سەرەکی » هەمەڕەنگ » كەركوك، كۆڕێك بۆ فۆلكلۆر و داب‌ و نەریتی كوردەواریی

كەركوك، كۆڕێك بۆ فۆلكلۆر و داب‌ و نەریتی كوردەواریی

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

رۆژی 8/10/2019، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری‌و هونەری لەهۆڵی سەنتەری رۆشنبیری كەركوك، کوڕێكی لەژێر ناونیشانی «فۆلكلۆرو داب‌ونەریتی كوردەواری» بۆ نووسەر «هەردەوێڵ كاكەیی» رێكخستبوو.
لەبارەی كۆڕەكەوە سیروان بێلانە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەكە بەكوردستانی نوێی وت: «ماوەیەكی زۆرە گۆڕەپانی رۆشنبیری كەركوك ئەو چالاكییە جۆراوجۆر ئەنجامی دەدەن، بەڵام هیچ كەس‌و لایەنێك ئاوڕ لەفۆلكلۆرو كەلەپوری كوردی ناداتەوە، بۆیە وەك بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری كەركوك بەباشمانزانی ئەم كۆڕە بۆ «هەردەوێڵ كاكەیی» ساز بكەین».
وتیشی: «لەكۆڕەكەدا سێ تەوەر باسكرا یەكەمیان باس لەئامێرو كەرەستە كوردەوارییەكان كرا، دووەمیان باس لەخواردنە كوردەوارییەكان بوو، كۆتا تەوەر بەرارودكردنی ئێستاو رابردو بوو لەڕووی كەلەپورییەوە.
هاوكات «هەردەوێڵ كاكەیی» بەكوردستانی نوێی وت: « هەندێك داب‌ونەریت هەیە شایانی ئەوەن بەئاوی زێڕ بنووسرێتەوە، چونكە سوودی زۆری بۆ كۆمەڵگەی كوردەواری هەبووە لەوانە داب‌ونەریتی خەنەبەندان‌و ژن‌و ژنخوازی‌و زەماوەند.. هتد، چەندین جۆری هەڵپەڕكێی كوردی‌و پۆشاكی كوردیمان هەیە ئەمانەش هەمووی دەچنە خانەی فۆلكلۆرەوە، هەروەها زۆربەی رۆشنبیرانی جیهان كاتێك سەردانی كوردستان دەكەن یان لەكەناڵەكانەوە تەماشای جل‌و بەرگی كوردەواریمان دەكەن حەسادتمان پێ دەبن، چونكە جل‌و بەرگی كوردی بۆ خۆی جیهانێكی تایبەتە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*