سەرەکی » ئاراستە » وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری)…

کتێبی تروسکەکانی هزر

وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری)…

وانەكانی ژیان و سەركردایەتی (سەلاری) پیاوەكەی پشت دوبەی

وەرگێڕانی: یونس قادر

به‌شی چواره‌م

((7))

هاندانی تیمەكان
گرنگە دەسەڵات بە خەڵك بدرێت و پاداشیان بكرێت، بەڵام لە پێش هەموو ئەوانەوە پێویستی «گوێگرتنە». چونكە تەنها ئەو بەرێوبەرەی كە گوێدەگرێت سەركەوتوو دەبێت.
كلیلی یەكەم بۆ هاندانی كەسێك بۆ راپەڕاندنی كارەكانی بەشێوەیەكی باشتر ئەوەیە كە رێگە و دەسەڵاتی پێ بدەیت بۆ بەدەستهێنانی. هیچ شتێك هانی فەرمانبەر نادات زیاتر لەوەی كە ئەنجامی كارەكانی خۆی ببینێت كە رایپەڕاندون. بەخشینی دەسەڵات بەم شێوەیە لەهەمان كاتدا گوزارشتیشە لە متمانە و رێز. هەندێكجار لە ئیمەیلە شەخسیەكەمەوە گلەیی و گازندەم پێدەگات لەلایەن فەرمانبەرەكانەوە كە ساڵانێكی زۆر لە كارەكانیان دەبەنەسەر بە بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێكی راستەقینەیان هەبێت، هەر لەبەر ئەوەش هیچ بەرهەم و دەسكەوتێكیان نیە كە بتوانن بڵێن هی خۆیانە. مەترسە لەوەی كە دەسەڵاتی راستەقینە بدەیت بە فەرمانبەرەكانت، چونكە تۆش رۆژێك لە شوێنی ئەواندا بوویت، ئەگەر ئەو دەسەڵاتەت پێ نەدرایە بۆ بەدەستهێنانی، تۆش نەئەگەیشتیت بەم شوێنەی ئەمرۆت.
پێویستە متمانەمان هەبێت بە تواناكانی تیمەكانمان. هەموو كەسێك توانایەكی گەورەی هەیە. سەركردەی راستەقینە ئەوەیە كە ژینگەیەكی گونجاو دەخولقێنێ بۆ ئەوەی توانا و وزەی تیمەكەی بهێنێتەدەر. سەركردەی مەزن سەركردەی مەزنی تر دروست دەكات، ناچێت دامەزراوەكەی كورت بكاتەوە لە تاكە كەسێكدا. هەندێجار دەگەرێین بە شوێن سەركردە لە هێڵی دووهەم و هێڵی سێهەمی دامەزراوەیەكدا، بەڵام نایدۆزینەوە، چونكە ئەو كەسەی كە بەرپرسە، بەتەواوەتی دەسەڵات و رێگەی نەداوە بە تیمەكەی تاكو بەو هۆیەوە تواناكانیان بدۆزێتەوە و بژاریان بكات بۆ سەركردایەتیكردن.
كلیلی دووەم بۆ هاندان، پێویستی پاداشتكردنی فەرمانبەرە زۆرباش و داهێنەرەكانە، ئەم فەرمانبەرانە دەبێت وەكو نمونە وەربگیرێن بۆ سەرجەم دامەزراوەكە. كێبركێكردنی مرۆڤ زۆر گرنگە بۆ هەموو لایەنەكانی ژیانمان. تەنانەت دینەكەشمان پێویستی كردووە لەسەرمان كە كێبركێ بكەین لە كاری باش-دا. هەرگیز ناتوانیت ژینگەیەكی كێبركێكار دروست بكەیت، ئەگەر پاداشت و ستایشی داهێنان نەكەیت. ستایشكردنی فەرمانبەرەكان بە واتای پێدانی باوەڕ و متمانەیە بۆ سەركەوتنیان، نەك تەنها هەر بۆ خۆت. لەهەمانكاتدا بەواتای رێزگرتن دێت لەو كارانە كە كردویانە و هەروەها پێشاندانی بیروباوەڕتە بەوەی كە سەركەوتنی دامەزراوەكە بەستراوەتەوە بە سەركەوتنی هەموو یەكێك لە فەرمانبەرەكان. ئەگەر فەرمانبەرەكان ببینن كە سەركردەكەیان سەركەوتنەكان بەهی ئەوان دەزانێت زیاتر لە هی خۆی، ئەوا فەرمانبەرەكان زۆر بە چاوی رێزەوە سەیری دەكەن. وەكو نمونە و سەرمەشق سەیری دەكەن، نەك تەنها هەروەكو سەركردەیان.
سێهەم كلیلی هاندان، پەیوەندی بەو ئایدیایەوە هەیە كە كاری حكومەتە كامەرانی و خۆشحاڵی مسۆگەر بكات بۆ كومەڵگە. زۆر باشە، فەرمانبەرانیش بەشێكن لەم كۆمەڵگەیە و، لەبەرئەوە پێویستە كە ئەوانیش خۆشحاڵی كامەرانیان مسۆگەر بێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەبەرامبەردا بتوانن خۆشحاڵی و كامەرانی مسۆگەر بكەن بۆ ئەوانیتر.
فەرمانبەر خۆشحاڵ بێت، بەرهەم و داهێنا و چالاكیشی زۆرتر دەبێت – جا بۆیە لەبەرئەوە دروستكردنی ژینگەیەكی خۆش لەناو هەموو دامەزراوەیەكدا زۆر گرنگە. بۆ ئەوەی فەرمانبەرەكان خۆشحاڵ و كامەران بكەین، پێویستە پیشانی بدەین كە بایەخ و گرنگیان پێ دەدەین، پێویستە هاوبەشیان بكەین لە خۆشی و ناخۆشیەكانیاندا، پێویستە یارمەتیان بدەین بۆ ئەوەی هاوسەنگی و باڵانس دروستبكەن لە ژیانیاندا، پێویستە بەها و هاندان زیاد بكەین بۆ كارەكانیان، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، پێویستە بە سەرنجەوە گوێیان لێبگرین. سەركردەی سەركەوتوو گوێ لە فەرمانبەرەكانی دەگرێت، چونكە گوێگرتن گوزارشتە لە رێز و پێزانین.
گرنگە بۆ بەرێوبەرەكان كە بەم شێوەیە كار بكەن تاكو فەرمانبەرەكانیان زیاتر خۆشحاڵ بن، چونكە كاری خەڵك بەشێكی گرنگە لە ژیانیان، ژیانیش زۆر بەنرخە كە ناكرێت بە ناخۆشی بەسەر ببرێت.

(8)
مەحاڵ
مەحاڵ شتێكە بوونی نییە
هەموو شتێك بە بەرزخوازی و هەوڵدان بە دەستدێت
«مەحاڵ» وشەیەكە ئەو كەسانە دروستیان كردووە كە نایانەوێت كار بكەن، یان، ئەوانەی كە نایانەوێت ئێمە كاربكەین.
«مەحاڵ» وشەیەكە بوونی نیە لە فەرهەنگی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوودا. وشەیەكە ئەو كەسانە بەكاری دەهێنن كە دەترسن لەوەی خەونی گەورە ببینن. ئەم وشەیە وەكو زنجیر وایە كە كەسێك دەبەستێتەوە، دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەموو هەنگاوەكانیدا. دەتوانێ كەسێك بەند بكات هاوشێوەیی گرتووخانەیەكی گەورە، رێگری لێبكات لە هاتووچۆ و ژیان و بەدەستهێنانی ئامانجی بەرز.
پێیان وتین كە پەرەپێدانی پیشەسازی گەشتیاری لەو بیابانە گەرمەی ئێمەدا « مەحاڵ»ە؛ بەڵام ئەمرۆ، پێشوازی زیاتر لە 10 ملیۆن سەردانكەر دەكەین ساڵانە. پێیان وتین كە دروستكردنی تاوەر لە دەریادا «مەحاڵ»ە؛ بەڵام ئەمرۆ گەورەترین جەزیرە (دورگە) مان هەیە كە بەدەستی مرۆڤ دروستكرابێت لە جیهاندا لەگەڵ سەدان تاوەردا كە جێگەی هەزاران كەسی تیا دەبێتەوە.
پێیان وتین كە ناوچەكەمان پڕە لە گرژی و ئاڵۆزی و لەبەر ئەوە بازرگانیمان ناتوانێ نەشونما بكات؛ بەڵام ئەمرۆ ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەترین ئابورین و لەگەڵ ئابوریە گەورەكانی جیهانیشدا هاوئاستین. پێیان وتین كۆكردنەوەی عەرەبەكان پێكەوە «مەحاڵ»ە؛ ئەمرۆ ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی خۆی سەلماندووە، كە یەكێتیەكی سەركەوتووی بێ وێنەی هەیە.
«هیچ بیرۆكەیەكم نییە كێ وشەی «مەحاڵ» ی داهێناوە، بەڵام روونە كەسێك بووە كە بەشۆین ژیانی ئاساندا گەڕاوە».
«مەحاڵ» ناتوانێ ببێتە پێوەری توانا و هێزمان- باوەڕبوونمان بە خۆمان- متمانەمان بە توانامانمان و بیروباوەڕمان. هەرگیز رێگە مەدە بە وشەی «مەحاڵ» بێتە ناو ژیانتەوە، چونكە واتای ئەوە دەگەیەنێت كە تۆ لاوازیت، یان ئەوانەی لە دەوروبەرتن لاوازن. بەڵام، هەقیقەت ئەوەیە كە شتێك نییە بەناوی كەسێكی بەهێز یان لاواز، ئەوەی كە هەیە، تەنها، كەسی بەئیرادەیە یان بێ-ئیرادە یە.
هیچ بیرۆكەیەكم نییە كێ وشەی «مەحاڵ» ی داهێناوە، بەڵام روونە كەسێك بووە كە بەشۆین ژیانی ئاسان و، ژیانی خەوتن و كارنەكردندا گەڕاوە. هەرگیز باوەڕمان بە وشەی «مەحاڵ» نەبووە. من ئەمرۆ گۆبیستی دەربڕینی «لەدەرەوەی جیهانی تواناكانەوە» ئەبم، بەڵام ئەوەی دەوترێ، سێ «مەحاڵ» هەیە لە ژیاندا: یەكەم گریفین-ە (جۆرە گیاندارێكە كە سەری سیسارك و لەشی شێری هەیە)، باڵندەیەكی ئەفسانەییە، قەد نانیشێتەوه‌، بەڵكو هەمیشە لە فڕیندایە، بەجۆرێك كە هێڵكەكانیشی لە ئاسماندا دەكات، هێلكەكان هەر لە ئاسماندا دەتروكێن و دەبن بە جوجەڵە پێش ئەوەی بگەنە سەر زەوی؛ دووەم، «ئۆگرێ» (دەعبای پیاوخۆر) كە هیچ شوێنەوارێكیمان نەبینیوە، لەبەر ئەوە، ئەویش ئەفسانەییە و راست نییە؛ سێهەم، هاورێی دڵسۆزە. ئاگادار بە، ئەمانە قسەی من نین و خەڵكێكی زۆر «مەحاڵ»ی تریان زیاد كردووە بۆ سەر ئەم لیستە، هەر یەكەیان بەپێی قەناعەتی خۆی. لە كۆتایدا، حەزدەكەم ئەوەتان پێ بڵێم كە « مەحاڵ» ناتوانێ لە جێیەك بێت كە كۆڵنەدان و بیروباوەری تیادابێت. «مەحاڵ» بوونی نیە لە ژیاندا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پارتیزانێک گیتار دەژەنێت

دەوەن مەعروف به‌شی شه‌شه‌م و كۆتایی ـ بەرەو دۆڵی باڵەییان ...