سەرەکی » دۆسێ » كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌: ئێران ده‌ست له‌كاروباری‌ ناوچه‌كه‌ وه‌رده‌داتپەڕە 2

كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌: ئێران ده‌ست له‌كاروباری‌ ناوچه‌كه‌ وه‌رده‌دات

به‌یاننامه‌ی‌ كۆتایی‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌، « ده‌ستوه‌ردانی‌ ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ عه‌ره‌بی‌» له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێرانیش ده‌ڵێت، كێشه‌كانی‌ ئێستای‌ ناوچه‌كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و «سیاسه‌ته‌ نه‌زۆكانه‌وه‌یه‌» كه‌ سعودیه‌ ده‌یانگرێته‌به‌ر.
له‌ 19ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ خۆیان له‌ قاهیره‌، به‌یاننامه‌ی‌ كۆتاییان ده‌ركرد و تێیدا «ده‌ستوه‌ردانه‌كانی‌ ئێرانیان له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ عه‌ره‌بی‌» له‌قه‌ڵه‌مدا، هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا «حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌»یش به‌ رێكخراوێكی‌ «تیرۆریستی‌» وه‌سفكرا و داوای‌ لێكرابوو، ده‌ست له‌ «بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ توندڕه‌وی‌ و تایه‌فه‌گه‌ری‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباریی‌ ناوخۆیی‌ وڵاتان هه‌ڵبگرێت»، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ كۆمكاری‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیش باسی‌ له‌و تێبینیانه‌ كردبوو كه‌ عیراق و لوبنان له‌سه‌ر بڕگه‌كانی‌ به‌یاننامه‌كه‌ هه‌یانبووه‌.
كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ كۆتایی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌، ئیدانه‌ی‌ هه‌ڵدانی‌ «موشه‌ك دروستكراوه‌كه‌ی‌ ئێران»ی‌ كرد بۆنێو خاكی‌ سعودیه‌ و ئه‌و كاره‌یشی‌ به‌ «هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ عه‌ره‌بی‌» له‌قه‌ڵه‌مدا، «حزبوڵڵای‌ لوبنان»یشی‌ به‌ «تیرۆریست» وه‌سفكرد كه‌ «پشتیوانی‌ له‌ گروپه‌ تیرۆیستییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات».
به‌یاننامه‌ی‌ كۆتایی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ قاهیره‌، هه‌ڵدانی‌ «موشه‌كی‌ حوسییه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێران»یان ئیدانه‌كرد و ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر «مافی‌ شه‌رعی‌ سعودیه‌ كرده‌وه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خاكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌، پشتیوانیشیان بۆ هه‌موو ئه‌و رێوشوێنانه‌ ده‌ربڕی‌ كه‌ له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌وه‌ له‌دژی‌ ئه‌و «پێشێلكاریانه‌ ده‌گیرێنه‌به‌ر له‌چوارچێوه‌ی‌ شه‌رعه‌یتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌».
هه‌روه‌ها كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌، به‌رپرسیارێتی‌ پشتیوانی‌ له‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ خسته‌ئه‌ستۆی‌ «حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌» و له‌گه‌ڵ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانیشدا حزبه‌كه‌ی‌ به‌ «دامه‌زراندنی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ له‌ شانشینی‌ به‌حره‌ین» تۆمه‌تبار كرد.
وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌ب،»دامه‌زراندنی‌ گروپی‌ تیرۆریستیان له‌ به‌حره‌ین ئیدانه‌كرد كه‌ له‌لایه‌ن سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ و حزبوڵڵای‌ لوبنانییه‌وه‌ كۆمه‌ك ده‌كرێن و مه‌شقیان پێده‌كرێت» ئه‌و حزبه‌شیان وه‌ك هاوبه‌شی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ حكومه‌تی‌ لوبنانی‌، به‌ «به‌رپرس له‌ پشتیوانیكردن له‌و گروپه‌ تیرۆریستیانه‌ی‌ له‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بیدا هه‌ن به‌ چه‌كی‌ په‌ره‌سه‌ندوو و موشه‌كی‌ بالیستی‌» تۆمه‌تبار كرد.
كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌، داوای‌ له‌و رێكخراوه‌ شیعه‌مه‌زهه‌به‌ كردبوو «ده‌ست له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ توندڕه‌وی‌ و تایه‌فه‌گه‌ری‌ و ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری‌ ناوخۆی‌ وڵاتان و پشتیوانیكردن له‌ تیرۆر و تیرۆریستان له‌ چوارده‌وره‌ ئیقلیمییه‌كه‌ی‌ هه‌ڵبگرێت».
له‌به‌رانبه‌ردا، به‌هرام قاسمی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران له‌ 20ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017 رایگه‌یاندبوو»چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ئێستای‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌شی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ ده‌ره‌نجامی‌ سیاسه‌ته‌ نه‌زۆكه‌كانی‌ سعودیه‌وه‌ دروستبوون، له‌رێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ ئه‌و بایاننامانه‌وه‌ نابێت كه‌ هیچ گرنگییه‌كیان نییه‌».
قاسمی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشانه‌ی‌ له‌ «وازهێنان له‌ شوێنكه‌وتنی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ قه‌واره‌ی‌ زانیۆنیزم»دا كۆكردبۆوه‌ و به‌پێویستی‌ زانیبوو له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا بكرێت.

«ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش له‌ پێشێلكارییه‌كانی‌ ئێران ئاگاداربكرێته‌وه‌»
وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌، گروپی‌ عه‌ره‌بیان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان راسپاردبوو»پێشیڵكارییه‌كانی‌ ئێران بۆ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش رونبكه‌نه‌وه‌».
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌بو لغه‌یز ئه‌مینداری‌ گشتی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌ دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ رایگه‌یاندبوو»به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ پشتیوانییه‌ك هه‌بوو له‌لایه‌ن هه‌موو وڵاته‌ به‌شداربووه‌كانه‌وه‌ بۆ بڕیاره‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌» .

لوبنان و عیراق تێبینیان هه‌بوو
به‌ وته‌ی‌ ئه‌بو لغه‌یز» وه‌فدی‌ لوبنانی‌ به‌ تایبه‌ت تێبینی‌ هه‌بوو له‌سیه‌ر رۆڵی‌ حزبوڵڵا، و لایه‌نی‌ عیراقیش ئاماژه‌ی‌ به‌ نوسینی‌ ئه‌و سه‌رنجانه‌ كردبوو كه‌ بۆبه‌رده‌م سكرتایه‌تی‌ گشتی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌ پێشكه‌شیان ده‌كات».
جوبران باسیل وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ لوبنان به‌شداریی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌كرد و ئه‌نتوان عه‌زام نوێنه‌ری‌ هه‌میشه‌یی‌ وڵاته‌كه‌ له‌ كۆمكاریی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌جێگه‌ی‌ ئه‌و به‌شداریی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كرد.
لای‌ خۆیه‌وه‌ عادل جوبێر وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هێرشی‌ كرد سه‌ر ئێران و «به‌كرێگیراوه‌كان»ی‌ كه‌ ئاماژه‌كردن بوو بۆ «حزبوڵڵای‌ لوبنانی‌» و حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن.
جوبێر رایگه‌یاندبوو»سعودیه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ ئاشكرایه‌ی‌ ئێراندا ده‌سته‌وستان نابێت و بۆ پاراستنی‌ ئاسایش و سه‌مه‌لاتی‌ گه‌له‌كه‌ی‌ به‌رگری‌ له‌خۆی‌ ده‌كات».
به‌ وته‌ی‌ عادل جوبێر»ئه‌و موشه‌كه‌ی‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ پایته‌ختی‌ سعودیه‌ كرا، كاردانه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ ئێرانه‌ له‌ دژی‌ شانشینی‌ عه‌ره‌بی‌ سعودیه‌، تاوه‌مكو ئێستاش 80 موشه‌كی‌ له‌و جۆره‌ ئاراسته‌ی‌ شاره‌كانی‌ سعودیه‌ كراون كه‌ هه‌موویان هه‌ڵگری‌ ناسنامه‌ی‌ ئێرانی‌ بوون».
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سعودیه‌ پێیوایه‌»بێده‌نگبوون له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی‌ ئێران و به‌كرێگیراوه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌، رێخۆشكه‌رده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو پایته‌خته‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ بكه‌ونه‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی‌ موشه‌كه‌ بالیستییه‌كان».

به‌حره‌ین: لوبنان به‌ ته‌واوه‌تی‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستی‌ حزبوڵڵاوه‌
لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌حره‌ین پێیوابوو كه‌ لوبنان «به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ حزبوڵڵادایه‌ و ئه‌و حزبه‌ش هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانمان تێده‌پڕێنێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عه‌ره‌ب دروست ده‌كات».
به‌ بۆچوونی‌ شێخ خالید بن ئه‌حمه‌د ئال خه‌لیفه‌»كۆماری‌ لوبنان وێڕای‌ پته‌وی‌ په‌یوه‌ندییان وه‌ك وڵاتێكی‌ عه‌ره‌بی‌ برا، و خۆشه‌ویستی‌ و رێزییان بۆ گه‌لی‌ لوبنانی‌، به‌ڵام كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كۆنترۆڵی‌ ته‌واوه‌تی‌ ئه‌و حزبه‌ تیرۆریسته‌وه‌»، كه‌ ئاماژه‌كردن بوو بۆ حزبه‌ شیعه‌مه‌زهه‌به‌ به‌هێزه‌كه‌.
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌حره‌ین ده‌ڵێت»ئێران هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ ناكات، به‌ڵی‌ ئه‌و شه‌ڕ ده‌كات و كاری‌ زۆر ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا باڵی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ و گه‌وره‌ترین ئه‌و باڵانه‌ش كه‌ له‌ئێستادا له‌ هه‌یه‌یه‌، باڵی‌ حزبوڵڵای‌ تیرۆریسته‌».
شێخ خالید بن ئه‌حمه‌د ئال خه‌لیفه‌ وایده‌بینێت»ئه‌و حزبه‌ له‌ بوینان و عیراق و سوریا و له‌ زۆر شوێنی‌ تر بوونی‌ هه‌یه‌، و له‌ یه‌مه‌نیش حوسییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌مڕۆدا گه‌وره‌ترین رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ عه‌ره‌بی‌».
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ به‌حره‌ین، ئێران تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ «زۆر به‌ڕوونی‌ هه‌وڵ بۆ روخاندنی‌ ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و فراوانكردنی‌ هه‌ژمونی‌ خۆی‌ ده‌دات، هه‌موو رێڕه‌وێكیش له‌پێناو گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ ده‌گرێته‌به‌ر».
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ریازی‌ پایته‌ختی‌ وڵاته‌كه‌ له‌ 4ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2017، رووبه‌ڕووی‌ هێرشی‌ موشه‌كی‌ بالیستی‌ حوسییه‌كانی‌ یه‌مه‌ن بۆوه‌، دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر سعودیه‌ داوای‌ سازدانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ رێكخراوی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ كردبوو.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*