سەرەکی » مانشێت » ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دەستیپێكرد و جیهانیش كاردانەوەی هەیە

ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا دەستیپێكرد و جیهانیش كاردانەوەی هەیە

كۆسرەت رەسوڵ: كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنەكان بۆ یەكڕیزیی و روبەڕوبونەوەی مەترسییەكان

دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سوریا راگەیاند. هێزەكانی سوریای دیموكراتیش ئاماژەیان بەوەداوە «فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە باكووری سوریا بۆردومانیان دەستپێكردووە».

هەسەدە:ناوچەی دژەفڕین دروست بكرێت
ئاژانسەكانی هەواڵیش بڵاویانكردۆتەوە، هەسەدە داوا لە ئەمریكا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكات بۆ رێگری لە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا و كورد، ناوچەی دژەفڕین دروست بكەن. وتەبێژی هەسەدەش دەڵێت: بە هەموو شێوەیەك بەرگریی دەكەین.

ترەمپ: ئەمریكا پشتیوانی لە هێرشەكەی توركیا ناكات
ئەم هەنگاوەی توركیاش كاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوبارەیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند: ئەمریكا پشتیوانی لە هێرشەكەی توركیا ناكات.

یەكێتیی ئەوروپا:هێرشەكە رابگیرێت
یەكێتیی ئەوروپاش داوای راگرتنی هێرشەكەی توركیا دەكات.

پوتن: مۆسكۆ دژی ئۆپەراسیۆنەكانە بۆسەر باكووری سوریا
هەرلەوبارەیەوە ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا لە لێدوانێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، رایگەیاند: بە ئەردۆگان-م وتووە مۆسكۆ دژی ئۆپەراسیۆنەكانە بۆ سەر باكووری سوریا، راشیگەیاند: نامانەوێت زیان بە پڕۆسەی ئاشتی لە سوریا بگەیەنرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش كۆدەبێتەوە
فەرەنساو بەریتانیاش داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەن و ئاژانسەكانی هەواڵیش بڵاویانكردەوە «ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لەسەر هێرشەكەی توركیا دەكات».

سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانی دەربڕیوە
بەپێی راگەیەنراوێكی نووسینگەی سەرۆكایەتی فەرەنساش، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە دەربڕیوە.

رۆحانی: داوا لە توركیا دەكەین هێمنانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سوریادا بكات
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە لێدوانێكدا كە ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردۆتەوە، داوای لە توركیا كردووە خۆڕاگربێت و خۆی لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باكووری سوریا بپارێزێت و رێگەی دروست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەدا هەڵبژێرێت.

چیك: رێگریكردن لە هێرشەكە
هەروەها سەرۆك وەزیرانی چیك، داوای لە یەكێتیی ئەوروپا كردووە «هەنگاوی بەپەلە بنێت بۆ رێگریكردن لە هێرشەكەی توركیا بۆسەر ناوچەكانی باكووری رۆژهەڵاتی سوریا».
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی: رێگەگرتن لە گرژیی زیاتر و شەڕ
شایانی باسە، ئێوارەی رۆژی 8/10/2019، لە سلێمانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە و لە راگەیانراوی رۆژنامەوانی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو «پێشهات‌و گۆڕانكارییە خێرا و كتوپڕەكانی رۆژئاوای كوردستان ‌و باكووری سوریا تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو». ئاماژەبەوەشدراوە «پێشهات ‌و گۆڕانكارییەكانی دوو رۆژی رابردوو، مایەی نیگەرانی قووڵن، بژاردەی عەسكەری رێگای دروست نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دۆخەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. بەردەوامبوونی تەنگژەكەش كارەساتی مرۆیی گەورەی لێدەكەوێتەوە و زەمینەش دەسازێنێ بۆ سەرهەڵدانەوەی مەترسییەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لەسەروویانەوە داعش».
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە «مەكتەبی سیاسی رایگەیاند؛ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەناڵە جیاجیاكانەوە هەموو تواناكانی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە گرژیی زیاتر و شەڕ، كە گەلی كوردستان لە رۆژئاوا و گەلانی تری باكووری سوریا دووچاری خوێنڕشتن ‌و كارەساتی مرۆیی زیاتر دەكاتەوە. هەروەك داواش لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكات رێگا لە هەڵكشانی گرژییەكان بگرێت ‌و بەرپرسیارێتی هەموولایەكە، كە هاوكاریی گەلی كوردستان لە رۆژئاوا بكات».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*