سەرەکی » ئابووری » دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەكانداپەڕە 3

دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەكاندا

رێكخراوی‌ (EITI) دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەكاندا

سعود هاشم*

دەستپێكی دروستبوونی ئەو رێكخراوە EITI (دەستپێشخەری شەفافیەت لە پیشەسازییە دەرهاتووەكان)دا دەگەڕێتەوە بۆ خواستی ژمارەیەك وڵات‌و كۆمپانیاو دەستەی چاودێری‌و رێكخراو كە لەساڵی 2002 رایانگەیاندو لەلایەن ژمارەیەك كۆمپانیاو رێكخراوی ناحكومی نێودەوڵەتی پێشوازی لێكرا.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندین وڵاتی زلهێزی وەك (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ژاپۆن) پاڵپشتی خۆیان دەربڕی بۆ دروستبوونی ئەم رێكخراوەو لەسەر ئاستی كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكانیش كۆمپانیای وەك (ئیكسۆن مۆبیل، تۆتاڵ، شێڵ، ئەنگیلۆ و ئێینی) پابەندی خۆیان بۆ ستانداردو پێوەرەكانی ئەم رێكخراوە راگەیاند.

ئەرك‌و ئامانج
رێكخراوی (EITI) وەك بنەمای كارەكان‌و لەیەكەمین كۆنفرانسیدا كە لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەساڵی 2006 بەسترا، بڕیاردرا بە دروستكردنی ئەنجومەنی سكرتارییەتی گشتی بۆ ماوەی دوو ساڵ (2006 – 2008) و زیاتر لە (20) وڵات‌و چەندین رێكخراو و كۆمپانیا تێیدا بوونە ئەندام.
ئێستا (52) وڵات پابەندی خۆیان بۆ پێوەرەكانی ئەم رێكخراوە راگەیاندووەو تێیدا ئەندامن كە ساڵانە هەڵسەنگاندن دەكات بۆ مامەڵەی وڵاتە ئەندامەكان لە بەڕێوەبەردنی سامانی سروشتی‌و جێبەجێكردنی پێوەرو ستانداردەكانی ئەم رێكخراوە كە بریتییە لەوردبینیكردن لە داهات‌و باج‌و بڕی هەناردەو ئاشكراكردنی داهاتی كۆمپانیاكان‌و بەشداریپێكردنی لایەنی سێیەم بۆ پشتڕاستكردنەوەی داتاكان‌و هەروەها پێدانی رۆڵی چاودێری بە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.
بەشێوەیەكی كورت، دەستپێشخەری شەفافیەت لەپیشەسازییە دەرهاتووەكان، پڕۆسەیەكە خۆی دەبینێتەوە لەچاودێری كردنی وردی داهات‌و پابەندی حكومەتە لەئاشكراكردنی داهات‌و پێدانی دەستحەقی كۆمپانیا نەوتیەكان‌و بەرواردكردنیان‌و راگەیاندنیانە بۆ رای گشتی.

پرەنسیپ‌و پێوەر و ئەندامبوون
رێكخراوی (EITI)، لەكۆنگرەی (لانكاستر هاوس) لە بەریتانیا (2003) و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لەوڵاتان‌و كۆمپانیا گەورەكانی بواری سامانی سروشتی‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، هاوڕابوون لەسەر دانانی چەند پرەنسیپ‌و بنەمایەك بەمەبەستی هێنانەكایەی شەفافیەتی زیاترو ئیدارد‌انێكی باشی سامانی سروشتی لەوڵاتانی ئەندام، گرنگترین پێوەرو پرەنسیپ كە دانرا ئەمانە بوون:
1- پێویستە سامانی سروشستی بۆ گەشەی ئابووری بەكاربهێنرێت كە دواجار دەبێتە هۆی گەشەی بەردەوام‌و سنوورێك دادەنێ بۆ بەرزبوونەوەی هەژاری، بەپێچەوانەوە خراپ بەكارهێنانی سەر دەكێشێ بۆ رەنگدانەوی نێگەتیڤ لەهەردوو بواری ئابووری‌و كۆمەڵایەتی.
2- بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی دەبێ لەپێناوی هاووڵاتیان بێت‌و ئەمەش كاری حكومەتێكی خاوەن سەروەرییە ئەنجامی بدات لەپێناوی پەرپێدانی نیشتیمانی.
3- دەكرێ بۆ سودی دەرهێنانی سامانی سروشتی كە وەك داهاتێكی ساڵانە دێتە وڵات نرخەكان لەبەرچاوبگێرێت.
4- پێویستە خەڵك گۆش بكرێ بە زانیارییەكان‌و تێگەیشتنیان بۆ داهاتی حكومەت‌و خەرجیەكان، بەمەبەستی دروستبوونی زانیاری دروست تا لەداهاتوودا بتوانێ بڕیار لەبژاردە دروستەكان بدات بەمەبەستی پەرپێدانی بەردەوام.
5- بوونی شەفافیەت لەلایەن حكومەتەكان‌و كۆمپانیا كاركەرەكان لەبواری پیشەسازییە دەرهاتووەكان‌و پێویستیان بە بەهێزكردنی سیستمی دارایی گشتی‌و لێپێچینەوە.
6- دروستبوونی شەفافیەتێكی زۆر و بەهێز دەبێ لە چوارچێوەی رێزیگرتن بێ لە یاساو گرێبەستەكان.
7- بوونی شەفافیەت هۆكارێكی بەهێزە بۆ راكێشان‌و دروستبوونی وەبەرهێنانی ناوخۆیی‌و دەرەكی بەشێوازێكی راستەوخۆ.
8- بڕوای تەواوەمان هەیە بەملكەچ بوونی حكومەت‌و كۆمپانیاكان بۆ لێكۆڵینەوە‌و لێپێچینەوە لەلایەن هەموو هاووڵاتییەكەوە، لەپێناوی سەرپەرشتیكردنی داهات‌و خەرجییە گشتییەكان.
لەچوارچێوەی ئەو پرەنسیپانە هەر وڵاتێكی خوازیار بۆ ئەندامێتی ئەم رێكخراوە پابەند دەكرێ بە چەند رێنمایی‌و پێوەرو مەرج كە دەبنە دەروازە بۆ بوونە ئەندام لەم رێكخراوە.
عیراق تائێستا كە ماوەی چەند ساڵێكە لە ئەندامێتی سڕ كراوە لەكۆی 22 رێوشوێن بۆ بوونە ئەندام تەنها 10 رێوشوێنی جێبەجێكردووەو سەرەڕای ئەمەش چاوەرێ دەكرێ ئەمساڵ متمانەی ئەندامێتی بە عیراق ببەخشرێ.

رێكخراوی EITI و رۆڵی رێكخراوەكان
هەر وڵاتێك بۆ بوونە ئەندام پێویستە كۆمیتەیەك یاخود سكرتارییەتێك بەسەرۆكایەتی گەورە بەرپرسێكی حكومی رابگەیەنێ‌و ئەو سكرتارییەتە ناسراوە بە ئەنجومەنی خاوەن بەرژەوەندیەكان (MSG Multi-stakeholder group) پێكدێت لە:
1- نوێنەری حكومی.
2- نوێنەری كۆمپانیاكان.
3- نوێنەری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
ئێستا لەعیراق سامر غەزبان وەزیری نەوتی عیراق‌و جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری وزە سەرۆكایەتی ئەو كۆمیتەیە دەكات‌و كەسێكی دیكەش بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی، دەبێت بە بەڕێوەبەری جێبەجێكار.
لەگەڵ دووبارە خۆرێكخستنەوە بۆ نووسیینەوەی راپۆرتەكان‌و جێبەجێكردنی راسپاردەكانی كۆمیتەی گشتی رێكخراوی EITI، تائێستا تەنها لەسەر ئاستی پارێزگاكانی دیكەی عیراق (جگە لەكوردستان) نوێنەری رێكخراوەكان دەستنیشان كراون.
بەداخەوە، چەند كەسێكی بیر تەسكی مەزهەبی‌و حیزبی لەچوارچێوەی سكرتارییەتی بەغدا رێگرن‌و نایانەوێ رێكخراوەكانی هەرێمی كوردستان نوێنەریان هەبێ‌و دواین هەوڵەكانیشیان تێكدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی 22/09/2018 بوو، بەو پیلانە سیستەماتیكەی كە پیادەیان كردو چەند كەسێكی ناو رێكخراوەكانی هەرێمیش كە دڵنیابوون لەوەی نوێنەرە حیزبیەكانیان دەرناچن هەڵسان بە تێكدانی پڕۆسەكە.
وێڕای ئەوەی دوای تێكچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە، پارێزگاری هەولێر داوای لێكردن هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەن‌و هەموو هاوكارییەكیان لەڕووی لۆجستی‌و سكیورتییەوە پێشكەش دەكەن ئەگەر داوای بكەن، بەڵام چونكە مەبەستەكەیان دیار و روونە كە لایەنێك دژی دانانی نوێنەری رێكخراوەكانی هەرێمە لە بەغدا بۆیە تا ئێستا چەندین جارە شكست بەو هەوڵانە دەهێنرێت كە داوای دیاری كردنی نوێنەری رێكخراوەكانی هەرێم دەكەن لە بەغداو لەو رێكخراوە.

گرنگی رێكخراوی EITI
ئەم رێكخراوە لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەیەكی زۆری هەیەو پێوەرو بنەماكانی ئەو رێكخراوە لە سێكتەری نەوت‌و غاز و كانزا دەرهاتووەكان دەرخەری شەفافیەتی سامانە سروشتییە دەرهاتووەكانی هەر وڵاتێكە كە جێبەجێیان دەكات.
زۆرێك لە هاوكارییە نێودەوڵەتی‌و پێدانی قەرز و كۆمەكی دارایی‌و هاوكاری مرۆیی‌و هاوكاریكردن لەلایەن بانكی نێودەوڵەتی‌و سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی..تد، پشت دەبەستێ بەڕاپۆرتەكانی ئەم رێكخراوەو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی متمانەیەكی گەورەی هەیەو رۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ وڵاتانی پابەند بەبنەماكانی روونی‌و مافی مرۆڤ.

كوردستان‌و وەڵامدانەوی پێوەركان EITI
كابینەی نۆیەم وەك هەنگاوی كردەیی‌و نیشاندانی نیەتی جێبەجێكردن‌و ئیدارەدانێكی باش، پێویستە بەفەرمی پاڵپشتی‌و ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێكردنی پێوەرو ستانداردەكانی ئەم رێكخراوە رابگەینێ‌و ئەمەش لەپێناوی بەڕێوەبردنێكی چاكی سامانی سروشتی‌و رەنگدانەوەی بەسەر گوزەرانی خەڵكدا.
ئەگەرچی لەیاسای نەوت‌و غازی هەرێم بەڕوونی ئاماژە بە پابەندییەكی حكومەتی هەرێم كراوە بۆ پێوەرەكانی شەفافیەت، بەڵام تائێستا ئەم هەماهەنگییە نەگەیشتۆتە ئاستی ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نوێنەرێك دەستنیشان بكات لە ئەنجومەنی رێكخراوی EITI لە بەغداو بەشدار بێ لەنووسینەوەی راپۆرتەكان.
بەداخەوە ئەم كەیسە تائێستا بەهەند وەرنەگیراوەو نەبۆتە پێشینەو بەرنامەی كاری حكومەت‌و كاری لەسەر نەكراوە، ئەگەرنا وەكو حكومەتی هەرێم لەزۆر بواری شەفافیەت لەپێشەوەی حكومەتی عیراقین، تائێستا عیراق بەشێوازێكی ناڕوون مۆڵەتی گەڕان‌و پشكنین دەدات‌و گرێبەستەكانی عیراق ناڕوونەو بڵاونەكراونەتەوە، ئەمە وێڕای ئەو داتاو ژمارانەی كە سۆمۆ بڵاوی دەكاتەوە كە جێگای تێبینی زۆرێك لە شارەزایان‌و وردبینانی بیانی‌و عیراقین‌.
پێویستە حكومەتی هەرێم یەكێك لەم دوو بژاردەیە دیاری بكات كە تایبەتە بە شەفافیەت لەكەرتی نەوت‌و غاز:
1- پێكهێنانی ئەنجومەنێكی EITI تایبەت بە هەرێمی كوردستان‌و هەرێم ئەم كەیسە سەرپەرشتی بكات كە هاوشێوەی ئەنجومەنی بەغدا بێت‌و دواجار راپۆرتە كۆتاییەكان یەكبخرێن.
2- نوێنەرێك بۆ بەغدا دەستنیشان بكات‌و لە بەغدا دەستبەكاربێت‌و لەنزیكەوە سەرپەرشتی ئەم كەیسە بكات.
ئەم رێكخراوە، دەرفەتێكە بۆ خزمەتی خەڵك لەسەر ئاستی ناوخۆ و خزمەتێكە بۆ نێوبانگی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

* بەڕێوەبەری پەیمانگەی كوردستان بۆ وزە

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە سلێمانی ئاماده‌كاریی بۆ رێگریكردن له‌ كاره‌ساتی سروشتی ده‌كرێت

یەکەی ئابووری له‌ شاری سلێمانی ئاماده‌كاری پێشوه‌خت بۆ رێگری كردن ...