سەرەکی » زانست » دارستانه‌كان گرنگن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌

دارستانه‌كان گرنگن بۆ راگرتنی‌ هاوسه‌نگی‌ ژینگه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌

نموونه‌ش دارستانه‌كانی‌ ئەمازۆن

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس*

به‌شی‌ دووەم
•مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م دارستانه‌
گه‌لێك مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ئه‌م دارستانه‌ بونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی‌ دوایدا و گرنگترینیان:
1.ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وامه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌وه‌زره‌ وشك وگه‌رمه‌كانی‌ ساڵدا و به‌پێی‌ ئامارێكی‌ په‌یمانگای‌ نیشتیمانی‌ به‌ڕازیلی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌ردونیه‌كان ڕایگه‌یاندوه‌ كه‌ 72هه‌زار ئاگر كه‌وتنه‌وه‌ له‌ساڵی‌ 2019دا ڕوویانداوه‌ و تۆماركراون،به‌ڕێژه‌ی 83% به‌رزتره‌ له‌ساڵی‌ 2018،ئه‌مه‌ش به‌رزترینه‌ له‌ساڵی‌ 2013وه‌.ئاشكرایه‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ له‌ناوبردنی‌ دارستانه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی‌ له‌ڕووی‌ دره‌خت و میوه‌ و ئاژه‌ڵ و مێروه‌كان و پوش و په‌ڵاش و ..هتد وكاره‌ساتێكی‌ مرۆیی‌ و ژینگه‌یی‌ گه‌وره‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و كاریگه‌ریه‌ خراپه‌كانیشی‌ ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌ بسه‌ر هه‌موو جیهاندا.
2.هه‌ڵمه‌تی‌ بڕینه‌وه‌ و وشككردنی‌ دار و ده‌رخته‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ت و كۆمپانیا و مافیا و گروپه‌كانه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دروستكردنی‌ پڕۆژه‌كان.

3. دامه‌زراندنی‌ ڕێگای‌ خێرا و كۆمه‌ڵگا نیشته‌جێبوه‌كان بونه‌ته‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ بۆ نه‌مان و بچوكبونه‌وه‌ی ئه‌م دارستانه‌.
4. چاندنی‌ ڕووه‌كه‌ بێهۆشكه‌ره‌كان له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دار و گروپه‌ مافیاییه‌كانه‌وه‌ له‌ناو ئه‌م دارستانه‌دا.
5. دامه‌زراندنی‌ كارگه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ پشه‌سازی‌ له‌ناو دارستانه‌كه‌دا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ بڕینه‌وه‌ و وشككردن و نه‌مانی‌ دارودره‌خته‌كان.
به‌م شێوه‌یه‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ سه‌ر ئه‌م دارستانه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ 60% و به‌ به‌رده‌وامیش له‌به‌رزبونه‌وه‌دایه‌،كه‌ ئه‌م مه‌ترسیانه‌ش ده‌بنه‌ هۆكاری‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ ڕێژه‌ی‌ گازی‌ ئۆكسجین و زیادبوونی‌ ڕێژه‌ی‌ ده‌رچوونی‌ گازی‌ كاربۆن به‌ 25% و ئه‌مه‌ش یارمه‌تی‌ دیارده‌ی‌ په‌نگخواردنه‌وه‌ی‌ گه‌رمای‌ گۆی‌ زه‌وی‌ ده‌دات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دیارده‌ زیانبه‌خشه‌كان بۆ ته‌واوی‌ ژیان له‌سه‌ر گۆی‌ زه‌وی‌.

•كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌اگركه‌وتنه‌وه‌ی‌ دارستانی‌ ئامازۆن
خۆشبه‌ختانه‌ له‌ دوای‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی‌ دارستانی‌ ئامازۆن له‌ 14/8/2019 و به‌رده‌وامبوونی‌ تاكو ئێستا و بۆماوه‌ی‌ زیاد له‌ 10 ڕۆژه‌،كۆنگره‌ی‌ وڵاتانی‌ G7 له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌به‌سرێت كه‌ 3 ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و دوو مه‌سه‌له‌ی‌ زۆر گرنگ باس ده‌كرێن كه‌ یه‌كێكیان بابه‌تی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی‌ دارستانه‌كانی‌ ئامازۆنه‌ له‌ به‌ڕازیل كه‌ له‌ ئێستادا به‌گه‌رمی‌ بۆته‌ قسه‌ و باسی‌ كۆڕوكۆبونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و كردویانه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیداری‌ جیهانی‌ و مرۆڤایه‌تی‌ نه‌ك وڵات و ناوچه‌ و كیشوه‌رێكی‌ دیاریكراو.بۆیه‌ كۆنگره‌كه‌ به‌جدی‌ و گه‌موگوڕیه‌وه‌ داوا له‌ به‌ڕازیل ده‌كات كه‌ هیمه‌تی‌ زیاتر بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ئاگره‌كه‌ وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاش ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ی‌ توندیشیان له‌سه‌رۆكی‌ به‌ڕازیل(( جائیر بۆكسۆنارۆ))ش گرتوه‌ كه‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێست و گوتاری‌ دژ به‌ژینگه‌ی‌ داوه‌ و به‌كه‌مته‌رخه‌می‌ ناوده‌به‌ن و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ترین گرێبه‌ستی‌ بازرگانی‌ به‌ناوی‌ (( ته‌كه‌تولی‌ میركوسور)) له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئه‌مریكای‌ لاتینیدا ده‌كه‌ن.ئه‌وروپیه‌كان به‌گشتی‌ و به‌تایبه‌تی‌ فه‌ڕه‌نسا و ئێڕه‌له‌ندا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئیسپانیاو ..هتد. هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌.
ئه‌مریكاش داوای‌ هه‌رچی‌ زووتری‌ كۆنتڕۆڵی‌ ئاگره‌كه‌ ده‌كات و ئاماده‌یی‌ هه‌موو هاوكاریه‌كیشه‌ بۆ به‌ڕازیل.له‌به‌ر گرنگی‌ و كاریگه‌ری‌ دارستانه‌كانی‌ ئامازۆن بۆ سه‌ر ته‌واوی‌ ژیانی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ سه‌رۆكی‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌مانۆیل ماكرۆن ڕایگه‌یاند(( به‌ سووتاندنی‌ دارستانه‌كانی‌ ئامازۆن ماڵه‌كانمان ئاگر ده‌گرن)).
كۆنگره‌ی‌ G7 بڕیاریاندا كه‌ یارمه‌تی‌ مادی‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ئاگره‌كه‌ و به‌ریتانیا بڕی‌ 10ملیۆن دۆلاری‌ پێشكه‌شكردوه‌.
به‌ڵام سه‌رۆكی‌ به‌ڕازیل ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌(( ڕێگه‌ به‌ده‌ستوه‌ردانی‌ ده‌ره‌كی‌ نادات و ڕوودانی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ش ڕووداوێكی‌ سروشتیه‌ و له‌هه‌موو وڵاتێكدا ڕووده‌دات و ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌ورپیه‌كانیش ده‌گرێت كه‌ وه‌ك سه‌رمایه‌دارێكی‌ داگیركه‌ر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕازیل و بابه‌ته‌كه‌شدا ده‌كه‌ن.ناكرێت ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌نه‌ بیانوو بۆ سه‌پاندنی‌ گه‌مارۆ و فشاری‌ ئابوری‌ بۆسه‌ر به‌ڕازیل)).
له‌به‌رامبه‌ریشدا وڵاتی‌ چین بڕیاریدا كه‌ هه‌رچی‌ ده‌كرێت بۆ پاراستنی‌ دارستانه‌كان ئه‌نجامبدرێت و داری‌ زیاتر بڕوێنرێت و تاڕووبه‌ری‌ دارستانه‌كان بگاته‌ 200ملیۆن هێكتار تاساڵی‌ 2035.
به‌هه‌مان شێوه‌ كه‌سایه‌تیه‌ ناوداره‌كانی‌ جیهان له‌ هونه‌رمه‌ند//لیوناردۆ دی‌ كاپرۆی و گۆرانی‌ بێژ //مادۆنا و یاریزان// كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هه‌ستاون به‌ پێشكه‌شكردنی‌ هاوكاری‌ مادی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ئه‌و ئاگره‌ی‌ دارستانه‌كانی‌ ئامازۆن،ئه‌وه‌تا هونه‌رمه‌ندی‌ ناوداری‌ ئه‌مریكی‌ لیوناردۆ دی‌ كاپریۆ بڕی‌ 5 ملیۆن دۆلاری‌ به‌خشیوه‌.
•ده‌رئه‌نجام و كۆتایی‌
ئاشكرایه‌ ڕوودانی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان له‌و دارستانانه‌دا هه‌ندێكیان سروشتین و هه‌ندێكی‌ تریشیان به‌ده‌ستی‌ ئه‌نقه‌ست و به‌به‌رنامه‌ ڕێژی‌ ئه‌نجامده‌درێن،كه‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌ به‌زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ و سروشتی‌ و مرۆیی‌ ده‌شكێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ژیانی‌ ته‌واوی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ و كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌ و مه‌ترسیداری‌ ژینگه‌یی‌ جیهانی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌ر له‌م وه‌رزی‌ هاوین و گه‌رمایه‌دا ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌دارستانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ فه‌ڕه‌نسا و ڕوسیا و یۆنان و ئیسپانیا و گه‌لێكی‌ تریش كه‌وتونه‌ته‌وه‌،ئه‌وه‌تا له‌ ساڵی‌ 1970وه‌ نزیكه‌ی‌ 1ملیۆن و400هه‌زار هێكتار دارستان نه‌ماون.هه‌ربۆیه‌ وڵاتی‌ به‌ڕازیلیش وه‌ك گه‌وره‌ترین وڵاتی‌ خاوه‌ن دارستانه‌كانی‌ ئامازۆن ڕووبه‌ڕووی‌ ڕه‌خنه‌ و گله‌یی‌ زۆر بۆته‌وه‌ به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌می‌ و خه‌مساردی‌ و ڕێگه‌نه‌گرتنی‌ له‌ سه‌رمایه‌دار و مافیاكان بۆ بڕینه‌وه‌ و سووتاندن و نه‌هێشتنی‌ دارستانه‌كان،هه‌رچه‌نده‌ به‌هه‌موو هه‌وڵی‌ خۆی‌ و به‌به‌شداری‌ 44هه‌زار سه‌رباز و 2 فڕۆكه‌ی‌ جۆری‌ C-130 Herculesكه‌ بڕی‌ 12هه‌زار لیتر ئاویان به‌كارهێناوه‌ بۆ كوژاندنه‌وه‌ و خامۆشكردنی‌ ئاگره‌كه‌.به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكی‌ به‌ڕازیل ڕایگه‌یاند كه‌ كوژاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئاگره‌ گه‌وره‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و ڕووبه‌ره‌ فراوانه‌ كارێكی‌ ئاسان نیه‌ و كاتی‌ پێویسته‌.
له‌كۆتایدا گرنگه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ وه‌بیر هه‌موان بهێنینه‌وه‌ كه‌ دارستانه‌كان سه‌رمایه‌ و سامانی‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تین له‌سه‌ر ڕووی‌ هه‌ساره‌ی‌ زه‌وی‌ و ئه‌ركی‌ هه‌موانیشه‌ به‌وڵاتان و كۆمه‌ڵگاكانه‌وه‌ كاری‌ پێكه‌وه‌یی‌ و به‌رنامه‌ ڕێژی‌ و پلانی‌ زانستیان هه‌بێت بۆ پاراستن و ڕێگه‌گرتن له‌ئاگركه‌وه‌تنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دارستانانه‌،چونكه‌ دارستانه‌كان سه‌رچاوه‌ی‌ هه‌واو و ئاو و خاكی‌ پاكن بۆ مرۆڤایه‌تی‌ و ته‌واوی‌ گیانه‌وه‌ران به‌ ئاژه‌ڵ و ڕوه‌كه‌كانیشه‌وه‌.بۆیه‌ ناكرێت خه‌مسارد و كه‌مته‌رخه‌م بین له‌ئاستیاندا،ئه‌ركی‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌شه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌سنوری‌ وڵات و ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیاندا بڕیار و یاسای‌ پێویست ده‌ربكه‌ن بۆ زیاتر پاراستنی‌ دارستان و له‌وه‌ڕگاكان و ڕێگه‌گرتن له‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌و غرامه‌كردن و سزادانی‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆكاری‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و هه‌روه‌هاش به‌به‌رنامه‌ و پلانی‌ زانستی‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی‌ تاك و گروپ و ته‌واوی‌ كۆمه‌ڵگاكان پیاده‌ بكه‌ن ده‌رباره‌ی‌ گه‌وره‌یی‌ و گرنگی‌ دارستان و پاكڕاگرتنی‌ ژینگه‌ی‌ گۆی‌ زه‌وی‌ و ئه‌ویش به‌ ڕوواندنی‌ زۆرترین ژماره‌ی‌ دارو دره‌خته‌كان ده‌بێت.
كوردستانی‌ خۆشمان هیچ به‌ده‌ر نیه‌ له‌و یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ و هه‌ق وایه‌ له‌ئاینده‌دا له‌لایه‌ن حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ یاسا و ڕێسای‌ پێویست له‌وباره‌ویه‌وه‌ ده‌ربچێت به‌خزمه‌تی‌ زیاتری‌ پاراستنی‌ ژینگه‌ی‌ كوردستان له‌ پیسبوون و سووتاندن و له‌ناوچوون (( چونكه‌ ساڵانه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار دۆنم له‌ پوش و په‌ڵاش و پاوان و دارستانه‌ سروشتیه‌كان له‌ كوردستاندا به‌ به‌رنامه‌ و له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌ستی‌ تێكده‌ر و هه‌ندێك جاریش به‌هۆی‌ سروشتیه‌وه‌ كاره‌ساتی‌ ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن))،چونكه‌ چه‌نده‌ ژینگه‌یه‌كی‌ پاكوخاوێنمان هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ش تاكێكی‌ ساغڵه‌م و ته‌ندروستمان ده‌بێت له‌ڕووی‌ جه‌سته‌یی‌ و بیركردنه‌وه‌ و ئازادی‌ و داهێنان و به‌خششه‌كانیانه‌وه‌،جا باله‌پێناو فه‌راهه‌مكردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ پاكوخاوێندا له‌ كوردستان و جیهاندا كاربكه‌ین بۆ پاراستنی‌ ژینگه‌كه‌مان له‌ ئاو و خاك و هه‌وا و ژیان و شارستانیه‌تی‌ مرۆڤایه‌تیش بۆ سه‌دان ساڵی‌ تر درێژه‌ پێبده‌ین.

سه‌رچاوه‌كان:
=========
1. https://www.elwatannews.com
2. https://ar.wikipedia.org/wiki
3. https://www.aljazeera.net/news
4. http://www.bbc.com/arabic

*ئه‌ندازیاری‌ شاره‌زا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

من وژینگه‌ و كۆمه‌ڵه‌ی كوردستانێكی سه‌وز

ئاماده‌کردنی: سه‌ربه‌ست عه‌بدولره‌حمان (به‌شی دووەم) كۆمه‌ڵه‌ی كوردوستانێكی سه‌وز / 16/ ...