سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!پەڕە 18

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی بیست و دوو

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

لەماوەی دروستبوونی» گروپی سینەمای کوردستان» دوو سەردانی گرنگی دوو دامەزراوەی هێزە کوردستانیەکانمان کرد هیچیان لێ شین نەبوو، بەڵام بۆ ئێمە زۆر گرنگ و جێگای سەرسوڕمان بوو، خەڵکانێك خەریکی یەکتر قڕکردن بوون، ئێمەش خەریکی باسکردنی سینەماو پیشخستنی ئەو بوارەی هونەر بووین و داوامان لە شەڕکەرەکان دەکرد پێویستە کورد بایەخ بەو هونەرە بدات و بۆ کورد چەکێکی کاریگەرەو پێویستییەکی هەنوکەییە؟!.

سینەماچیەکان چیتان دەوێت خۆمان بووین بە سینەما
گەڕی دووەمی شەڕ توندبوو، هاوڕێم پشتیوان کە سکرتێری گروپەکەمان بوو، دڵخۆش بوو کە توانای خۆی لەو رێیەدا بە چالاکی و جموجۆڵی زۆر خەرج دەکات، بەڵام نیگەران بوو کە لەو شەڕەدا ئەو هێزەی ئەو پشتیوانی دەکرد لە هەولیر دۆخی باش نەبوو، هەر چۆنێك بێت من و ئەو بواری خۆمان لەسەرووی بیروباوەڕی سیاسیی دەزانی و گەیشتبوە ئەو رادەیەی پشتیوان بۆ رۆژنامەی نەیاری هێزەکەی بنووسێت و بڵاویش دەکرایەوە.
یەکەم سەردانمان بۆ لای کاک مەلا بەختیار بوو، ناوبرا ئەوکات لە رێکخراوە دیموکراتییەکان بوو، تا ئێمە گەیشتینە لای، ئەو لە ئامادەباشیدابوو بڕوات، دیارە لە شوێنیك پێکدادان هەبووە، ئێمە گەیشتینە بارەگاکەی پێیانووتبوو»گروپی سینەمای کوردستان» هاتوون، کە ئێمەی بینی بە پێکەنینەوە ووتی؛ چیتان دەوێ سینەماییەکان، ئەوە ئێمە خۆمان بووین بە سینەما.. ئیتر هەر بەڕێوە و بە خێرایی چەند قسەیەکمان کردوو هەردوو لە یەکتریمان گەیاند کە سینەما بەڵێ زۆر گرنگ و پێویستە بەڵام کاتێك شەڕ کەوتە کۆڵانان و رووبەڕووبوونەوەش لەنێوان براکان بێت ئەوە سینەما ناتوانێت وەبەرهێنانی تێدابکریت.
بۆ ئەو کاتیش هەوڵمان هەبوو فیلمی دۆکیۆمینتاری درووست بکەین توانای ئەوە ئاسانتر بوو وەك لە فیلمی داستانی و «فیکشن»ئەو کارە لە ئێستادا زۆر زەحمەتەو هەموان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگری شەڕدابوون، مەشخەڵی سینەما بەمجۆرە هەڵناکریت؟!.
خوا حافیزیمان لەیەکتری کردوو، لەگەڵ پشتیوان بەپێیان بەرەو قەڵات بەڕێکەوتینەوەو لەگەڵ یەکتریدا کەوتینە گفتوگۆ و گەنگەشەی ئەوەمان کرد ئاخۆ ئەو کاتەی بۆ دیدارەکانمان هەڵبژاردووە، گونجاوە؟ گەیشتینە ئەوەی ئێمە پەیوەندیمان بە شەڕەوە نیەو ئیشی خۆمان دەکەین.
سەردانی دووەممان بۆ لای یەکێك لە هێزە کاریگەرەکانی باکور بوو کە لە باشور نوێنەرایەتییان هەبوو، هەڵبەت بە تەلەفۆنی نۆڕماڵی ناوەندی رۆشنبیری سەردەم ئەو دیدارانەمان رێکدەخست و ئینجا هەندێکجار بە پێ، هەندێكجاریش بەتەکسی دەڕۆیشتین بە تایبەتی کە پاداشتی وتارەکانمان لە کوردستانی نوێ وەردەگرت هەر زۆر دڵخۆشبووین چوون یەکسەر دەڕۆیشتین برنج و فاسۆلیایەکمان دەخوارد و هەموجاریش پشتیوان وتەی برێت-ی بەشێوەیەکی تر دووبارە دەکردەوە کە دەڵێ؛ نانێك و شانۆیەکم بەرێ گەلێکی بەختیارت دەدەمێ، پشتیوانیش دەیگووت؛ برنج و فاسۆلیایەکی کوردیم بەرێ سینەمایەکی کوردیت دەدەمێ.
هەر چۆنێك بێت گەیشتینە بارەگای ئەو پارتەو لەلایەن هەڤاڵێکی بەڕیز و خودان دسپلین و کۆنکرێتی پێشوازی کراین و باسی خۆمان و ئامانجی گروپەکەمان کردو یەکسەر هاتینە سەر ئەوەی کە بۆ سەرخستنی هەوڵەکان لە ئێستادا باشترین جۆری بەرهەمهێنانی فیلم دۆکیۆمێنتارییەو بابەتەکانیش واپێویست دەکات لەسەر ژیان و نەهامەتییەکانی گەلی کورد بێت» ئەوکات هەر ئەوە باو بوو».
هەڤاڵی بەڕێز روخسەتی خواست و چووە ژورێکی تر و پاش کەمێك هاتەوە، ووتی؛ ئێمە دەتوانین ئاڵای کوردستانتان پێشکەش بکەین، من و پشتیوان هەستاینە سەرپێ و هەر بەپێوە و دوای ئەوەی سکرتێر ئاڵاکەی وەرگرت و بۆ ئەو هەڤاڵەمان چەمایەوەو ماچێکی ئاڵاکەی کرد، وتم؛ با دانەنیشینەوە هەر ئەو ئاڵایەمان پێبراوەو لە فیلمی دۆکیۆمێنتاریشدا یارمەتی نادرێین چونکە پارەی تێدایە با تێچونەکە کەمیش بێت. لەگەڵ پشتیوان سوپاسی ئەو هەڤاڵەمان کردو چووینە دەرەوە. لەو ماوەیەدا بەپێ رۆیشتین و لە رێگادا پشتیوان ئاڵاکەی کردەوەو سەیرێکی کرد وو ووتی؛ زۆر زۆر جوانە، بەڵام بارەگامان نیە لە کێندەرێ هەریدەین؟!.

گروپ و یانەی سینەما
هەر لە ناوەندی رۆشنبیری سەردەم لەسەر قەڵای هەولێر ژوورێکی بچکۆلەی پێموابێ (دوو بەسێ)مەتری هەبوو ئێمە کردبوومانە شوێنی نیشاندانی فیلم، واتە کردمانە یانەی سینەما، لەوێ هەفتانە فیلممان نیشاندەداو وەستای هەرە شارەزای هەڵبژاردنی فیلمی باش پشتیوان عەبدوڵا بوو کە پۆستی لە گروپیشدا سکرتێر بوو، ئەو دەیگووت سەرۆك و سکرتێر بۆ رێکخراو نابن یان دەیگوت؛ من حەزم لەو شتانە نیەو لێی نازانم گرنگ ئەوەیە فیلم ببینین.
گرنگترینی کارەکانمان هەر لە دامەزراندنیەوە تاوەکو داخرانی سەردەم کە بەهۆی شەڕو تێکچوونی هاوسەنگی هێزەکان، ئێمەیش کوژاینەوەو پەرتەوابووین، لەو ناوەندەدا بەڕێوەچوون. دوای دامەزراندنی»گروپی سینەمای کوردسان»لە ١٣-١٢-١٩٩٦، یەکەم چالاکی فراوانمان بۆ یادی سەد ساڵەی سینەما لە ٢٨-١٢-١٩٩٥ بۆ ماوەی سێ رۆژ بەهاوکاری کۆمپانیای کۆیە بەڕێوەچوو، تێیدا زنجیرەیەك چالاکیمان پێشکەش کرد و بۆ یەکەمجار هونەرمەند هونەر سەلیم بەشداری کردوو و فیلمی «بستێك سبور» بڵاوکرایەوە. هەر لەو نجیرە چالاکیەدا کۆڕێکمان بۆ سینەماکاری رەوانشاد ئەسعەد عومەر بەڕێوەبردو بۆ یەکەمجاریش لە کوردستان فیلمی «زەردك>مان لەو چالاکیەدا پێشکەش کرد کە دەر‌هێنانی ئەسعەد عومەر و نواندنی شاعیر ئەحمەدی مەلا بوو. فیلمەکە دۆکیۆمێنتاری بوو لەسەر ژیانی شاعیری ناوبراو.
بیرمە لە یەکێك لە چالاکیەکان بەهۆی کوژانەوەی کارەبا فیلم پێشکەش نەکرا، بەڵام کۆڕەکە بەردەوام بوو؟!.

فەرهاد پیرباڵ و کۆماری من
کاتێك فەرهاد پیرباڵ لە ئەوروپا- فەرەنسا- هاتەوە، وڵاتی ئێمە لە گەرمەی شەڕی ناوەخۆدا بوو، ئەو لەناو هەموو هەولێر دڵی بە ناوەندی سەردەم خۆشبوو کە دەیبینی چالاکی دەکرێت و شوێنەکەش مێژووییەو دەکەوێتە سەر قەڵات کەواتە زۆر گرنگە. خۆیشی گەنجێکی یەکجار قۆزو باڵا بەرز بوو، کە دەهاتە سەردەم هەمیشە کۆمەڵێک گەنج بە دەوریدا کۆدەبوونەوە.
فەرهاد دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و چالاکیەکانی کردو لەماوەیەکی یەکجار کورت و زوو دڵی میدیاو میدیاکارانی کەمەندکێش کرد و جموجۆڵی ئەدەبی و روناکبیری و هەروا لە زانکۆش تازە دامەزرا بوو چالاکیەکانی وی گەلەك فراوان و فرە رەهەند بوون.
کاتێك بەرانبەر بە شەڕ هەڵوێستی نواند و دەستیکرد بە گربوونەوەو نووسین و چالاکی، بەخێرایی پشتیوانی کراو بووە ئەستێرەیەکی گەش و لە ئاسمانی دژەکانی «شەڕی ناوەخۆ»دا دەدرەوشایەوە، بە خێرایی «گروپی ٤٩»یان دروست کرد، بەندەش بەوپێیەی لە تیڤی زەحمەتکێشان بووم و روماڵی روداوەکانم دەکرد، جۆری چالاکییەکانی ئەو و هاوڕێکانی دایان دەڕشت بووە جێگای سەرنجی بەندەو لەیەکەم کۆبوونەوەی «گرپی ٤٩»ئەو گروپەی بریاریاندا خۆیان بسوتێنن بەندە ئامادەی چالاکیەکانیان بووم هەمیشم بەکامیری تیڤی تۆمار کرد، سەرەتا بە سوتادنی بەرهەمی ئەدەبی وهونەرییانەوە دەستیان پێکرد تا وای لێهات لە پەرلەمان چالاکیەکیان نواند بۆ ئەوانەی مانیان گرتبوو.
لەوێوە چالاکیەکان گەورەبوون و وای لێهات لە دیاری کردن و راگەیاندنی رۆژی خۆسوتاندنی بە کۆمەڵ، دەیان هەزار کەس لە هەولێر کۆبوونەوەو لێنەگەڕان بڕیاری خۆسوتاندنەکەیان سەرکەوێت خێرا پەلاماریاندراو پەرتکران. فەرهاد پیرباڵ بەسەردەستی ئامادەبوان بردراو دور خرایەوە تا وایلێهات خۆسوتاندنەکە هەڵوەشایەوە؟!.
ئەو چالاکیانەو هەندێك خەونی تری فەرهاد پیرباڵ بوونە خەونی منیش و لەگەڵی دانیشتم کە بەرنامەم وایە فیلـمێك بەناوی» کۆماری من»دروست بکەم کە ناونیشانەکەیم لە کتێبی کۆمارەکەی ئەفڵاتوون وەرگرتبوو.
رەزامەندی نیشانداو دەیان رۆژ بەدیاری رۆتینیاتی رەزامەندی و گرفتی کارگێڕی و کیتابوونا کێتابوکم زۆری پێچوو دواجار هەر نەکراو کۆپیەك لای فەرهاد مایەوە تەواوی رەزامەندییەکانی حکومەتیش کە دەیان فەرمانگەم پێکرا لای خۆم کۆپیم کردن و لە ئەرشیفمدا پارێزران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان بەشی بیست و هەشت لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» ...