سەرەکی » هەواڵ » داتا و زانیاریی گەندەڵی لە عیراقدا

داتا و زانیاریی گەندەڵی لە عیراقدا

بە داتا و زانیاری گەندەڵی عادل عەبدولمەهدی لە عیراق دەخاتەڕوو و دەڵێت، بودجەی 12 ساڵی عیراق 850 ملیار دۆلار بووە، كەچی ئەوروپا لە ماوەی 4 ساڵدا بە 15 ملیار دۆلار بنیاد و نۆژەنكرایەوە.
عادل عەبدولمەهدی، جێگری پێشووی سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارێكدا رایگەیاندوە: شەڕی گەندەڵی هیچی كەمتر نییە لە شەڕی دژی داعش، بەو مەرجەی بە شێوەیەكی دروست و بەرنامە بۆ داڕێژراو بەڕێوەبچێت. گەندەڵیش، گەندەڵی تاكە كەسیی و گەندەڵی تەواوی سیستەمەكەیە.
عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوە كردوە، بودجەی گشتیی عیراق لە ماوەی 2003 دا تا 2015 نزیكەی 850 ملیار دۆلاری ئەمریكی بووە، بە بێ سەرچاوەكانی دیكەی داهات كە ئەمەش گەندەڵیی بۆ سێ ئاست پۆلێن كردوە.
ئاستی یەكەم: گەندەڵی تاكە كەسی، بریتییە لە خراپ بەكارهێنان و قۆستنەوەی پۆستە گشتییەكان بۆ مەرامی تایبەت، نزیكەی 25.5 ملیار دۆلار بە دزی و نادروست براوە، كە ساڵانە لە 2 ملیار دۆلار كەمتر نییە، ئەمەش كارەساتە و پێویستە رێگریی لێبكرێت.
ئاستی دووەم: گەندەڵی سیستەمە، كە ئەمەش دوو بابەت لە خۆ دەگرێت:
یەكەم، دەوڵەت دەبێتە دەوڵەتی چاودێری كۆمەڵایەتی، زۆربەی بودجە و پارەكانی بۆ مووچە، دەرماڵە، كرێ و خانەشینی، بەشێكی كەمی بۆ بەرهەم و خزمەتگوازرییەكان دەڕوات، كە لایەنی كەم نیوە ئەو بڕە پارەیەی بودجەكان بۆ ئەم لایەنە چووە، كە دەكاتە نزیكەی 425 ملیار دۆلار، كە كۆی بەرهەم هێنان تێیدا كەمترە لە 6%. بەرهەمی كاری رۆژانە لە دەوڵەتدا رۆژانە 20 خولەك تێپەڕ ناكات، مانای وایە 94% خەرجی بەكاربردن بە فیڕۆدەچێت، كە دەكاتە زیاتر لە 400 ملیار دۆلار.
دووەم، خراپ بەكارهێنانی پارە و پلاندانە، لە ساڵی 2005ەوە تاوكو ئێستا نزیكە 9 هەزار پڕۆژە لای وەزارەتی پلاندانان كەڵەكە بوونە و پەكیان كەوتووە، كە بەهاكەیان 300 ملیار دۆلارە و 5-90%یان تەواونەكراون، ئەمەش زیانێكی گەورە گەیاندووە ، كە پارەكە سڕبووە و سوود لەو قەربارە گەورەیە وەرنەگیراوە و بە فیڕۆچووە، یاخود گیری خواردووە لەنێون دادگاكان، بانكەكان، سكاڵای نێوان فەرمانگەكانی دەوڵەت، كۆمپانیا و بەڵێندەرەكان.
ئاستی سێیەم: بە هۆی بیرۆكراسییەوە، بنەماكانی كاری دەوڵەت، بڕیار و رێوشوێنەكانی، رەفتاری كۆمەڵاتی و سیاسی ئابوورییەوە، رێگەی دەستپێكردن و بووژانەوەی پەكخستووە، كۆی گشتی ئەو بودجەیە لە ماوەی ئەم 12 ساڵەدا نزیكەی 850 ملیار دۆلارە. بەبێ ئاماژەكردن بە سەرمایەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و بیانی، ئەگەر تەگەرە و ئاستەنگی بۆ دروست نەكرایە، ئەوا هەر كۆمەڵگەیەكی پێ چاك و بنیاد دەنرایەوە، هەرچەندە دواكەتوو بوونایە. بۆ زانین پڕۆژەی مارشال بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم 15 ملیار بووە لە نێوان ساڵانی 1947- 1951دا، كە ئەو پارە هاوتایە بە 148 ملیار دۆلاری ئێستا، كە دەكاتە نزیكەی بودجەی ساڵی 2014 ی عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*