سەرەکی » وتار » ئەردەڵان عەبدوڵڵا » (%8) پیاوانی ئاسیا جیناتی جەنگیزخانیان تێدایە

(%8) پیاوانی ئاسیا جیناتی جەنگیزخانیان تێدایە

لەوانەبێت کاتێک ئەم ناونیشانە دەخوێننەوە تووشی سەرسوڕمان بن و هەندێکیشتان لەوانەبێت باوەڕ نەکەن، منیش کاتێک کە ئەم زانیارییەم خوێندەوە باوەڕم نەدەکرد، بەڵام کاتێک سەیری مێژوویی خوێناوی « جەنگیزخان» دەکەیت، کە دڕندەترین سەرکردەی جیهان بووەو ئەو هەموو ماڵوێرانی و کوشتن و بڕین و ئەتکردنی ژنانە کە ئەم پیاوەو لەشكرە دڕندەکەی کردوویەتی، ئینجا باوەڕ دەکەیت.
جەنگیزخان لە ساڵی 1162 هەندێک سەرچاوەش دەڵێن1167 لەدایک بووەو ساڵی 1127 کۆچی دواییکردووە. دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی مەنگۆلیایایە، کە لە مەنگۆلیاوە دەستیپێکردوەو لە رێگای هەڵمەتی سەربازییەوە، بەشێکی زۆری خاکی ئاسیاو ئەوروپای داگیر کردووە. هەتاوەکو ئەمڕۆش ناوەند و زانکۆکان، لێکۆڵینەوە لە بارەی مێژوویی ئەم پیاوەو لەشكرە دڕندەکەی دەکەن.
لە ئێستادا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێكم لە بارەی مێژووی سیستەمی سیاسی لە جیهاندا کە لە لایەن فەیلەسووفی ئەمریکی « فرانسیس فۆکۆیاما» نووسراوە لەم کتێبەدا نووسەر تیشکی خستۆتە سەر مێژووی حوکمڕانی جەنگیزخان، لە سایەی ئەم پیاوەدا گەورەترین ئیمپراتۆریەت لە مێژوودا دروستکراوە، کە لە سنوورەکانی مەنگۆلیاوە دەستیپێکردووە بۆ چین، ئاسیای ناڤین، هیندستان، ئێران، هەتاوەکو بەغدا، لە باکووریشەوە روسیا و بەشێکی ئەوروپای داگیرکردووە. دیارە لەشكرە وەحشییەکەی جەنگیزخان چووبێتە هەر وڵاتێکەوە، ئەوا سووتاندن، کوشتن، بڕین، لە پاشانیش ئەتکردنی ژن و کچان دەستیپێکردووە.
فۆکۆیاما لە کتێبەکەیدا گرنگی زۆری بە شێواز و هۆکاری دروستبوونی دەوڵەتەکان داوە، لایەنێکیش کە تا ڕادەیەک پێشتر مێژوونوسان و بیرمەندان،گرنگی کەمی پێدراوە رۆڵی « ئەتکردنی ژنان» لە هەڵمەتە سەربازییەکانە.
لەمبارەیەوە فۆکۆیاما دەڵێت : پێویستە گرنگی سێکس و دەستکەوتنی ژنان وەکو بزووێنەرێک لە رێکخستنی سیاسیدا بەکەم وەرنەگرین، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە کەرتییەکاندا، ئەوانەی بەشێوەیەکی رۆتینی ژنان وەکو بابەتی ئاڵۆگۆڕ کردن بەکاردەهێنن.ل108
پاشان وتەیەکی جەنگیزخان دەهێنێتەوە کە وتویەتی:
مەزنترین جێژ بریتییە لە بەزاندنی دوژمنەکانت و راوەدونانیان بۆ رووتکردنەوەیان لە سامانەکانیان و بینین ئازیزانیان بە چاوی فرمێسکاوییەوە، سواری ئەسپەکانیان بیت‌و ژن و کچەکانیان بخەیتە باوەشتەوە»
دیارە ئەمەش یەکێک بووە لە حەزە شەڕەنگێزییەکانی، بە حوکمی ئەوەی کە ناوچەیەکی گەورەی ئاسیای داگیرکردووە، چووبێتە هەر شوێنێکەوە یەکێکیش لە کارەکانی، ئەتکردنی ژن و کچانی ئەو ناوچەیە بووە کە داگیرکردوون، هەربۆیە ساڵی 2003 زانکۆییەکی ئەمریکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیان کردووە بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیە بێت کە پشتی بە « پشکنینی ترشی ناوکی DNA « بەستوە، دەرکەوتووە کە لە 8% رەگەزی نێرینەی کیشوەری ئاسیا، هەڵگری جیناتی جەنگیزخانن ، بەواتایەکی تر نەوەی ئەون یان لە نەوەکانی ئەون.
گەر سەیری ئەو ناوچانەش بکەیت کە سوپاکەی جەنگیزخان داگیریکردوون، ناوچەیەکی ئێجگار فراوانی ئاسیای داگیر کردووە، لەهەر هەڵمەتێکیشدا ئەتکردنی ژنان، بەشێک بووە لە هەڵمەتە نەگریسەکانی، وەکو خۆشی دەڵێت، ئەتکردنی ژنان و کچانی، بە مەزنترین جێژ داناوە.
بەداخەوە ژنان هەمیشە قووربانی جەنگی پیاوەکان بوون، هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم دیاردەیە بەردەوامە، بۆ نموونە ئەتکردن و کۆیلەکردنی ژنانیش بەشێک بووە لە سیاسەتە نەگریسەکانی داعش، لە ئێستاشدا لەپاش تەواوبوونی حوکمی خوێناوییان، کۆمەڵێک قووربانی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە، کە بریتین لەو منداڵانەی کە لە چەتەکانی داعش بوون، جەنگیزخانیش لە پاش هێرشە خوێناوییەکانی جگە لە ماڵوێرانی و سووتاندنی شارەکان، نەوەکانی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە، کە لە ئەنجامی ئەتکردنی ئەو ژن و کچانەوە لە دایکبوون کە پێشتر پیاوەکانی کووشتون.
کاتێکیش سەیری هەڵسووکەوتی هەندێک مرۆڤی ئەم سەردەمە دەکەم، هەست دەکەم هەمان شەڕەنگێزی جەنگیزخانی تێدایە، پێدەچێت هەمان جیناتی جەنگیزخانی تێدابێت.

سەرچاوە:
فرانسیس فۆکۆیاما. رەگوریشەی سیستەمی سیاسی. لە سەردەمە پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەرەنسا. وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە. ئاوات ئەحمەد سوڵتان. بەرگی یەکەم. چاپی یەکەم . دەزگای دواڕۆژ بۆ رووناکبیری و راگەیاندن.. 2016

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

جیاوازی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و…

جیاوازی نێوان رژێمی بەعسی سەدامی و ئوردونی هاشمی لە دیدی ...