سەرەکی » وتار » لۆمەی كەس مەكەن خەتای خۆمانە

لە دەرەوەی كەوانە

لۆمەی كەس مەكەن خەتای خۆمانە

عەبدوڵڵا عەباس

لەگەڵ برای رۆشنبیری بەقەدر كاك حەمەی حەمە باقی لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی دەچووین، بەدەم رێگاوە و بەتایبەتی لە دەروازەی شارو شارۆچكەكاندا سەرنجی تابلۆی شەهیدانی شەڕی دژی داعش-م دەداو لام لە كاكە حەمە كردەوە و لێم پرسی: دەمەوێت بزانم داعش تەنیا دوژمنی ئێمەیە یان وەك میدیاكان دەڵێن: «ئێمەش لەگەڵ گەلانی ناوچەكەدا بەگژ گەردەلوولە رەشەكەیدا دەچینەوە؟»، تۆ سەرنج بدە، ژمارەی فەرماندە جوامێرە شەهیدەكانمان ئەوندە زۆرن، بەناو قوربانییەكانی هەرسی نەتەوە موسڵمانەكانی ناوچەكەدا بگەڕی، گوایە ئەوانیش شەڕی داعش دەكەن، ئەم دیاردەیە نابینیت! سی مانگ چوار مانگ جارێك لە هەواڵەكاندا دەبیستیت ئەفسەرێكی پلە نزم بووەتە قوربانی بەرەنگاریی داعش. كەچی شەهیدانی ئێمە گەیشتۆتە بەرزترین پلەی فەرماندە (لیواو عەمید ‌و عەقید و …هتد). تۆبڵێیت ئەمە بەبێ زامنی سیاسیی سبەینێ بێت؟
لەبەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق و لەچەند شارێكی ئێران وێنەی قوربانییەكانی ئەم شەڕەم بینیوە، وەك بەغدادییەكان دەڵێن: ( كلهم اولاد خایبە – ئەولادی نەگبەت و بێكەسەكان )ن. دوایی پرسیم : تۆ بڵێی ئیرادەی رابەرەكانی ئێمە دەرگای ئەم قوربانیدانەی جوامێر و ئازاكانی گەلەكەمانیان بەبێ زامنی پاشەڕۆژی چارەنووسی نەتەوییمان كردبێت، نەك هەر لەبەر ئەوەی بڵێن كورد ئازان؟! ئەوەبوو لە گەرمەی ئەو شەڕەدا (هادی عامری) بە ئاشكرا سوكایەتیی بە پێشمەرگە كرد؟
ئەوە لەسوریاش تا ئەم چركەساتە تاكی كورد نازنێت بۆچی كورد لەناو هەموو هێز و لایەنەكانی دژبە رژێمی ئەسەددا چووەتە ژێر چەتری ئەمریكاوە؟ بۆ نموونە ئیرادەی سیاسیی كورد لەوێ ئەو چوونە پێشەوەیەی لە ئەمریكا خستۆتە چوارچێوەی (بەڵگەنامەی رێكەوتن و زامنكردنی چارەنووسی لە ناو سوریاییەكاندا)؟
یان ئێمە سوورین دەست لە نەرێت هەڵنەگرین و بنەمای هاوكاریمان لەسەر پەندی : (دوژمنی دوژمنەكەم .. دۆستمە) بنیات دەنێین.
سەرانی توركیا (ئیسلام و پیاوچاك كە شادەماری ئابوورییەكەی بە نەوتی هەرێمەكەی ئێمە پتەوە ) وا كینەی رەشی هەڵڕشت، بڕۆن بەوردی بە هەموو ( ناڕەزاییە نیۆ دەوڵەتییەكاندا بچنەوە) دژی ئەو هێرش ‌و پەلامارەی كە دژی كوردی رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت، یەك رستە ناخوێنیتەوە كە زامنێكی نێودەوڵەتی سبەینی بێت بۆ ئەو هەموو قوربانییەی كورد كە لە رۆژئاوا داویانە، (چونكە لە بنەمادا ئیرادەی سیاسیی كورد خۆی نەیكردووە بە مەرج)، بەڵكو ئەمریكا و ئەوروپا ( بە یەكێتیی ئەوروپا)شەوە، بەئاشكرا ئەم رستەیەیان خستۆتە بەیاننامە ناڕەزاییەكانیانەوە: (ئێمە لە رەوایی مەترسییەكانی توركیا تێدەگەین) و زۆربەیان تەنیا ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە كە (نابێت توركیا پێشێلكاریی بكات بۆسەر یەكێتیی خاكی سوریا)..
بەڵام ئەگەر بێین پشت بە تووڕەیی دوو یان سێ ( كۆنگرێسمان) ی دیموكراتی یان كۆماریی دوژمن و ناكۆك لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ببەستین و بەوە دڵخۆشبین، ئەوە ئەوپەڕی خۆگێلكردنە.
ئەمریكا نیو ئەوەندەی روسیا داكۆكیی لە وجوودی نوێنەری كورد لە دەستەی نووسینەوەی دەستوری سوریادا نەكرد، كەچی هەموو رۆژێك رەخنە لە روسیا دەگرین كە لەگەڵ رژێمی سوریادایەو بەڵام بە درۆكانی ئەمریكاییەكان كەیف خۆش دەبین.
دەبوو ئیرادەی سیاسیی رۆژئاوای كوردستان بە پەیماننمامەی جێ باوەڕو پەسەندكراو لە نەتەوەیەكگرتووەكانەوە (هیچ نەبێت نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە سوریا) كە چارەنووسی كورد لە سوریا بە بەدیهێنانی مافەكانی زامن دەبێت، ئینجا ئامادە بووینایە بچینە ژێر چەتری ئەمریكاوە كە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆری داعش ناسراوە ، بەڵام دەڵێی چی! هەمووجار لە دوا رێكردنی رەوتەكەدا وریادەبینەوە و دەگەڕێینەوە بۆ نزای پڕ لەخەم (خۆمان بە خۆمانمان كرد).
*خۆلاسەی كەلام:
پێناسەی گەرەنتیی گونجاو بە وشەی گونجاو، تۆماركردنێتی لە كاتی گونجاودا- جۆناسان سویفت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*