سەرەکی » دۆسێ » لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرێت

ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەر تێوەگلاون

لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خۆپیشاندەران دەكرێت

رۆژنامەیەكی قەتەری كە لە لەندەن دەردەچێت، ئاماژە بە بەردەوامبوونی لێكۆڵینەوەكان دەكات كە لەلایەن حكومەتەوە لەبارەی كوشتنی خۆپیشاندەرانەوە ئەنجام دەدرێن، بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكەش، لێكۆڵینەوەكان رەنگە ببنە مایەی سڕكردنی ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری گەورە كە هەندێكییان سەر بە نوسینگەكانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی فالح فەیازن.
رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لە راپۆرتێكیدا لە زاری بەرپرسێكی حكومەتی عیراقەوە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بڵاویكردووەتەوە»لێكۆڵینەوەكان دەبنە مایەی پێوەبوونی ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەری گەورە، دوای ئەوەی ئاشكرابوونی هەندێك لە بەڵگەنامە دەنگییەكان كە ئاماژە بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و بروسكەكان دەكەن لەكاتی تەوژمی خۆپیشاندانەكان ودەركردنی فەرمانەكان بۆ هەڵسوكەوتكردن لەپێناو بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانەكان، هەندێك زانیاریی تر باس لە رێگەدان بە هەندێك هێز دەكەن، تا بە دەستڕێژی گوللـە لە خۆپیشاندەران بكەن، بەبێ‌ ئەوەی لەلایەن فەرماندە ئەمنییەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت كە بۆخۆیان ئیمزایان لەسەر كۆنوسی رادەستكردنی تەقەمەنییەكان كردبوو بەو هێزە ئەمنییانە».
بە گوتەی بەرپرسەكە وەك لە رۆژنامەكەدا خراوەتەڕوو»پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای بەگژداچوونەوەی ئاژاوەگێڕی و هێزەكانی (سوات)، لە هەموو هێزەكانی تر سەركوتكارتربوون، وردەكارییەكانیش ئاماژە بە بوونی قەناس بەدەستەكان دەكەن كە سەر بە میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانن و لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا ئەو كەسانەیان كردووەتە ئامانج كە گومانیان هەبوو سەركردایەتی خۆپیشاندەرەكان دەكەن».
عەبدولمەهدی كەربەلائی نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی لە نەجەف لە وتاری هەینی رابردوودا، بەرپرسیارێتی ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەرانی خستبووە ئەستۆی حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان، و دوو هەفتەی وەك وادە دیاریی كردبوو، تا لێكۆڵینەوەی تەواوەتی لە رووداوەكە بكرێت و ئەو لایەنانە ئاشكرا بكرێن كە لە پشت كوشتنی خۆپیشاندەرانەوە بوون، دوابەدوای ئەمەش عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەتی عیراق، فەرمانی بە پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵا كرد بۆ ئەو مەبەستە.
رۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ترەوە لە بەغدا كە ئەویش بە هەمان شێوە ناسنامەی خۆی ئاشكرا نەكردووە، بڵاویكردووەتەوە»ژمارەیەك لە فەرماندەی لیواكان و فەوجەكان، و بەرپرسانی لە نوسینگەی عەبدولمەهدی و نوسینگەی فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، لە پشت دەركردنی فەرمانی تەقەكردن و سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانەوە بوو، بە تایبەتیش لە لەنێوان 3 و 6ی تشرینی یەكەمی 2019».
ئەو بەرپرسە دەڵێت»لێكۆڵینەوەكانی ئێستا، بوونی فەرمان و رێنمایی سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی ئاشكرا كردووە لە گۆڕەپانەكانی تەحریر و تەیەران و نزیك نەخۆشخانەی جوملە عەسەبی و شەقامی فەلاح و گۆڕەپانی موزەفەر و گەڕەكی سەدر لە هەفتەی رابردوو كە لەیەن ئەو فەرماندە ئەمنییە باڵایانەوە دەركراون كە پەیوەندییان بە نوسینگەی خودی سەرۆكی حكومەتەوە هەیە».
بەرپرسەكە دەڵێت»زۆربەی ئەو هێزانەی بەشدارییان لە بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەراندا كرد، تەقەمەنییان لە گەنجینەكانی هێزەكانیان وەرگرتووە، بەبێ‌ ئەوەی روونكردنەوە لەبارەی بەكارهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی پێشتر پێیان بووە بكرێت، ئەمەش بەپێی رێكارە كارپێكراوەكان لەڕێی كۆنوسێكی یاساییەوە دۆكۆمێنت كراوە، ئەو هێزانە تەقەمەنی تر و بۆمبی فرمێسكڕێژ و بۆمبی دوكەڵییان وەرگرتووەتەوە. ئەمەش تەئكیدكردنەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو فەرماندە ئەمنییانە زانیاریی تەواوییان هەبووە سەبارەت بە چۆنیەتی تەوابوونی ئەو تەقەمەنییانەی لە گەنجینەكانیاندا هەبووە».
هەروەها رۆژنامەكە نوسیویەتی»ئەو هێزانەی بەشدارییان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان كرد لە گەڕەكی سەدر، لەوانە پێكهاتبوون كە لە جەنگی دژ بەداعشدا بەشدارییان كردبوو، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە ئەو هێزە شەڕكەرە توندانە لەنێو شارەكاندا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران بەكاربهێنرێن».
بەپێی راپۆرتەكەی رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری»لێكۆڵینەوەكانی ئێستا رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبن لەلایەن بەرپرسان و فەرماندەكان تا بەلاڕێداببرێن، وەك هەوڵێك كە زۆربەیان روو لەوەن بەرپرسیارێتی رووداوەكان بخەنە ئەستۆی هێزەكانی سوپای عیراق كە لەدوای توندبوونەوەی خۆپیشاندانەكان دابەزینە نێو شەقامەكان لە بەغدا و شارەكانی تری باشوور، بەو پێیەی سوپا دامەزراوەیەكی سەربازی گەورەیە و لەسەر هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی حیساب نییە».
بەرپرسە عیراقییەكە دەڵێت»بەڵام هاتنی مەرجەعیەت بۆسەر هێڵی لێكۆڵینەوەكان و داواكارییەكانی بۆ ئاشكراكردنی ئەوانەی تێوەگلاون، ئاسانكاریی دەكات بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكە و دەبێتە مایەی پێوەبوونی زۆرێك لە فەرماندە و بەرپرسە باڵاكان لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران و بەرپرسان لە كەرخ و رەسافە و زیقار».
بەرپرسە عیراقییەكە پێیوایە»هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا و زیقار، لە هەموان زیاتر دەستدرێژیی و یاسایان پێشێل كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك لە بەرپرسە خۆجێییەكان لە پارێزگاكانی قادسیە و زیقار لە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و تەقەكردن تێوەگلاون».
لەم ماوەیەی دواییدا خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق سازكرا، خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكاندا داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بنبڕكردنی گەندەڵی و دۆزینەوەی هەلی كاریان كرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، زیاتر لە 100 كەس كوژران و زیاتر لە 6 هەزار كەسی تر برینداربوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*