سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » بە دیموكراتیكردنی خۆرهەڵات و مافی كورد

بە دیموكراتیكردنی خۆرهەڵات و مافی كورد

بە دیموكراتیكردنی سیستەمە حكومڕانییەكان، بەمانای گۆڕینی رژێم و سیستەمی حكومڕانی وڵاتان دێ لە سیستەمێكی نادیموكراتەوە بەهەموو فۆڕم و شێوازە نادیموكراتەكانی دەوڵەتداری و بەڕێوەبردن بۆ سیستەمێكی دیموكراتی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری.
لەماوەی رۆژانی رابردوودا لەگەڵ یەكێك لە فیگەرە سیاسییەكانی بەرخۆدانی خۆرئاوای كوردستان، دیبەیت و گفتوگۆیەكی چڕمان دەربارەی مافی كورد بەگشتی و مافی كورد لەخۆرئاوای كوردستان و دواتریش گۆڕانكارییە ئانییەكانی سوریا بەگشتی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی كورد لەنێوان سوریاو توركیا لەلایەك‌و روسیاو ئەمریكاش لەلایەكی دیكە كرد.
لەدەرەنجامی گفتوگۆكەدا، گەیشتین بەو رایەی كە بەدیموكراتیكردنی (Democratization)ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، تاكە دەرچەو چارەسەری ریشەییە بۆ كوردو مافە نەتەوەییەكانی كورد لەهەر چوار پارچەكەدا.
هەرچەندە لەماوەی راپەڕین‌و خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی، كە لە (18ی دیسێمبەری 2010)دا لەتونس دەستیپێكردووەو لەسوریاو عیراق گەیشت بەدەرەنجامی دروستكردنی گروپی زۆری توندڕەو و تیرۆریستی، هەرچەندە لەوڵاتانی وەكو میسرو جەزائیرو هەندێ وڵاتی دیكەی ناوچەكەدا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكووری ئەفریقا، لەڕێگەی خۆپیشاندان‌و راپەڕینەكانەوە توانرا گۆڕانكاری لەسەركردایەتیكردنی دەوڵەتدارییاندا بكرێت، بەڵام بەڕای بەشێكی زۆر لەشارەزایان، ئەو گۆڕانكارییانە نەیانتوانی ببنە فاكتەری گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەو وڵاتانەداو هەنگاوی نەزۆك بوون بۆ بەدیموكراتیكردنی سیستەمی بەڕێوەبردن‌و دەوڵەتداری تیایاندا.
زۆرێك لەپسپۆڕانی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی ئێستای قۆناغی راگوزەری وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقا، بەقۆناغی سەردەمی رێنیسانسی فەڕەنسی لێكدەچوێنن‌و پێیانوایە ئەم وڵاتانە لەم ناوچەیەدا خواستی گۆڕین‌و بەدیموكراتیكردنیان تێدایەو دروستكردنی هەندێ وڵاتی بچووكی هاوچەرخ لەكەنداودا، بەفاكتەری كاریگەر دادەنێن بۆ خواستی بەدیموكراتیكردنی سیستەمە حكومڕانی‌و دەوڵەتدارییەكان لەناوچەكەدا، هەرچەندە تێبینی زۆر لەسەر شێوازو ستراكتۆرو جۆری دەوڵەتداری‌و بنەماكانی دیموكراسیدا لەوڵاتەكانی كەنداودا هەیە، بەڵام مۆدێلەكانی كەنداو جیاوازتر دەركەوتوون‌و خواستی زیاتریان لەسەر هەیە، بەتایبەت لەلایەن هاونیشتمانیانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكووری ئەفریقاوە.
كورد لەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی خۆرهەڵاتدا، لەدوای سەدان ساڵ شۆڕش‌و بەرخۆدان، نەیتوانیوە مافە نەتەوەییەكانی بەدەستبهێنێت‌و ببێتە خاوەن كیان‌و دەوڵەتی خۆی. فاكتەری زۆر هەن، لێرەدا تەنیا فاكتەرێك ئاماژەی پێكراوە كە جۆرو فۆڕمی حوكمڕانی ئەو وڵاتانەیە كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، كە عیراق‌و ئێران‌و سوریاو توركیان، هەرچەندە لەفۆڕمدا جیاوازیی كەم هەیە لەسیستەمی دەوڵەتداری ئەم وڵاتانەدا، بەڵام لەجەوهەردا لە یەك دەچن‌و هیچ كامێكیان خاوەن سیستەمی دیموكرات نین، بەچەشنێك كە مافی هەموو مرۆڤێك، یاخود نەتەوەو ئایینێك پارێزراو بێت، ئەوەش بۆتە فاكتەرێكی كاریگەر بۆ دروستكردنی كۆنفلێكت‌و ململانێی نەتەوەیی لەناو ئەو وڵاتانەداو لەناوچەكەشدا بەگشتی. بۆیە لەئێستادا كورد لەو وڵاتانەدا گرنگە لەو ناوچەو هەرێمانەی حوكمڕانی دەكات، پشت ببەستێت بەفۆڕمی حكومڕانی دیموكراتییانەو هاوچەرخانە، چونكە بەدیموكراتیكردنی سیستەمی دەوڵەتداری ئەو وڵاتانە تاكە چارەسەرو فاكتەری جەوهەرییە لەگۆڕینی تێگەیشتنی پارت‌و كەسێتییە سیاسییەكان‌و رای گشتی ئەو وڵاتانە دەربارەی مافە نەتەوەییەكانی كوردو نەتەوەكانی دیكەی هاوشێوەی كورد. واتە بەدیموكراتیكردنی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، بەباشترین رێگەچارەی بەدەستهێنانی تەواوی مافە نەتەوەییەكانی كورد دادەنرێت‌و لەو رێگەیەوە گۆڕانكاری لەمێنتاڵێتی مۆدێلی بەڕێوەبردن‌و سەركردایەتیكردندا دەكرێت، بۆ بنیادنانی سیستەمی دیموكراسی حەقیقی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چه‌ند پێشنیازێك بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

وه‌ك له ‌وتاره‌كانی پێشتردا روونم كردبۆوه‌، به‌زنجیره‌ وتارێك به‌ئامانجی سوودگه‌یاندن ...