە بگرن لە سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی كوشتارگەكان.
ئاوات محەمەد، ئەوەشی روونكردەوە، لە بازگەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی تیمەكان راسپێردراون هەموو كارئاسانی و هاوكارییەك پێشكەش بە گەشتیاران و ئەو میوانانە بكەن كە روو دەكەنە سلێمانی، وتیشی: «خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانی سلێمانی ئاگادار كراونەتەوە پێویستە لە رۆژانی جەژنیشدا شوێنەكانیان كراوە بن بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا و هەر شوێنێك پابەند نەبێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە».
قائیمقامی سلێمانی جەختی لەوەشكردوە، سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەكان و هێزە ئەمینەكان لە رۆژانی جەژندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەموو شوێنە گشتیەكان لە ئەركدا دەبن بۆ پارێزگاری كردن لە هاووڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی كە روو لە پارێزگای سلێمانی دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

وزەی خـاوێن و پـاراستنی ژینـگە

لایەنە تایبەتمەندەكانی وزەی خاوێن و پاراستنی ژینگە، بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەو ...