سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکـــانی ئانا فرانک

بەشی بیستەم

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک یەکێکە لە کتێبە ناسراوەکانی جیهان، ئەم کتێبە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕاوەو لە هەندێک وڵاتی ئەوروپیشدا لە قووتابخانەکان دەخوێنرێت. جگە لەوەش ئەم کتێبە چەندینجار کراوەتە فیلم و شانۆ و چەندین خەڵاتی جیهانی لەسەر وەرگیراوە. تاوەکو ئێستا دە جار کراوەتە فیلم و دوایین جاریش ساڵی 2016 بوو، کە لە جیهاندا بەیەکێک لە فیلمە سەرکەوتووکان دانرا.
گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە، کە باس لە حکایەتی تراژیدیای گەلی جوولەکە دەکات لە سایەی رژێمی نازی ئەڵمانیدا، لەهەمانکاتیشدا دڵڕەقیی و نامرۆیی ئەو سیستەمە فاشیستە دەخاتە ڕوو، کە جوولەکەی کردبووە ئامانج و هەوڵی پاکتاوکردنی دەدان. بەگشتیش ئەم چیرۆکانە بۆ ئێمەی کورد گرنگە، بۆئەوەی لە ئەزموونی گەلانی جیهان فێربین، لە هەمانکاتیشدا گرنگە بزانین چۆن ئەوان توانیویانە مەسەلەی پاکتاوکردنیان بە جیهان بناسێنن. ئێمەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان، چەندینجار رووبەروی پاکتاوی نەژادی بوینەتەوە، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیوە وەکو جوولەکە و ئەرمەنییەکان، ئەو حکایەتە پڕ ئازارانەمان بۆ جیهان بگێڕینەوە.
ئانا فرانک، لە ١٢ / ٧ / ١٩٢٩ لە دایک و باوکێکی جوولەکە، لە شاری (فرانکفۆرت ئەم ماین)، لەدایک بووە، ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ دایکوباوکی لەدەست نازییەکان بەرەو ئەمسته‌ردام هەڵهاتوون، پاش ئەوەی سوپای نازییەکان لەساڵی ١٩٤٠ هۆڵەندایان داگیرکرد، پاشانیش لەساڵی ١٩٤٢ رێکاری زۆر توندوتیژیان بەرامبەر بە جوولەکەکان نا، بنەماڵەی فرانک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیان لە دیوی پشتەوەی باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی (پرنسنگراخت) لە ئەمستەردام، خۆیان پەنادا. هەموو ئەوانەی لەو پەناگەیەدابوون لە ئابی ١٩٤٤ لەلایەن سیخوڕی نازییەکانەوە دەستگیرکران و بەرەو (ئاوسشڤیتز) پەلکێشکران. ئانا فرانک لە ئاداری ١٩٤٥ لە شاری (بێرگن بێلزن) مرد،)رۆژی مردنەکەی بەتەواوی نازانرێت). لە ئێستادا ئەو ماڵە بۆتە مۆزەخانەیەک و هەموو شتەکانی ئانا فرانک و خانەوادەکەی تێدا پارێزراوە.
ئانا فرانک لە ١٢/٦ /١٩٤٢ ه‌وە تاکو مانگی ئابی ١٩٤٤ یاداشتەکانی نووسیوە. ئەو تاکو سەرەتای ١٩٤٤ لەشێوەی نامە تەنها بۆ خۆی دەینوسین، تاکو رۆژێکیان لە پەخشی رادیۆی لەندەن گوێی لە وەزیری پەروەردەی هۆڵەندا دەبێت کە ئەویش لەوێ پەنابەرە وباسی لەوە کردووە، پاش کۆتایی جەنگ هەموو ئەو نوسینانەی دەربارەی بەسەرهات و نەهامەتی خەڵکی هۆڵەندی لە ژێر زەبری داگیرکاریی ئەڵمانیادا نوسراون، کۆدەکاتەوە وبڵاویان دەکاتەوە، لەوانە بۆ نموونە ئەو یاداشت و یادەوەرییانەی خەڵکی نوسیونین. ئەم قسانەی وەزیر کاردەکەنە سەر ئانا فرانک، بڕیار دەدا پاش تەواو بوونی جەنگ بیانکا بە کتێبێک وبڵاوی بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتەکانی دەکاتە بەردی بناغەی کتێبەکە.
لە رووی شێوازی نوسینیشەوە، بە شێوەیەکی ئاسان نووسراون و گوزارشت لە تێڕوانین و دونیابینی کچێکی مێرد منداڵ دەکات.
ئەم کتێبە لەلایەن وەرگێڕی هێژامان کاک کەریم مەلا رەشید لەزمانی ئەڵمانییەوە، واتە لە زمانی یەکەمەوە کراوەتە کوردی. ئێمەش لە کوردستانی نوێ، بە خۆشحاڵییەوە هەوڵ دەدەین بە ئەڵقە ئەم کتێبە گرنگە بخەینە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزمان.

کوردستانی نوێ-ی هەفتانە

کەریم مەلا رەشید

(ئەمە ناونیشانی فیلمێکە لە نواندنی «دۆریت کریسلەر»، «ئیدا ڤویست» و «هاڕاڵد پاولسن».)
لە جیهاندا، چی جوانترە لەوەی کە لە پەنجەرەیەکی واڵاوە لە سروشت بڕوانی. جریوەی مەلەکانت بە گوێدا بێت، هەست بە تینی هەتاو لەسەر روومەتەکانت بکەیت و لاوێکی خۆشەویستیش لە ئامێز بکەی و بەبێدەنگی لێک ئاڵابن. ئەم بێدەنگییە ئارام بەخشە و ناکرێ تێک بدرێ. ئاە، ئەگەر تێک نەچووبایە، تەنانەت لە لایەن پشیلەکەوەش!
ئانا م. فڕانک

هەینی، ٢١/٤/١٩٤٤
کیتی گیان!
پاشنیوەڕۆی دوێنێ، بە هۆی ژانە گەروو لە جێگادا مامەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لە یەکەمین رۆژەوە وەڕس بووم و تام لێنەبوو، ئەمڕۆ هەڵسامەوە سەرپێ. ئازاریشم روولە کزی بوو. ئەمڕۆ یادی هەژدەمین ساڵی لە دایکبوونی خاوەن شکۆ خاتوومیر (ئیلیزابێت-ی یۆرک-ە). رادیۆی BBC گوتی، گوایە، وەکو لەنێو نەوەی پادشایان باوە، بەڕێزیان هێشتا باڵق نەبووە. ئێمە لەخۆمان پرسی ئاخۆ ئەو هەموو جوانییە دەبێ شوو بە چ میرێک بکا، کەسێکی شایستەمان بۆی نەدۆزییەوە. لەوانەیە خوشکەکەی خاتوومیر (مارگارێت رۆزا) شوو بە میر (بۆدۆەین)ی وڵاتی بەلژیک بکات.
لێرە بەدبەختی بەڕۆکمان بەرنادا. هاکا دەرگاکان مکوم کران، (ڤان مارن)ی کارگەری کۆگاکەمان لێ پەیدابوو، بەپێی هەموو بۆچوونەکان، خۆی ئاردی پەتاتەکەی دزیوە بەڵام پێڵاوی تاوانەکە لەپێی (بیپ) دەکات. هەڵبەتە ئاساییە ئەگەر ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر فەزای پەناگە هەبێ. (بیپ)ی لەڕادەبەدەر پەست کردووە.
دەمەوێت لە یەکێک لە رۆژنامە و گۆڤارەکان بپرسم، ئاخۆ یەکێک لە چیرۆکەکانم بڵاوناکەنەوە، بێگومان بە ناوێکی خوازراوەوە. بەڵام لەبەرئەوەی چیرۆکەکانم زۆر دوورودرێژن، هیوای سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان لێ چاوەڕوان ناکرێ.
تا دوایی، ئازیزەکەم!
ئانا م. فڕانک

سێشەممە، ٢٥/٤/١٩٤٤
نزیکەی دە رۆژە هەمدیس (دوسێل) قسە لەگەڵ (ڤان دان)دا ناکات، تەنها لەبەرئەوەی لە پاش دزییەکەوە کۆمەڵێک رێکاری تازەمان، لەبەر ئاسایشی خۆمان، پەیڕەوکردووە و بۆی ناگونجێن. ئەو دەڵێ گوایە (ڤان دان) هاواری بەسەرداکردووە.
هەروەها پێی گوتم «هەموو شتەکان لە پاژملەمەوە ئەنجام دەدرێن. من دەبێ لەو بارەیەوە لەگەڵ باوکت قسە بکەم.» ئەو ئێستا پاشنیوەڕۆی رۆژانی شەممە و یەکشەممەش بۆی نییە بچێتە خوارەوە بۆ بیرۆکەی (کوگلەر)، چونکە بەرێوەبەری کۆمپانیاکەی تەنیشتمان گوێی لێدەبێ ئەگەر ئەو بچێت، وێڕای ئەوە ئەو گوێی پێ نەدا و چوو بۆ ئەوێ. ئەوەش (ڤان دان)ی پەست کرد، باوکیشم بە دوایدا چوو بۆئەوەی قسەی لەگەڵدا بکات. بێگومان ئەمجارەش خۆی بە بیانویەکەوە هەڵپەسارد، بەڵام باوکمی پێ نەچووە ژێربار. ئێستا باوکیشم زۆر بە کەمی دەیدوێنێ چونکە (دوسێل) سووکایەتی بەویش کرد. ئێمە کەسمان نازانین بەچ شێوەیەک ئەوەی کردووە، بەڵام هەڵبەتە زۆر ناقۆڵا بووە.
چیرۆکێکی زۆر جوانم بە ناوی «بلووری، جیهان دۆز» نووسیوە وسێ لە گوێگرەکانم زۆریان بەدڵ بوو.
من هێشتا هەر سەرما بردووم، (مارگۆت) و باوک و دایکیشم بەو دەردەوە تێوەگلاندون. بە هیوای ئەوەی (پیتەر)یش نەیگرێ. ئەو ماچێکی لێ ویستم، ناوی (ئێلدۆرادۆ)ی لێناوم. گوتم جارێ نابێ شێتۆکە! بەڵام ئەو هەر خۆشەیستە!
ئانا م. فڕانک

پێنجشەممە، ٢٧/٤/١٩٤٤
ئەم بەیانییە خاتوو (ڤان دان) زۆر گرژ و بێزارە، لە گلە و گازندە بەلاوە چیتری پێ نییە: سەرما بردووە، نقوڵی کۆکەی لێبڕاوە، چیتر بەرگەی فن کردن ناگرێت. جگە لەوەی هەتاو دەرناکەوێ، هەڵمەتی سەربازیش بەرپا نابێ هەروەها چیتر بۆمان نییە لە پەنجەرەوە بڕوانین هتد … هتد. ئێمە زۆری پێ پێکەنین، ئەویش بەسەرخۆی نەهێنا و لەگەڵمان پێکەنی.
من ئێستا (تزار کارل ڤ.) دەخوێنمەوە. لە لایەن پرۆفیسۆرێکی زانکۆی (گوێتینگن)ەوە نوسراوە. ئەو ماوەی چل ساڵ بە نووسینی ئەم کتێبەوە خەریک بووە. لە ماوەی پێنج رۆژ توانیم پەنجا لاپەڕەی لێ بخوێنمەوە، لەوەش زیاتر ناکرێ، کتێبەکە (٥٩٨) لاپەڕەیە. تۆش وەرە لێکدانەوە بۆ ئەمە بکە، من چەندم کات پێدەوێ بۆ تەواوکردنی، چ جای ئەوەی هێشتا بەرگی دووەمی کتێبه‌کەش ماوە! … بەڵام زۆر سەرنج راکێشە!
جا کیژێکی خوێندکار لە رۆژێکدا چی ناکات! بۆ نمونە من وەرگرە! یەکەم کارم، بریتی بوو لە وەرگێڕانی بەشێک لە کتێبی (دوا شەڕی نیڵسنەکان) لە زمانی ئینگلیزیەوە بۆ زمانی هۆڵەندی. بەردەوامیم بە خوێندنەوەی: (جەنگی باکوورییەکان «١٧٠٠-١٧٢١»)دا. پاشان (پیتەری مەزن)، (کارڵ-ی دوازدەهەم)، (ئاوگست-ی بەهێز)، (ستانیسلاس لێتسنسکی)، (ماتسێپا)، (براندنبۆرگ)، (پێش پۆمەرەکان)، (پاش پۆمەرەکان) و (دانیمارک) بەسەرجەم ژمارەی ساڵەکانەوە. پاشان چوومە سەر (بەڕازیلییەکان)، (توتنی «لاس باهیە»)، رێژەوەی بەرهەمهێنانی قاوە، ملیۆن و نیوێک لە دانیشتوانی (ریودیجانێرۆ)، لە (سان پاولۆ و پێرنامبکۆ)وە، زێی (ئامازۆن)یش لەبیر نەکەم. لە بارەی (رەش پێست، مولات، مێزتیز، سپی پێست) کە زیاتر لە ٥٠ دەر سەدیان نەخۆێندەوارن و دووچاری نەخۆشی مەلاریان. پاشان هەندێک کاتم بە دەستەوە ما و بە پەلە خەریکی یەکێک لە سەرجەلەکان بووم: (جان-ی بەساڵاچوو)، (ویلهێلم لودڤیگ)، (ئیرنست کازیمیر-ی یەکەم)، (هاینریش کازیمیر-ی یەکەم) تا دەگاتە (مارگرێت فرانسیسکا-ی بچووک) کە لەساڵی (١٩٤٤ لە ئۆتاوا لەدایک بووە).
کاژێری دوانزەیە: سەرقاڵی وانەکانمم کە بریتین لە مێژووی کڵێسەکان … پفف! تا کاژێری یەک.
کاژێری دوو ئەم مناڵە کەساسە دەبوایە لەسەر کارەکەی بەردەوام بێت، ئەمجارە نۆرەی مەیموونە لووت باریک و پانەکان بوو. دەی کیتی، بە پەلە پێمبڵێ ئەسپی دەریا پێیەکانی چەند پەنجەیان پێوەیە!
پاش ئەوە نۆرەی خوێندنی ئینجیل هات. دوای ئەوە لەگەڵ (پیتەر) فێربوونی زمانی ئینگلیزییە: بابەت (تاکەرای) «سەرۆک». فێربوونی وشەی فەڕەنسی و بەراوردکردنی (مسیسیپی) و(میسۆری).
بەسە بۆ ئەمڕۆ، بە خوات دەسپێرم!
ئانا م. فڕانک

هەینی، ٢٨/٤/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئەو خەونەی بە (پیتەر)ی کەشتییەوە بینیم هەرگیز لە بیرم نەچووە. کاتێک بە بیرم دێتەوە، دەڵێی ئەمڕۆیە، درک بە روومەتی دەکەم کە بە روومەتمەوەیە، هەستێکێ زۆر مەزن و پڕ لە جوانیم پێدەبەخشێ. لەگەڵ ئەم (پیتەر)ەی ئێرەش هەندێک جار ئەو هەستەم لا دروست دەبێ، بەڵام هەرگیز بە ئەندازەی دوێنێ ئێوارە بە تین نەبووە، کاتێک، وەک هەمیشە، لەسەر قەنەفەکە پێکڕا دانیشتبووین و ئامێزمان لێک نابوو. لەوکاتەدا ئانا-ی ئاسایی کتوپڕ خزایە ئەولاوە و ئانا-ی دووه‌م جێگای گرتەوە. ئانا-ی دووەمیش لە خۆبایی و قۆشمەجاڕ نییە، بەڵکوو زۆر نەرمونیان وشیرینە. من خۆم بەتوندی پێوە لکاندبوو وهەستم بە ورژانێکی روو لە زیاد دەکرد. فرمێسکم لە چاوێ دەهاتەخوارێ، ئەوەی چاوی چەپەم راستەوخۆ دەرژانە سەر بیجامەکەی و ئەوەی چاوی چەپم بە لالووتمدا تێدەپەڕین و دەڕژانەوە سەر بیجامەکەی. ئاخۆ ئەو هەستی پێکرد؟ کاردانەوەکەی ئەوەیان نیشان نەدا؟ تۆ بڵێی ئەو مانەندی من هەمان هەستی هەبووبێ؟ خۆ ئەو هیچ وشەیەکی نەدرکاند. ئاخۆ ئەو درکی بەوە کرد کە ئانا-ی دووەمی لە لاوە بوو؟ ئەمانە هەموو پرسیارن بە بێ وه‌ڵام ماونەتەوە.
کاژێری هەشتونیو هەڵسامە سەرپێ و چوومە بەر پەنجەرەکەوە، ئەوێ وێستگەی رۆژانەی لێکتر دابڕانمانە. من هێشتا دەلەرزیم، هێشتا هەر ئانا-ی ژمارە دوو بووم. ئەو لێم نزیک بۆوە، منیش دەستم کردە ملی و بە توندی لاروومەتی چەپیم راموسی. ویستم لا ڕاستیشی راموسم، لێوم بەر لێوی کەوت. لەبەر گڕوتینی یەکتر گوشینمان بەملاوئەولادا جۆلانێمان دەکرد، جارێکی تر وجارێکی تریش نەبادا لێک بترازێن!
پیتەر زۆری پێویست بە سۆزە. ئەو یەکەمین جارە لە ژیانیدا بەوجۆرە کچێک بناسێ، یەکەمین جارە بۆی دەرکەوێ، تەنانەت کچێکی بێزراویش، خاوەن دڵ و دەروونە و گۆڕانی بەسەردادێ ئەگەر بەتەنیا لەگەڵیدابێ. ئەو یەکەمین جارە لەژیانیدا هاوڕێتی و خودی خۆشی بە کەسێک ببەخشێ، ئەو پێشتر هەرگیز کوڕوکچی هاوڕێی نەبووە. ئێستاش ئێمە بە یەکتر شادین. منیش ئەوم نەدەناسی، کەسیشم جێ متمانە نەبوو، بەڵام ئێستا بەوئاستە گەیشتووین.
هەردەم بەو پرسیارەی کە بەرۆکم بەرنادا دووچاری نەنگی دەبم: «ئایا ئەوە دروستە؟» «ئایا دروستە تۆ ئاوەها بەپەلە خۆت بەدەستەوە دەدەی، بەو ئەندازەیە هێندە تامەزرۆی، بەو ئەندازە زۆرەی تێدا (پیتەر) مل بە ویست و ئارەزووەکانی خۆی دەدات؟ ئاخۆ من وەکوو کچێک بۆم هەیە بەوجۆرە زێدەڕۆیی بکەم؟» ئەوانە تەنها یەک وەڵامیان هەیە:
من یه‌کجار پەرۆش و دڵازار بووم … بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ. زۆر تەنیا بووم و ئێستا دڵنەوایەکم دۆزیوەتەوە.»
بەیانیان هەردووکمان زۆر ئاسایین، تا ڕادەیەک نیوەڕوانیش، بەڵام ئێواران ئەو مگێز و تامەزرۆیەی کە بە رۆژەوە کەڵەکە بووە بەلەسە دەبن و بەریان لێناگیرێ، شادی و چێژی ژوانەکانی پێشوومان بیروهۆشمان پێکەوە جۆشدەدا. هەموو ئێوارەیەک پاش ماچی کۆتا، حەزدەکەم پڕتاو بڕۆم و چیتر لە چاوانی نەڕوانم، بەتەنیا دوورکەومەوە، لەنێو تاریکیدا ون بم!
بەڵام چی چاوەڕوانم دەکات پاش ئەوەی چواردە پلیکانە دەچمەوە خوارێ؟ رووناکییەکی زۆر، پرسیارێک لێرە و کەنینێک لەوێ، منیش دەبێ بەرسڤیان بدەمەوە و سەرنجیان رانەکێشم.
من دڵم هێشتا زۆر نەرمە، لە توانامدا نییە رووداوێکی وەکوو ئەوەی دوێنێ بە ئاسانی لە مێشکم دەرپەڕێنم. ئانا-ی نەرمونیان بە دەگمەن دەردەکەوێ بۆیە ئەستەمە یەکسەر لە ده‌رگاوە دەرپڕێ. (پیتەر) دڵی ئەنگاوتووم، زۆر قووڵتر، لەوانەی تا ئێستا لە ژیانمدا روویان داوە، جگە لەوەی کە لە خەودا بینیم! (پیتەر) بەرزەفتی کردم، ناخی دەرهێنام و بەرواژی کردەوە. کەواتە ئەوە روون و ئاشکرا نییە بۆ هەموو مرۆڤێک کە کەسێکی وەها هێمنی پێویستە، بۆ ئەوەی لە ناخەوە پارسەنگ بێتەوە؟ ئۆه (پیتەر) چیت لێکردم؟ چیت لێم دەوێ؟
ئەمانە بەرەو کوێمان دەبا؟ من ئێستا لە (بیپ) تێدەگەم، ئێستا، کاتێک خۆم تێدا دەژیم، ئێستا لە دڵەڕاوکێکەی ئەو تێدەگەم. کە تەمەنم چووەسەرێ و داوای لێکردم شووی پێبکەم، دەبی ئەوکات وەڵامم چی بێت؟ ئانا راستگۆ بە! تۆ ناتوانی شووی پێبکەی! ئەستەمیشە بتوانی دەستبەرداری بیت. کەسایەتی (پیتەر) لاسەنگە، ئەو کەسێکی کەم هەڵوێستە، نابوێر و کەم هێزە. هێشتا ساویلکەیە، لەناخەوە لەمن تەمەنی کەمترە. ئەو تەنها ئارامی و شادی دەخوازێ.
ئایا بەڕاستی من چواردە ساڵم؟ ئاخۆ بە ڕاستی هێشتا کیژێکی فێرخوازی گێژۆکەم؟ ئایا من بە ڕاستی هێشتا لە هەموو بوارەکاندا نا شارەزام؟ من شارەزاییم لەوانی تر پترە، من بە شتێکدا گوزەرام، پێم وانییە هیچ هاوتەمەنێکی من پێی ئاشنابێ.
من لەخودی خۆم دەترسم، دەترسم زۆر بەخێرایی خۆم بکەم بە خەڵاتی ئارەزووەکانم. باشە پاشەرۆژ چۆن دەتوانم لە تەک کوڕانی تر هەڵسوکەوت بکەم؟ ئاخ، چەند سەختە، دڵ و ئاوەز هەمیشە لە ململانێدان، هەر یەکەیان لەکاتی خۆیدا بە پێویست هەڵدەداتێ. بەڵام من دەزانم و دڵنیام لەوەی، کاتێکی گونجاوم هەڵبژاردووە؟
ئانا م. فڕانک

سێشەممە، ٢/٥/١٩٤٤
کیتی گیان!
ئێوارەی رۆژی شەممە لە (پیتەر)م پرسی، ئاخۆ چی دەڵێ ئەگەر من شتێک لە بارەی خۆمانەوە بۆ باوکم بگێڕمەوە. پاش هەندێک بێنەوبەرە ئەویش چووە ژێرباری ئەوەی کە کارێکی دروستە. من بە کاردانەوەکەی خۆشحاڵ بووم، چونکە ئەوە بەڵگەیە لەسەر بێگەردی ئەو. پاش ئەوە یەکسەر چوومە خوارەوە، کاتێ لەگەڵ باوکم چووین بۆ ئاوهێنان هێشتا لەسەر پەیژەکان بووین، پێم گوت:
«بابە، تۆدەزانێ کاتێ من و(پیتەر) پێکەوە دادەنیشین نێوانمان لە مەترێکیش کەمترە. تۆ ئەوەت بەلاوە خراپ نییە؟»
باوکم یەکسەر وه‌ڵامی نەدامەوە، پاش هەڵوەێستەیەک گوتی:
«نەخێر من ئەوەم بەلاوە خراپ نییە، ئانا، بەڵام لێرە لەبەر نەبوونی جێگاوڕێگای شیاو دەبێ زۆر وریابیت …» پاشان شتێکی تری لەو جۆرە گوت و چووینەوە سەرێ. بەیانی رۆژی یەکشەممە بانگی کردم وگوتی:
«ئانا، من دوایی بیرم کردەوە» (منیش ترسێکم پێداهات). «لە ڕاستیدا، لێرە لەم پەناگەیە، ئەوە کارێکی دروست نییە کە تۆ دەیکەی! من پێموابوو ئێوە تەنها هەڤاڵی یەکن. ئاخۆ (پیتەر)یش دڵدارە؟»
منیش گوتم: «ئەوە قسەی تێدا نییە»
«بەڵێ، ئانا، تۆ باش دەزانی من زۆر چاک لێتان دەگەم، بەڵام تۆ پێویستە خۆگییربیت و نەهێڵی ئەو زیادەڕۆیی بکات. ئەوەندە مەچۆرە سەرەوە. پیاوان لەو جۆرە شتانەدا هەمیشە بزێوترن، بەڵام ژنان خۆیان پێدەگیرێ. لە دەرەوەی پەناگە بە جۆرێکی ترە، تۆ لەوێ ئازادی، کوڕ و کچانی تر دەبینی. لەوێ تۆ دەردەچی و سپۆرت و چالاکی دیکە ئەنجام دەدەی. بەڵام لێرە، ئەگەر بشخوازی، ئەوە دەرچوونت نییە. ئێوە هەموو ساتێک یەکتر دەبینن، لە ڕاستیدا هەردەم پێکەوەن. ئانا، زۆر ئاگاداربە و زۆری بەهەند وەرمەگرە.»
«بابە، من وەها ناکەم، جگە لەوەش (پیتەر) کوڕێکی رێکوپێکە. ئەو لاوێکی چاکە.»
«بەڵی وایە، بەڵام ئەو کەسایەتییەکی پتەوی نییە. ئەو زۆر بە ئاسانی مل بە چاکەوە دەنێ بەڵام لەهەمان کاتیشدا مل بە خراپەوەش دەنێ. من هیوای چاکی بۆ دەخوازم، ئەو خاوەند ماکێکی باشە.»
کەمێکی تر پێکەوە دواین و لەسەر ئەوە کۆک بووین کە باوکم لەگەڵ (پیتەر)یش قسەبکات.
پاش نیوەڕۆی یەکشەممە، کاتێ لەسەربان بووین، (پیتەر) لێی پرسیم: «چی بوو، ئانا، لەگەڵ باوکت قسەتکرد؟»
منیش لەوه‌ڵامدا گوتم: «بەڵێ، بەخێرایی بۆت دەگێڕمەوە، ئەو شتەکەی پێ ئاساییە، بەڵام ئەو پێیوایە، ئێرە فراوان نییە و هەموومان بەسەریەکەوە دادەنیشین، بۆیە لەوانەیە ناتەبایی دروستبێت.»
«خۆ ئێمە هەردووکمان کۆکین لەسەر ئەوەی پێکەوە تەبا بین. منیش بەنیازم هەردەم ئەوە رەچاو بکەم.»
«منیش بەهەمان شێوە، (پیتەر)، بەڵام باوکم لەو باوەڕەدا نییە، ئەو پێیوابوو ئێمە هاوڕێین و هیچی تر. تۆ پێت وایە نابێ بەو ئاقارەدا بڕوات؟»
«من، ئەبێ پێدابڕوات. ئەی تۆ؟»
«منیش هەروەها. خۆ بە باوکمم گوت کە من متمانەم بە تۆیە. (پیتەر) من پشت ئەستوورم پێت، بەهەمان شێوەش بە باوکیشم، من پێموایە تۆ شایستەی ئەوەی. ئەی وانییە؟»
« هیوادارم وابێ.» ئەوەی گوت و زۆر شڵەژا و سوورهەڵگەڕا.
«(پیتەر)، من زۆر باوەڕم پێتە. پێموایە تۆ خاوەن کاراکتەرێکی باشی و لەجیهاندا باش پێشدەکەوی.»
تۆزێکی تر قسەی هەمەجۆرمان کرد. پاشان پێم گوت:
«من وای بۆدەچم ئەگەر ئێمە لێرە دەرچووین، تۆ چیترم خەم لێ نەخۆی، من ئەوە دەزانم.»
ئەو بەقسەکەم گڕیگرت و گوتی: «ئەوە راست نییە، ئانا! تۆ هەرگیز نابێ ئەو بۆچوونەم پێڕەوا ببینی!»
لەوکاتەدا بانگیان کردین.
لەو ماوەیەدا باوکم قسەی لەگەڵدا کرد بوو، رۆژی دووشەممە (پیتەر) ئەوەی بۆگێڕامەوە و گوتی: «باوکت پێی وایە، بۆی هەیە لە هاوڕێتییەوە خۆشەویستی هەڵقوڵێ، منیش پێم گوت، ئێمە خۆگییرین، تۆ دڵنیابە.»
باوکم ئێستا دەیەوێ ئێواران کەمتر بچمە سەرێ بۆلای، بەڵام من دژم، پێم گوت، نەک لەبەرئەوەی حەزدەکەم لەگەڵ (پیتەر) بم، بەڵکوو لەبەر ئەوەی متمانەم پێیەتی و پشتی پێدەبەستم. دەمەوێ بەخۆی بیسەلمێنێ کە جێی متمانەیە، من ناتوانم ئەوە بسەلمێنم، ئەگەر متمانەی پێنەکەم وهەر لەخوارەوە بمێنمەوە.
نەخێر من دەچمە سەرێ بۆلای!
لەو ماوەیەدا، دراماکەی (دوسێل)یش کۆتایی هات. ئێوارەی رۆژی شەممە، لەسەر خوانی شێوان، بە بڕێک وشەی جوانی هۆڵەندی داوای لێبوردنی کرد. (ڤان دان) یەکسەر ئاشتبۆوە. هەڵبەتە بۆ ئەو مەبەستە، (دوسێل) هەموو رۆژەکە مەشقی کردووە.
یەکشەممەی رۆژی لەدایکبونەکەی بەئارامی تێپەڕی. ئێمە بوتڵێ شەرابی ساڵی ١٩١٩-مان پێشکەشکرد، ماڵباتی (ڤان دان) (کە دواجار توانیان دیاری پێشکەش بکەن) یەک شووشە (پیکالیلی) و یەک پاکەت گوێزانیان بەدیاری داێی، (کوگلەر) مورەبای لیموی بۆهێنا، (میب) کتێبێک و(بیپ) گوڵ و گوڵدانێگ. ئەویش بەهەریەک لە ئێمە هێلکەیەکی بەخشی.
ئانا م. فڕانک

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...