سەرەکی » ئاراستە » گوندەکان چیان پێ بەخشین و چیشمان پێ بەخشین؟!

گوندەکان چیان پێ بەخشین و چیشمان پێ بەخشین؟!

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

لێرەدا نامەوێ باس لە گوند، یا ناوچەیەکی تایبەت بکەم، بەگشتی ئاماژە بەوە دەکەم، گوندەکان بە درێژایی شۆڕشی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی چی پێ بەخشین و ئێمەش چیمان پێبەخشینەوە؟ کاتێک گوندنشینان سەرچاوەی ئابووری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بوون، هێزی پاڵپشت و فریاکەوتنە جۆراو جۆرەکان بوون، ماڵیان ماڵی پڕ سۆز و خۆشەویستی بوو بۆمان، ئێمە چیمان دانەوە..؟! ئابوورییەکی پتەو ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان و پردی دروست، خوێندنگە و نەخۆشخانە و کارەباو ئاو، پێم وانیە کاری دروستیان بۆ کرابێت، گوندنشێک ساڵانێکی زۆر لە ئۆردوگا زۆرە ملێکان یان ناو شارەکان بە سیستمێکی تر لە گوزەران و شێوازی ژیان و دنیای شارستانیەت بەم رۆشەوە دونیای تەکنەلۆژیا، چۆن دەتوانن بە گشتی کۆچی پێچەوانە بسازێنرێت بۆ گوندێکی دوور لە خۆشگوزەرانی، کارەباو ئاو و ژیانێکی مودێرنی شارستانی، دەشێ ئەو خانووەی دروست کراوە بۆ هەندێ گوند و ناوی نراوە خوێندنگە، مەرجەکانی خوێندنگەی هاوچەرخی تێدا بێت ..؟ دەشێ ئەو خانووەی بۆ مزگەوت کراوە رەنگدانەوەی سەرەتای چەرخێکی ئازادی بێت و یان تەنیا دوو هۆدە و هەیوانێک و رێزێ پێشەوە؟ ئاخر خۆ لە دنیای ئەوروپادا کەنیسەیەکی بچووک کە تەمەنی بۆ سەدان ساڵ و زۆرتر دەگەرێتەوە، ئێستە بۆتە ئاوێنەی کەلتوری و کەلەپوری خەڵکیناچەکە و دەشێ خوێندنگە دواناوەندیەکان بە پێێ ژمارەی دانیشتوانەکان هاوچەرخانە دروستکرابن، یان بشێ ئاسان کاری لە هێنانە ناوەوەی ئامێر و ماشێنە کشتوکاڵییەکاندا کرابێت و دور لە قۆرخکردن لەلایەن کۆمپانیایەکی باڵادەستەوە و بە نرخێکی هێچ نەبێت بێ قازانج بگاتە دەست گوندنشینان..؟ با واز لە هاوکاری دارایی دەوڵەت بهێنین وەک پاڵپشتێک بۆ ژیانەوەی کشتوکاڵ لە هێنانی ئامێر یان هەر پێداویستیێکی تری کشتوکاڵ، بشێ هەموو گوندنشینان پێیان خۆشبووبێ زەویە بە پیتەکانی کشتیاری باخەکانی میوە، کە گەر نەکرایە بەشی هەموو عێراقی دەکرد و لێشی دەنێردرایە دەرەوە .. بشێ ئەم زەویانە کە بەناوی باخەوە تەلبەند کراون تایبەت کراون بە ئارەزوەکانی تاکە کەسێک و بێ بەرهەم کراون، هەموو گوندنشینەکان پێیان خۆش بێت، ئاخر کەی خزمەتی گوندنشینانە دۆنمێ ترێ، دۆنمێ هەرمێ ، سێو، هەنار، هەڵووژە یان هەر میوەیەکی تر بکرێتە مەلەوانگەیەکی تایبەت یان .. یان..!؟.
ئەو دەمانەی شۆرشگێڕان لە نێو گوندەکاندا هات و چۆیان دەکرد یان کەل و پەلە قورسەکان تەنانەت بریندارەکانیشیان دەگواستەوە گوندنشینەکان تەواوی وڵاخە بارهەڵگر، یا تراکتۆرەکانیان وەک یارمەتی بێ بەرامبەر خستبووە خزمەت شۆڕشگێران و هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە .. ئەی کوا هۆکارەکانی گواستنەی نێوان گوندەکان لە دنیای پێشکەوتوودا .. دونیای حوکمی خۆبەخۆ، ئەی نابینن لە زۆر شوێندا مناڵەکان بە پاتەوە بە قوڕ و لیتاوەکانی زستاندا رێدەکەن ، گوندەکان و گوندنشینان بووژانەوەی ژێر خانێکی کشتوکاڵی درووستیان دەوێت، کردنەوەی کارگە تایبەتمەندەکانی بە بەروبوومی کشتوکاڵیان دەوێت، نەک هەرئەوان بەڵکو خەڵکانێ زۆر لە جەنجاڵی ناوشارەکان و هەوای پیس بێزارن و جارێکی تر بەرەو سروشتی پاکژی گوندەکان دەچنەوە خەڵکانێکی زۆر چۆن جاران بۆ شۆڕش پەنایان بۆ گوند و چیاکان دەبرد ئەمێستا مەیلی هەمان شوێنیان هەیە، وەلێ ئەمجارە بۆ ژیان و کارکردن و بۆ ناو سروشتی رازاوەی گوند و چیاکان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...