سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » پڕوپاگەندە بۆ خۆراك

ئه‌م كونجه‌ش

پڕوپاگەندە بۆ خۆراك

دۆستی گەورە و شەهیدم شێخ ستار (دوكتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف) زۆری دەخوێندەوە و زۆر جاریش باوەڕی بەو شتانە دەكرد كە دەیخوێندنەوە و بەجێی دەهێنان.
جارێك شتێكی لەبارەی سوودی (پیاز)ەوە خوێندبۆوە. ئیتر هەموو ڕۆژێ سەلكێك پیازی بە ساغی دەخوارد و سەلكێكیشی دەخستە ژێر مەنگەنە و ئاوەكەی دەگرت و دەیخواردەوە. منیشی ناچار كرد كە بایەخ بە پیاز خواردن بدەم، بەڵام وەكو ئەو نا.
لەپڕ ڕۆژێك تەلەفوونی بۆ كردم و بە قاقای پێكەنین دەستی پێكرد. ووتم دە قسە بكە (یا شێخ، بزانم چی یە. وتی: كورە من چۆن خەڵەتام و چۆن تۆشم خەڵەتاند. ووتم دەی بڵێ. وتی: كورە مەسەلە پیازە. ئەمڕۆ لە شوێنێكدا خوێندمەوە كە ئەو پڕوپۆگاندەیە بۆ پیاز كۆمپانی یەكی ئەمریكی كردوویەتی كە ئەمساڵ پیازی زۆر چاندووە. ئەو ڕۆژنامەكەی ڕاسپاردووە – پڕوپۆگاندە بۆ پیاز بكات و دیارە شتێك پارەشی خستۆتە گیرفانیانەوە. (كورە سەرمایەداری یە – سەرمایەداری).
شووتی:
ئەم باسی (پیاز)ەم كاتێ هاتەوە بیر كە لە یەكێك لەم كەناڵە (زۆر بێ و بۆر بێ) یانەماندا – باسی شووتیی پێنجوێنم بیست، مەبەسم ئەوە نی یە – كە ئەو كەناڵە بە (بۆر) دابنێم، بەڵام هەر مەبەسم لەوەیە كە نابێ ئەو هەموو كەناڵەمان هەبێ.
باشە با بێمەوە سەر ئەوەی یەكێك لەم كەناڵانەمان سێ رۆژ لەسەر یەك باسی (شووتی) ی پێنجوێنی دەكرد، كە وا بزانم یەك هەواڵی بچووك و بە یەكجار بەسبوو. جارێ من (پێنجوێن)م خۆشدەوێ. منداڵ بووم گۆرانی یەكم لەبیرە دەیووت:
خوایە ….
(هەڵەبجە) و (پێنجوێن) بكەی بە یەكێ.
ئەو سەردەمە (هەڵەبجە) قەزا بوو. (پێنجوێن) یش ناوچە (ناحیە) بوو سەر بە پێنجوێن بوو.
پاشان هۆیەكیتری خۆش ویستنی (پێنجوێن) لای من ئەوەیە. كە دۆستی شیرین و هاوئەندامی پەرلەمانم رەحمەتی (بەكری حاجی سەفەر غوڵام) پێنجوێنی بوو.
وابزانم ئەویش سەر بە بنەماڵەیەكی ئەودیو (پێنجوێن)ەو كە كوردستان نەكرابوو بەم پێنج پارچەیەی ئێستاوە – باو باپیری لەو دیوەوە هاتوونە پێنجوێن.
دەڵێم: دیارە حەز لە (شووتی) یش دەكەم و خۆشە. بەڵام كەناڵێك چەند ڕۆژ بە (شووتی) ی پێنجوێنەوە خەریك بێ و (شووتی) یەكەش پیشان بدا و شوتیی ڕەسەنی كوردی بێ، واتە لەو جۆرە ( شووتی) یە بێ – كە كورد (شووتی یە كۆڵە) ی پێ دەڵێن و خڕە. ئەوە پێش ئەوەی شووتی یە – توێكڵ سەوزی كاڵەكە بێتە كوردستانەوە كە كورد (شووتیی ئەمەریكاییان ناونا) بەڵام ئەویش هەر خۆشە.
ڕەنگە بڵێن – ئەوە چی یە خۆت و ئێمە و كوردستانی نوێت بەم باسەوە خەریك كرد، بەڵێ: دەزانم زۆر خەریكم كردن. بەڵام ئەترسم ئەمەش (سەرمایەداری) بێ – كورە سەرمایەداری و قانزاج زۆر دەهێنێ لەسەری بنووسم. شتێكیتریشم لەبارەی پێنجوێنەوە لە دڵدایە – بەڵام با نەینووسم و هیوام وایە هەمووتان بە شووتیی (پێنجوێن) دەمتان شیرین بێ.

 507 جار بینراوە